فەرهەنگی سیاسی لە ناسنامەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم:
بن دیوار: بەو کەسانە دەوترێ معاشی ئیف وەردەگرن لەشکرێکی خەوتو وتەممەڵی بەرسێبەری حزبێکن.
مەسینە هەڵگر: بەو ماستاوچی وئاست نزم و بێ مۆڕاڵانە دەوترێت کە کەسایەتی خۆیان دۆڕاندووە.
کۆیلە: بەو کەسانە دەوترێ کە خاوەنی خۆیان نین لەسەرو خۆیانەوە بەکار دەهێنرێن لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، شانازیش بە کۆیلەبوونی خۆیان و سەرو خۆیانەوە دەکەن.
قەلەم فرۆش: بێ ڕەوشتترین کەسایەتی دەگرێتەوە کە بۆ مشتێ پارە درۆ بە قەڵەمەکانیان دەنووسنەوە.
معاش دز، یان نیومعاش: بەو حزبە دەسەڵاتدارانە دەوترێ کە دەستدرێژی دەکەنە سەر سفرەی خاڵی هەژاران.
چەتە گەرایی: بەو دیاردەیە دەوترێ کە جەردەیی بەسەر خەڵکەوە دەکەن و سەرانە لەخەڵکی وەردەگرن، بە پشتیوانی سیاسی یە باڵادەستەکان لە ناو شارو لە سنورەکاندا.
مەلای دەم پیس: بەو مەلایانە دەوترێ مایکی مزگەوتەکانیان و ڕاگەیاندنیان خراوەتە ئیختیارەوە بۆ سوکایەتی پێکردنی خەڵکی مەدەنی وپێشکەوتووخواز وئەرکی فتوایان لە ئەستۆ گرتوە .
مەلای ژن دز: بەو مەلایانە دەوترێ کە لەڕێی شەریعەتەوە هەموو بێ ڕەوشتییەک بۆ خۆیان بەڕەوا دەبینن و بە کۆمەڵگەش دەڵێت بێ ڕەوشت.
بنەماڵە وخێڵەکی: زیندووکردنەوەی خەسڵەتێکی ناسەردەمیانە و دواکەوتوانەی دەرەبەگایەتییە و لە دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵاتدا لە نێو بنەماڵەی خۆیاندا.
زۆنی زەردو سەوز: داهێنان و دەستکەوتێکی نەتەوایەتی و بزوتنەوەی کوردایەتی یە، دوای شەڕی دەسەڵات “براکوژی” لە پێناو دەسەڵاتدا لە نێوان دوو حزبی زەردو سەوزدا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.
لەدێگەڵە بەملاوە: (لە دێگەڵە بەملاوە) (بۆت نی یە بێیت بەولاوە)
٣١ ئاب: دەستکەوتێکی مێژوویی و شانازییە بۆ حزبە زەردەکە بەهێناوەی حزبی بەعس بۆ کوردستان بۆ چاوسورکردنەوە لە نەیارانی خۆی.
١٧ شوبات: ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەی خەڵکی بەشخوراو بوو کە گۆڕان سەرەتا ناوی لێنا گێرەشێوێنی و پاشان سوار شەپۆلی ناڕەزایەتی ئەو خەڵکە بوو، لە دوا ئەنجامدا کۆمەڵێک گەنجی خوێن گەرمی ئەو شارە بوونە قوربانی و لەوبەریشەوە خۆیان لە گردەکەی زەرگەتە نیشتنەوە.
١٦ ئۆکتۆبەر: چالاکییەکی حسن پلایس بوو وە خیانەتێکی عادەت ئاسای بزوتنەوەی کوردایەتی بوو لە وێنەی ئاشبەتاڵێکی تردا وەک دەستەخوشکێکی ٣١ ئاب کە بە ئیتیفاقێکی سیاسی هاوڕێکانیان لە سەنگەردا بەجێهێشت.
عەمالەتگەری: چاوساغی و پێش لەشکری بۆ وڵاتانی دراوسێ تا قوڵایی ناوچە ئازادکراوەکان و سیخوڕی کردن بەسەر حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران وتورکیاوە، وە زەمینە خۆشکردن بۆ تیرۆر کردنی سیاسی وخەڵکی ئازادیخواز.
دەیگۆڕین!!!: ئەو بانگهێشتە فریودەرانە بوو کە لە گردەکەی نماو چیاوە خەڵکیان هەڵدەخەڵەتان لە پێناو دەست گەیشتن بە قاچێک لە کورسی دەسەڵات.
تابوری ٥: توهمەیەکی بەرەی کوردستانی بوو بە هەر دەنگێکی ناڕەزای و هەقخواز کە دژبە دزی وتاڵانی بەرز بوایەتەوە .
کابینەبازی: هێلانەیەکی کۆکردنەوە ودزینی سەروەت وسامان بوو لە پەڕلەمانی کوردیدا.
قەبرستانی بێ ناونیشان: شوێنێکە بۆ بێڕێزی وتوندوتیژی تیرۆر لەسەر ژنان بە ناوی شەرەفەوە کە دەستکەوتێکی زێڕینی ئەم حزبانەبوو بەدەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن و مەلا کۆنەپەرستەکانەوە.
ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر: یەکێک لە بەنرخترین وتەکانی ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتی جەلال تاڵەبانی دوای کیمیاوی بارانی هەڵەبجە.
کاوان قادر، ڕێبوار حەمە شەریف