بەڵێ بۆ ڕوخانى فاشیزمى ئیسلامی ئێران
بەڵێ بۆ ڕوخانى فاشیزمى ئیسلامی ئێران
عبدالرحمن رسول
ڕوخانى کۆمارى مەلاکان لەئێستادا باشترین چارەسەرە بۆچاسەرکردنى کێشەوقەیرانەکانى خەڵکى کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەوڕژێمە هارودڕندەیە بەدرێژایی ٣٩ساڵە تەخشان وپەخشان بەسەروەت و سامانى سەرزەوى وژێر زەوى کۆمەڵگەی ئێران دەکات. زۆرینەى سوودە داراییەکانى بۆهاوکارى وپشتیوانى حیزب وڕێکخراوە تیرۆریستى وتوندڕەوە ئیسلامییەکانى وڵاتانى تر خەرج کردووە، لەئێستاشدا بەردەوامە لەسەرى. واتە هەرچى ڕێکخراو و حیزب وگروپى توندڕەو و تیرۆریستى ئیسلامی هەیە لەسەر ورگى خەڵکى ئێران دەلەوەڕێت، لەکاتێکدا خەڵکى ئێران ڕووبەڕوى چەندەها کێشەو قەیرانى بێکارى و هەژارى ونەدارى وبێ خزمەتگوزرى بوونەتەوە. وێڕاى ئەوەى بەرپرسە باڵاکانى ئەم ڕژێمە ئیسلامییە زۆرینەیان گەندەڵ ودزن بەردەوامیشن لەگەندەڵى ودزى.
لەئێستادا کەخەڵکى شارەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان هاتوونەتە مەیدانى تێکۆشانى جەماوەرى بۆبەدەستهێنانى ماف وئازادیییەکانیان، بەرپرسە باڵاکانى ئەوڕژێمە ئیسلامییە هەر بەڵێنێک بەخەڵکى خۆپیشاندەروناڕازى بدەن تەنهابۆفرێودانى خەڵکەو هیچى تر لەبەرئەوەى بەدرێژایى تەمەنى ٣٩ساڵەى ئەم سیستەمە ئیسلامیی فاشییە چەندین جار بەڵێنى بەخەڵکى داوە کەچاکسازى دەکات و گۆڕانکارى باشتر بەدى دەهێنێت بۆ خەڵکى ئێران، بەڵام بینیمان هیچى نەکرد تەنهاکێشەو قەیرانەکانى زیاتر کرد بۆ خەڵکى ئێران وکوردستان.
لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانى ڕابردوی ئێراندا بانگەشە بۆ چاکسازى و گۆرانکارى باشتر دەکرا، لەوسیستەمە ئیسلامییەدا، بەڵام بەهۆى ئەوەى کە سەرلەبەرى ئەوسیستەمە ئیسلامییە لەسەرەوە هەتاخوارەوەى فاسدو گەندەڵ و کۆنەپەرست و دژەمرۆڤایەتییە نەیان توانى یەک هەنگاو کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بەرەو ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانى بۆخەڵک بەرن، بەپێچەوانەوە ساڵ لەدوایی ساڵ کێشەو قەیرانەکانى گەشەیان کرد، بێکارى وهەژارى ونەدارى وگرانى زیاتر بوو لەسەر شانى خەڵکى ئێران.
هەرکاتێکیش گەنجان ولاوان ناڕەزایەتییان نیشاندابایە یاخود لەگۆڤارو ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکان ڕەخنەیەکى زۆرسادەیان بگرتایە لەکاربەدەستانى باڵاى وڵات و ناوچەیی شارەکان لەڕووى کەم تەرخەمى وگەندەڵى ودزییەوە ئەوا ئەو گەنج ولاوانە زیندانیکراون و پاشان وئەشکەنجەو ئازاردراون یاخود تۆمەتێکیان بۆدروستکراوەو لەسێدارەدراون. ئەمە ناوەڕۆکى ئەم سیستەمە فاشییە ئیسلامییە کە ٣٩ ساڵە بەزۆرخۆی سەپاندووە بەسەرکۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا.
ساڵ لەدوای ساڵ دۆخی ئابووری ئێران هەڵاوسانى زیاتر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ئەم ساڵ هەلاوسان بە ڕێژەیەکی زۆربەرزبۆتەوە کە زۆرێک لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەى خەڵک چەندین هێندە نرخەکانیان زیادی کردووە. دۆخی ئابووری ئێران تا دێت خراپتر دەبێت، بەم دواییانەش زۆرێک لە خانەنشینکراوەکان و کرێکارانی کارگەکان نزیکەی شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هاوکات بەشێک لە بانکە ناحکومییەکانیش کە پارەی خەڵکیان وەرگرتووە ئێستا مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. ئەم سیستەمە گەنیو و بۆگەن بووە پێویستى بەگۆڕانکارى هەیە بۆئەوەى خەڵک ڕزگارى بێت لەدەست چەوسانەوەو نابەرابەرى وسەرکوت وسێدارە وزیندان.
کەواتە ئێستا پێویستە هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانى خەڵکى ئێران وڕۆژهەڵاتى کوردستان وسەرجەم حیزب وهیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسەریەک خاڵ کۆک ویەکگرتووبن ئەویش ڕوخانى ڕژێمى فاشى ئیسلامیی ئێرانە. ناکرێت ئەوخاڵە بەهیچ شێوەیەک فەرامۆش بکرێت لەبەرئەوەى لەقۆناغى ئێستادا وەحشیگەرى هێزەکانى ئیسلامیی بەهەرجۆرێک بۆى بکرێت لەهەوڵى پاراستنى سیستەمە فاشییەکەى دایە، لەسەرکوت وئیستبداد هیچ سڵ ناکاتەوە. هەربۆیە هەرچى بۆی کراوە کردوویەتى لەبەرامبەر نارەزایەتى وخۆپیشاندانەکانى خەڵکى ئێران هەر لە بڵاوکردنەوەى پروپاگەندەى چەواشەکارى ودرۆینەوە هەتا دەگات بەتەقەکردن وگوللەبارانکردنى خەڵکى ناڕازى دەستى نەپاراستووە. بەگوێرەى هەواڵى بڵاوکراوەکان زیاتر لە ١٧٠٠کەس تائێستا دەستگیرکراون وزیاتر لە٣٠کەسیش بوونە قوربانى وخەڵکێکى زۆریش بریندارە کەلەلایەن هێزەمافیاکانى کۆمارى سێدارەى ئیسلامی ئێرانەوە بەرگوللە دراون.
لەکاتێکدا پرسەو سەرەخۆشى خۆم ئاراستەى سەرجەم بنەماڵەى گیانبەخت کردووان دەکەم بەهیوام دواناخۆشیان بێت، بەهیوام هەرچى زووترە سەرجەم بریندارەکانى بەتەندروستى زۆر باشەوە بگەڕێنەوە ناوخانەوادەو بنەماڵەو هاوڕێیانیان لەهەمان کاتیشدا بەپێویستى دەزانم ئێرانیانى دەرەوەى وڵات بەهاتنە مەیدانیان بۆ سەرشەقام و بەردەم سەفارەتى ئێرانى لەسەرجەم شارەکانى وڵاتانى ئەوروپا وئەمریکا وکەندا پشتیوانى خۆیان لەخواست و داواکارى خەڵکى ناڕازى ئێران وڕۆژهەڵاتى کوردستان بکەن، ئاڵاکانى کۆمارى سێدارەى ئیسلامى بستوێنن وداوای ڕۆشتنى ئەوسیستەم ودەسەڵاتە ئیسلامییە بکەن لەئێران.
دروشمەکانى بڕوخێ، کارە وەحشیگەرییەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران، بەرزبکەنەوە، داوای ئازادى ومافەکانى بۆگەلانى ئێران بکەن. سەرجەم ئەو ڤیدۆیانەى کە بڵاوبوونەتەوەو ئێوەش بینیوتانە کەچۆن سوپا مافیاکەی ئێران، ئازارو ئەشکەنجەی ئەوگەنجانە دەدات کەبەشدارن لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى ئێران. سەرجەم ڤیدیۆکان تەسلیمى نوێنەرانى یەکێتى ئەوروپا ودەوڵەتانى تربکەن وداوایی پیشتیوانیکردنى لەخەڵکى ناڕازى ئێرانیان لێ بکەن. ئەمرۆ خەڵکى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان داوای هاوکارى و پشتیوانى لەسەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخواز و مرۆڤدۆستانى جیهان دەکات، بۆ ئەوەى هەموو لایەک بەیەکەوە نەفرەت لەوجۆرە سیستەمە فاشى وسەرکوتگەربکەن، سەرکەوتوبێ تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی ئێران.
دروشمەکانى خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەر بەگشتى و لە سەرانسەرى خەڵکى ئێراندا بریتین لە نان، ئازادى، کە بە درێژایی ٣٩ ساڵەى ئەم سیستەمە کۆنەپەرستەی ئێران، لە خەڵکی ئێرانی زەوتکردووە. بەردەوام ئازاد ییەکانى قەدەغەکردووە، نان وبژێوى ڕۆژانەى خەڵک سەختربووە. کچان و ژنان هیچ جۆرە ئازادێکیان نەبووە هەربۆیە ئەم جارە زۆر وشیارانە هاتونەتە مەیدانى تێکۆشانەوەو ڕابەرایەتى و پێشەوایی ناڕەزایەتییەکان دەکەن. لچکەکانیان فرێدەدەن و داوای ئازادى جل و بەرگ پۆشین دەکەن نەفرەت و لەچەوسانەوەو نابەرابەرى دەکەن، ئەمە خاڵێکى زۆر ئومێدبەخش و دلخۆشکەرە بۆهێنانەدى ئایندەیەکى باشترو شارستانى وئازاد ئەگەر هەموو لایەک دڵسۆزانە پشتیوانى لەخواست و داوکارییەکانى ژنان وکچانى ناڕازى وسەرجەم خەڵکى ناڕازى ئێران بکەن بەدڵنییایەوە خەڵکى ناڕازى ئێران سەردەکەوێت ئەم سیستەمە کۆتایی پێ دێت.
زیندانیانى سیاسى دەبێ ئازاد بکرێن ئەمەش دروشمى خەڵکى ناڕازى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وخەڵکى ئێرانە. خۆپیشاندان وێنەکانى خومەینی وخامەنییان دەسووتاندن ئەمەش نیشانەى ئەوەیە کەخەڵکى ناڕازى وخۆپیشاندەر وشیارە و ئەزانێت کەتەنها چارەسەر ڕوخانى ئەم سیستەمە کۆنەپەرست ودژەمرۆڤایەتییە هەر بەڵێنێکیش کەبیدەن تەنها بۆفریودانى خەڵکى ئێرانە. ئەمەی ئێستا لەتەواوى ئێران هاتۆتە ئاراوە شۆڕشى برسییەکانە بۆ بەدەستهێنانى نان وئازادى، بێگومان بەدەستهێنانى نان وئازادى لەژێرسایەى بەردەوام بوونى سیستەمى ئیسلامیدا بەدی نایەت، بەڵکو پێویستە ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت پاشان خەڵکى ناڕازى ئەمرۆ لەداهاتوودا خۆیان سیستەمێکى سیکۆلارو شارەستانى وئازاد دوور لەچەوسانەوە دابمەزرێنن.
کەواتە پێویستە گەشە بەناڕەزایەتییەکان بدرێت ئەگەرچى هێزەکانى ئەمنییەکان وبەسیج، بەقامچى وگازى فرمێسکڕێژو تەنانەت گوللەش وەڵامى خەڵکى ناڕازى دەدەنەوە کە دروشمى مردن بۆ ڕوحانى وخامەنیی دەڵێنەوە، بەهێزبوونى ناڕەزایەتییەکان ئەم بەربەستانەش تێکدەشکێنێت. پێویستە تێکۆشەرانى ژنان وپیاوانى ئازادیخوازو یەکسانیخواز لەناوەوەو دەرەوەى وڵات هەوڵ وتێکۆشانى یەکگرتوانەیان بەهێز بکەن بۆئەوەى نارەزایەتییەکان وفشارەکان بەهێزتربکرێن، بۆ ئەوەى بەکەمترین قوربانى و زیان ئەم ڕژێمە فاشییە بروخێت ونەمێنێت. ئەرکى سەرجەم حیزب وڕێکخراوە کۆمۆنیست و سیکۆلارو ئازادیخوازو دیموکراتخوازەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستانە تێکۆشانەکانیان یەکگرتووتربکەن، ناکرێت تەنها هەریەکە بەیاننامە دەربکات بەڵکو پێویستە هەمووان بەیەکەوە، بەدامەزراندنى یەکێتى و هاوخەباتى بەهێزو بەدامەزراندنى پرۆژەو بەرنامەى هاوبەش هەنگاو بۆبەهێزکردنى ناڕەزایەتیەکانى ناوخۆو دەرەوەى ئێران بنێن، لەقۆناغى ئێستادا بەزووترین کات کۆنگرەیەک یاخود کۆنفرانسێکى گشتگیر بۆسەرجەم حیزب وهیزە کۆمۆنیست وسیکۆلارو ئازادیخوازو دیموکراتخوازەکانى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەشداریکردنى کەسایەتى سەربەخۆ سیکۆلارو ئازادیخوازو ڕۆژنامەنووسانى ئازادیخواز بەپێویست دەزانم بۆدیاریکردنى نەخشە ڕێگایەکى سیکۆلارو شارستانى بۆ ئایندەى دوای ڕوخانى سیستەمى ئیسلامى ئێران. ئەمەش لەپێناوى دامەزراندنى سیستەمێکى سیکۆلارو شارستانى بۆئایندەى ئێران وکوردستان خێراترو باشتردەکات بۆچارەسەرى کێشەکان.