تاهیر حەسەن: ئەم شەڕە جنێوەی ئەمڕۆ ناویان ناوە هەڵمەتی هەڵبژاردن سەدجار گەواهی لەسەر ناوەڕۆکی دژی ئینسانی و تاسەرمۆخ کۆنەپەرستانەی بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی دەدات… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ تاهیر حەسەن سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لەو چوارچیوەیەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە بێرێزی و سوکایەتی و ناو زڕاندن و هەڵدانەوەی کارنامەی تاوانکارانەی یەکتری دەستی پێکردوە، چۆن دەڕوانە ئەم نەریتە و ئایا ئەمە نابێتە مایەی مەترسی دروستکردن بۆسەر ئاسایشی خەڵکی کوردستان؟

تاهیر حەسەن: من شکم نییە، ئەگەر دەزگایەکی بێ لایەنی نێو دەوڵەتی لەسەر پێوانەی دژی مۆدێرن بوون و نامۆبوون بە ئینسانیەتی کۆمەڵگەی ئینسانی ئەم سەردەمە، پۆلێنێک بۆ ئەحزابی سیاسی دنیا بکات، ئەحزابی بۆرژوازی کورد ڕیزی خواری خوارەوە جێگای دەبێت. ئەم شەڕە جنێوەی ئەمڕۆ ناویان ناوە هەڵمەتی هەڵبژاردن سەدجار گەواهی لەسەر ناوەڕۆکی دژی ئینسانی و تاسەرمۆخ کۆنەپەرستانەی بزووتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی دەدات. زیاتر لە سێ دەهەیە ملیۆنەها ئینسانیان لە چاوەڕوانی و نادیاری سبەینێدا ڕاگرتووە. زیاتر لە سێ دەهە ژن کوشتن، ڕەواجدان بە کۆنەپەرستی، زیاتر لە سێ دەهە بێکاری و بێ دەرمانی وبێ ئاوی ونائەمنی. زیاتر لە سێ دەهە ترس و دڵەڕاوکێ و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ، زیاتر لەسێ دەهە بێ قانوونی و بێ حکومەتی و ژیانی مەمرەومەژی لەسایەی دەسەڵاتی مافیای کوردایەتی و جۆرەها مشەخۆری ئیسلامیدا. دوای سێ دەهە دزی و تاڵانی ئەمڕۆ خەريکن لە ژێر ناوی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ناشیرینترین وشە، کە تەنیا لە فەرهەنگی ناسیونالیزمی کورددا جێگای دەبێتەوە، بەکار دەبەن. ئەمەش بەدروست خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ کردووەو سەرباری باری گرانی بێ کاری، بێ مووچەیی، بێدەرمانی، خەریکە کابوسی شەڕو نائەمنیش دەخەنە سەر ژیانی خەڵک. ئەم جنێوفرۆشییەی ئەحزابی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات، کە لەئاستێکی فراواندا و بە بودجەی ملیۆنەها دۆلار ئاگاهانە بۆ وروژاندنی ئیحساساتی لایەنگرانیان ئاڕاستە دەکرێت، مەحکومەو دەبێ بکەوێتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکی کوردستان. ئەوان هەر سیناریۆیەک و هەرکەرنەڤاڵێکی درۆ بەخشینەوە دەگێڕن، کەیفی خۆیانە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە جێگای ژیانی خەڵک نائەمن بکەن.

بۆپێشەوە: هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیەکانەی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، هەڵبژاردن بە تاکە رێگای چارەسەری کیشەکانی ناوخۆی هەرێم دەزانن، و بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکەن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئیوە لەو بارەیەوە دەلێن چی؟

تاهیر حەسەن: هەرهێزولایەنێک بانگەوازی خەڵکی کوردستان بکات تا بەشداری سیناریۆی هەڵبژاردن بکەن، بێ شک ئەولایەنە بەرژەوەندی لەمانەوەی هەلومەرجی کارەساتباری ئێستادا هەیە، واتە هەلومەرجی ئێستا بەلایەوە لەژێر پرسیاردا نییەو دەیەوێ ئەویش لەدەسەڵاتی تاڵانی ئێستادا لەڕێگای پەنجە مۆری خەڵکەوە گۆشەیەک بۆ خۆی بپچڕێ. سادەترین پرسیار کە هەرکەسێک دەتوانێ لەخۆی بیکات ئەوەیە: هۆیەکەی چییە ئەمجارە تاکە ڕێگا هەڵبژاردنەو ئەمجارە هەڵبژاردن هەموو کێشەکان چارەسەردەکات؟!. سەیر ئەوەیە هەموو ئەوانەی ئەم ئیدعا بۆش وپێ لەهەوایەیان هەیە، لەسەر وەڵامی ئەو پرسیارە سادەیە هیچ شتێک ناڵێن! ئێوە بۆ تەنیا ساتێکی کەم گوێ بۆ بانگەشەی لایەنەکانی دەسەڵات و چێشتی مجێورەکەی دەرەوەی دەسەڵات هەڵخەن، بزانن هیچیان تەنانەت بەڵێنی درۆش دەدەن بەوەی کە چارەسەری بچوکترین کێشەی ژیانی خەڵکی کوردستان دەکەن!.هەموو هەر خەریکن جنێو بەیەکتری دەدەن، عەبای کۆنەپەرستی مەلا ودین وجەهالەتی سەدەکانی ناوەڕاست بەشاندا دەدەن. خێرە هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنوسسازەو تەواوی کێشەی هەڵواسراوەکانی کۆمەڵگە چارەسەر دەکات؟ ئەم درۆ منداڵانەیە سی ساڵە بێ شەرمانە دەکرێ. لە کاتێکدا بەبەراورد بە خولەکانی پێشووی سیناریۆی هەڵبژاردن، تەواوی فاکتەرە جیهانی و ناوچەیی وناوخۆییەکانی عێراق وکوردستان سەد بەرابەر بە زیانی پێگەی هەرێم وقەوارەی هەرێم ودەسەڵاتدارەتی لەرزۆکی بۆرژوا ناسیونالیزمی کوردە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێ سیناریۆی هەڵبژاردنی ئەمجارە لە هەمووجارەکانی تر پووچترو بێ ناوەڕۆک ترو بێ ئاسۆ ترە. سیناریۆی هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگە دەموچاوی لایەک بەرێتە لایەکی تر، دووگیرفانی قوڵ بدورێ بۆ هەندێک تاڵانچی تر. بەڵام کەمترین ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بەسەر ژیانی ملیۆنەها ئینسانی دەست تەنگی کوردستاندا ناهێنێ وهیچ پارویەی ناخاتە سەر سفرەی خاڵی وبێ ڕەونەقیان، بۆیە دەبێ ڕسوابکرێ.

بۆپێشەوە: وەکو ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا، پاشەکشەی زۆری کردووە تا ئەو رادەیەی سەرانی حزبەکان نایشارنەوە، کە قەوارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت وەڵامدەرەوە بەو دۆخە بێت، بەر بە مەترسیەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا بگرێت؟ هەروەها لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت و دیزاینی سیاسی هەرێم بگۆرێت؟

تاهیر حەسەن: یەکێتی وپارتی بەوهۆیەوە کە پێیان وابوو ئەوهەلومەرجە کاتییەو ڕەنگە وەک ساڵی ١٩٧٤ ماوەیەک بخایەنێت ودووبارە هەلومەرجی پێشوو بگەڕێتەوە، بۆیە تاساڵی ٢٠٠٣ هەرچی داهاتو سەروەتوسامان و کەلوپەلی فەرمانگەکانی دەوڵەت هەبوو بەرەو ئێران فەرهودیان کرد. ساڵی ٢٠٠٣ بوون بەکاراکتەری سەرەکی لەبردنەپێشەوەی سیاسەتی وێرانکاری ئەمریکاوغەربداو بۆ وێرانکردنی عێراق هەرچی لەدەستیان هات درێغیان نەکرد. ئەوێ ڕۆژێ سوپای عێراق هەڵوەشاوە بوو، ڕیزەکانی ناسیونالیزمی عەرەب و دەستەوتاقمی ئیسلامی شیعەوسوننە پەرتوبڵاوو سەرقاڵی بڕاندنەوەی یەکتر بوون. بەمجۆرە هاوسەنگی هێز بەقازانجی یەکێتی وپارتی بوو. بۆیە لە ئاست لووت بەرزی و دەست درێژی و زۆر جار کوێخایەتیاندا، دان بەخۆداگر بوون. یەکێتی وپارتی بێ سڵەمینەوە وبێ پرسی کەس نەوتیان دەفرۆشت، گرێبەستی نیوسەدەیان واژۆ دەکرد وگوێیان بۆ کەس نەدەگرت، میلیشیاکانیان لەسەر بودجەی عێراق دەژیان!. ئێستا ئەوبەهارە بووە بە پایز، ئێستا هاوسەنگی هێز بەقازانجی ناوەند گۆڕاوە. ١٦ی ئۆکتۆبەر دەسپێکی گۆڕانی ئەم هاوسەنگی هێزە بوو، کە هەروا درێژەی هەیە. لەکەس شاراوە نییە ئەوەتا لە ژێرناوی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقدا، هەر ڕۆژەو لەتێک لەدەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی پێشویان دەکەنەوە. لە ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆو دراوسێی باش بین لەگەڵ عێراقەوە، هاتوونەتەسەر فڕکان فڕکان بۆ بەغدا!!!. تەماشاکەن ئەم سیناریۆی هەڵبژاردنە لەم هەلومەرجەدا کە باسکرا خەریکە بەڕێوە دەچێت. ئێستا ئیتر سەخت نییە ئینسان لەوە تێبگات، بۆچی یەکێتی وپارتی و هێزەکانی دەرەوەی ئەوان، کە ناوی ئۆپۆزسیۆنیان لەسەر خۆیان داناوە، هەموو ئاسۆی مانەوەی سبەینێی خۆیان وچارەنووسی خەڵکی کوردستانیان خستۆتە گرەوی گەڕانەوە بۆ بەغدا!. زۆنی سەوزو زەردە ساڵی ١٩٩٨ بەئامادەبوونی بارزانی وتاڵەبانی لە واشنگتۆن دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا خەتەکەی کێشا، بۆ مانەوەی ئەم سنوورە پارەی سەرف کردووە، میليشیای یەکێتی وپارتی چەکدار کردووە، پسپۆڕی بۆ ڕاهێنانیان تەرخان کردووە. شکی ناوێ تا کاتێک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا وەک ناوچەکانی نفوزی سیاسی وئابوری دووبارە پێناسە دەکرێتەوە، ئەم زۆنانە دەمێننەوە. بۆیە مەسخەرەی هەڵبژاردن تەنیا سیناریۆیەکە تا ڕووخسارێکی قانوونی ڕوو بە دنیا بدات بەم گاڵتەجاڕیە. سەخت نیە، تا ئینسان لەوە تێبگات، کە ئەم کابووسە سی ساڵەیە بە دەنگدانێکی پێنج دەقەیی گۆڕی وون نابێت. پێشتر وتم یەکێتی وپارتی کراون بە پاسەوانی دوو ناوچە، زەرد بە پشتیوانی تورکیاو غەرب، سەوز بە پشتیوانی جمهوری ئیسلامی ئێران و ڕوسیا و چین. هەر حزب و لایەنێکی بۆرژوایی ناڕازی لە بەشی خۆی دەیەوێ لەم دەسەڵاتدارەتیەدا بەشدار بێت، لەسەریەتی بێتە نێو ئەو دیزاینی دەسەڵاتدارەتیەوە، کە یەکێتی وپارتی کراون بە پاسەوانی. بۆیە گۆڕینی دیزاینی دەسەڵاتدارەتی و لابردنی یەکێتی وپارتی بە دەنگدان و هەڵبژاردن، جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک شتێکی تر نییە. دەبێ «نا» یەکی گەورەو پڕ شکۆی جەماوەری بەم پرۆسە گاڵتەجاڕیەی سیناریۆی هەڵبژاردن بدرێتەوە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی نەوەی نوێ و بەرەی گەل کە بەڵینی گەورە گەورە بەخەڵکی کوردستان دەدەن؟ هەروەها بانگەوازی خەڵک دەکەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەڵێن ئەگەر خەڵک بەزۆری بەشداری هەڵبژاردن بکەن، پارتی و یەکێتی دەدۆڕێن…لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

تاهیر حەسەن: بەبڕوای من دروست نییە حیزب و جەماعەتەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی بە ئۆپۆزسیۆن ناوزەد بکرێن. ناکرێ جەماعەتێک دەیان ساڵ لەسەر سفرەی دەسەڵاتی تاڵانچێتی ئەو دەسەڵاتە نانی خواردبێ و دەیان کۆمپانیای ڕووتانەوەی کۆمەڵگەی لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا قووتکردبێتەوە، ئێستا پەیامی فریادڕەسی خەڵکی کوردستانی لەم هەلومەرجەی ئێستا لێ قبوڵ بکرێ!!. ئەمانە خۆیان دەورەیەک لەگەڵ یەکێتی وپارتی حکومەتی بنکەفراوانیان پێکهێناو بەشی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەر بێمافی وبێ نانی وبێ کارەبایی وبێ مووچەیی و نائەمنی بوو. خێرە ئێستا نەوەی نوێ کە لەسەر سێڵاوی دەسەڵاتی تاڵانچێتی یەکێتی وپارتی سەوز بووەو لەڕێگای کۆمپانیاکانیانەوە بوونەتە ملیارێر دەتوانن ئەم هەلومەرجە بگۆڕن!. پەیامی نەوەی نوێ چییەو پەیکەرەی ڕێکخراوەیی ئەم هێزە کامەیە تا بکرێ خەڵک چارەنووسی خۆی بداتە دەست؟. تەنیا یەک نەفەر لەسەری سەرەوە وەک کوێخا دانیشتوە و بەپشتیوانی یەکێتی میدیایەکی زەبەلاح وملیۆنەها دۆلاری لەبەردەستدایەو خەریکە خەڵکی هاندەدات پێنج دەقە لەکاتی خۆیان سەرف کەن وبچن دەنگ بدەن بەو!. هەموو پەیامەکاشیان ئەوەیە دەڵێن دەسەڵات درۆ دەکات!!!. لەکاتێکدا هەموو ئەو کاندیدانەی لەدەوروبەری شاسوار عبدالواحیدن، تەنیا یەک ڕستە پێچەوانەی قسەکانی ئەو بکەن، یان سوکە ڕەخنەیەکی لێ بگرن، دەریان دەکات. ئەو خۆی حکومەتە، خۆی دادوەرە، خۆی پەرلەمانە، خۆی کۆنگرەیە، خۆی حزبە!!!!، ئەو هێشتا هیچ کارەیە بەسەدان هەزار کەس کە ئامادە نین مل بەگاڵتەجاڕی هەڵبژاردن بدەن،؟ دەڵێ بەکرێگیراوی دەسەڵات !!. چۆن دەکرێ دەسەڵات بدرێتە دەستی ئاوها کەسێک؟ هونەری دروستبوونی نەوەی نوێ و بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست ئەوەیە، خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان دوای سی وسێ ساڵ ژیانی پڕ ئەسارەت لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وپارتیدا، دەمێکە داڵغەی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە لێیداون. ئەم داڵغەیە بەهەزارو یەک شێوە خۆی نیشان داوەو دەدات، هەر لەنەچوون بۆ دەنگدان، تاخۆپیشاندان، تا ١٧ی شوبات و تا نەبەردی ڕووبەڕوبوونەوەکانی تر. گۆڕان ونەوەی نوێ و هەڵوێست وبەرەی گەل و ئیسلامیەکان بۆ ئەوە دێن تا ئەو داڵغەیەی خەڵک نەبێت بە شۆڕش، لەبری کابوسی ڕووخاندن، ڕێگای هەڵبژاردن بگرنەبەر. ئەرکی ئەو هێزانە تەنیا ئەوەیە ببن بەدەرچەی خاڵی کردنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە هەلومەرجی ئێستاو بۆ ئەم ئەرکە چەند کورسی پەرلەمان وئیمتیازات ومووچەی بەلاش وکۆمپانیا وەربگرن. دەنا وەک پێشتر وتم یەکێتی وپارتی دەنگ بهێنن یان نا، پاسەوانی ئەو زۆنەن کە پێیان سپێردراوە، هەزار وەعدو بەڵێن تەنیا درۆیەکی ڕووتە. ئەوەی کە دەتوانێت تەواوی ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، هاتنە مەیدانی کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستانە بەئاسۆیەکی ڕۆشنی چینایەتیەوەو لەیەک نەبەردێکی چینایەتیدا ئەم نەهامەتیە کۆتایی پێ بێنێت وبۆ هەمیشە دەستی بزووتنەوەی کوردایەتی لەسەر ژیانیان لابەرێت.

بۆپێشەوە: تا هاتووە بەشداری کردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا کەم بۆتەوە، لاتان وایە ئەمجارەش زوربەی زۆری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن؟

تاهیر حەسەن: تەنیا چاوێک لەکڕوزانەوەو هاتوهاوارو ئەوملیۆنەها دۆلارەی بۆ مەسخەرەی هەڵبژاردن سەرف دەکرێت، دەتوانیت لەوە تێبگەیت، کەبەرەی نەچوون و بایکۆت زۆرینەیە. ئاخر خەڵک بچێت چی هەڵبژێرێ. دەسەڵات هێشتا مووچەی مانگی هەشتی نەداوە، بەڵام لەملاوە ملیۆنەها دۆلار بۆ ڕیکلام سەرف دەکات، پارەی قەڵەم ودەفتەرو شیری منداڵانی بەبارمتە گرتوەو داوای دەنگوپەنجە مۆری خەڵک دەکات، ئەوە چ ڕوویەکی قایمە. خەڵک دەزانێ دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات هەر خەریکی فەرهود وڕووتانەوەی کۆمەڵگەن. باشە ئەوەی کە خۆی ناوناوە ئۆپۆزسیۆن ئەوملیۆنەها دۆلارە لە کوێ دەهێنن. بۆیە بەرەی بایکۆت بەرەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیە.

بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دەبێ چی بکەن و بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟

تاهیر حەسەن: ئەوەی کەتا ئێستا بواری داوە یەکێتی وپارتی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەیان بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە تا ئێستا بهێڵنەوە ئەوەیە، خەڵکی کوردستان دەزانن چیان ناوێت، دەزانن یەکێتی وپارتی ودووکان و بازاڕەکانی ئۆپۆزسیۆن نوێنەرایەتی قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئەوان ناکەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەیان پەیدانەکرووە، تا لەڕێگایەوە ناڕەزایەتیەکانیان ئاڕاستە بکەن. دەورەیەک بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد بە ئاسۆی خۆیان، بێ ئاگا لەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕانیش لەهەمان خێزانی یەکێتی وپارتییە، بۆیە شکستی بەناڕەزایەتیەکانی ١٧ی شوبات هێنا. خەڵکی کوردستان نابێ چاوەڕێی هێزێک بکەن بێت ودەرگای ڕزگاربوونیان بۆ بخاتە سەرپشت، کرێکاران ودەست تەنگانی ملێۆنی کوردستان سی ساڵە دەسەڵاتی ڕەنگاوڕەنگی کوردایەتی تاقی دەکەنەوە، ئەوان هەتادێت دەوڵەمەندتر دەبن و بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگەش هەژارتر، کەوایە دەبێ چاوەڕێی نەکەین وخۆمان گەرماو گەرم بکوتین ئاسنمان، ڕاستە نەچوون بۆ دەنگدان، نەخێر وتنی هەقە بە تەواوی سیستەمی سەرەوخواری دەسەڵاتی ئێستا، بەڵام تەنیا بایکۆت کافی نییە، هەر ئێستا کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، لەبری مەهزەلەی هەڵبژاردن، بەهێزی سەدان هەزارکەسیتانەوە یەخەی دەسەڵات داران بگرن و مووچەکانی خۆتان لە قوڕگیان دەربهێنن، مەهێڵن مووچەکانی ئێوە بدەن بە بەرتیلی دەنگ کڕین و کەرنەڤاڵی قێزەونی سیناریۆی هەڵبژاردن، هێزی کرێکاران وزەحمەتکێشان ولاوان و مامۆستایان تەنیا لەیەکگرتن وپشتیوانی یەکتریدایە. هەنگاوبە هەنگاو تا ڕاماڵینی یەکجاری ئەم مشتە مافیایەی کوردایەتی.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.