هەژاری…
هەژاری
هەژاری ئەم کوژێ
هاوڕێی مناڵیمە
بەدرێژایی تەمەن لەگەڵمایە
زستان ئەم چەکێنێ
ئەم گرێنێ
بەجەستەم شارەزایە
لە هەموو دەلاقەکانەوە
چاوەکانیم تێ ئەبڕێ
لەسەر شەقامەکان توڕم ئەدا
وێنە ترسناکەکانی تێکم ئەشکێنێ
ئای لەڕەنگی خۆڵەمێشی ئەترسم
زستانەو چۆقە چۆقی دانم دێ
هەژاری زۆر ئێواران ئەم گرێنێ
بەیانیان زو بەئاگام دێنێ
پارویەک نان… مشتێ خوێن و
بەرداشێک بۆجێی لاشەم
مەرگێکی هێمنی ئەوێ
ئەی مێژوی مرۆڤایەتی
کەی هەژارێ لەبۆنی گوڵ تێر ئەبێ
نەک بۆنی خوێن
کەی هەژارێ لەسەر کورسی دائەنیشێ
پێخەفەکەی جێگاکەی باش دادەپۆشێ
بەدوم کەوە
لەکارگەدا …. لەسەر شۆستە
لە خانوە چینکۆ دارەکاندا
لەو خانوانەی لەش ئەفرۆشن
لەدەرگادە ئەگەر ویستت ئاشنا ببی
دەتوانی لە نەخۆشخانە
لە کۆڵانە شێدارەکان
لە گازینۆ ماندوەکان
لەچەقی بازاڕی جەنجاڵدا
ئەی هەژاری بەدیت ئەکەم
سەلام سعید/ سلێمانی