کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت!!… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

لە چەند رۆژی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو ئاستی سەراسەری و خۆجێیدا بریاری کشانەوەی لە حکومەتی!! هەرێمی کوردستان دا. دیارە کشانەوە لەحکومەتی هەرێم، بەتایبەتی لە کۆتایی خولەکانی پەرلەمان و سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا، بۆتە خویەک کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ئولفەتی پێوە گرتووە. چ ئیسلامیەکان وەکو کۆمەڵ و یەکگرتوو، چ بزوتنەوەی گۆران لەکۆتایی هەموو خولەکانی پەرلەماندا، پرسی کشانەوە بەدەستەوە دەگرن. واتە لەماوەی چوار ساڵ یان زیاتردا، بەشداری لە حکومەتدا دەکەن و لە خێرو بیری سەرچاوەگرتوو لە بەشداری لە حکومەتدا دەخۆن، بەڵام لە کۆتایی تەمەنی کابینەکانی حکومەت و سەرەتای هەر هەڵبژاردنێکدا، بیریان دەکەوێتەوە کە حکومەت گەندەڵ و دزو ناکاراو نا هاوسەنگ و کۆنترۆڵکرای لایەنێکەو بەو هۆکارەش بریاری کشانەوە دەدەن.

ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە خولەکانی پێشوودا بۆ شان خاڵیکردنەوە لە کاروکردەوەکانی حکومەت و بەڵینەکان و نابەرپرسیاریەتی حکومەت لە بەرامبەر بە دابینکردنی  سەرەتاییترین خواست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لەوانە لە پرسی موچەو بۆ خزمەتگوازرییەکانەوە تا دەگاتە سەرەتاتترین ماف و ئازادییەکانی جەماوەری بەش مەینەتی کوردستان… یان کشانەوە بەدەستەوەگرتنی بەوێنەی کەمپەینی هەڵبژاردن، بووبێت، ئەوا کشانەوەی ئەمجارەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بنەرەتدا بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێت بەکۆمەڵگەی کوردستان بلێن، شکست و پاشەکشەی ئەوان و کوژانەوەی مۆمەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری بزوتنەوەی گۆران لە حکومەتدا. تا لەو ڕیگایەوە هۆکاری سەرەکی داکوژانی بزوتنەوەی گۆران و ئەزمەو هەڵوەرین و لێکترازانی ناوخۆی خۆیانی پێ پاساو بدەن.

دیارە بەشداری هەر حزب و هێزیکی سیاسی لە حکومەت و پەرلەمانی دیکۆر و قورمیشکراوی دەستی حزبدا، دەبێتە هۆکار بۆ بەدیکۆرکردنی ئەو حزب و لایەنە سیاسییەو پاشەکشەپیکردنی، بەڵام هۆکاری شکستی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی و بزوتنەوەی گۆران، هۆکارەکەی تەنها لە بەشداری حکومەت و پەرلەماندا نییە، بەڵکو ریشەی لە هۆکاری بنەرەتی تر دایە…

بزوتنەوەی گۆران، وەکو پارتی و یەکێتی و سۆشیالیست و نەوەی نوێ و …تاد، دەرهاویشتەی بزوتنەوەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی ناسیونالیزمی کوردە… بزوتنەوەیەک کە دەکرێت دەیان حزب و رێکخراوی جیاجیا بۆ ئامانجەکەی پێک بێت، بەڵام بەهەمان ئەلگۆ و بەهەمان ناسنامە، بێ ئەوەی جیاوازییەکی سەرەکی بخاتە ڕوو، تەنها دەتوانێت ئەو ئاکامەی هەبێت کە بزوتنەوەی گۆڕان توشی بووە.

بزوتنەوەی گۆڕان… نە لەپەیوەند بە ئایندەی سیاسی کوردستان و نە لە پەیوەند بە پەیوەندی هەرێم و بەغدا و فیدرالیزم و نە لەپەیوەند بە مامەڵە لەگەڵ مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئازادی بەیان و دەربرین و چاپەمەنی و ئازادی سیاسی… و نە لەپەیوەند بە دەستور و مافی ژن و نە لە پەیوەندی بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و نەلەپەیوەندی بە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو… هیچ جیاوازییەکی بەرجەستەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی نیشان نەدا.. بەوەش لەلایەکەوە بزوتنەوەی کوردایەتی وە بەر نەفرەتکەوتووی جەماوەری لە تورەیی جەماوەری رزگارکرد و هەمیش بەرگری لە مانەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی پارتی و یەكیتی کرد و بە بەڵینی “چوار ساڵ ئارامی” یەکەمین بەشداریان لە حکومەتی پارتی و یەکێتیدا کرد و بەو هەنگاوەش بەکردەوە چووە بەرامبەر بە بزوتنەوەی وەقوڵپکەوتووی جەماوەری ناڕازی کوردستان. هەر ئەو جەماوەرە نارازییەی پێشوتر فریوی گۆرانیان خوارد، ئەمجارە ئەوان گۆرانیان خوارد و وەک هیزیکی سیاسی سفریان کردەوە. ئیستا گۆران لەو پەڕی ئیفلاسی سیاسی خۆیدایەتی.

گۆران توشی هەڵوەرینێکی ئابڕوابەرانە بوو، دەیان کەسایەتی بەرجەستەیان، پارتی لوشیدان و ژمارەیەکیان گەرانەوە ماڵە باوان و ژمارەیەکی یەکجار زۆریشیان، سەرگەردان و بوونە قوربانی خۆش خەیاڵیان بە بانگەشەکانی” دەیگۆرێن”. دواتر مردنی نەوشیروان مستەفا و ئاشکرا بوونی گوێزانەوەی میرات و خاوەندارێتی گردەکە بۆ کوڕەکانی، لەلایەکەوە درۆی خاکی بوون و گەندەڵ نەبوون و هەژار بوون و هەژارانە ژیانی و درۆی وەستانەوە بەرووی تەوریسی سیاسیایدا، دەرکەوت و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پێگەی ئەو کاراکتەرە لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا سفر بکاتەوە.

بەرگری بەشی زۆری سەرکردەو کادرەکانی گۆران و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم سکانداڵە سیاسییەی نەوشیروان مستەفا و بێ سەرمانەوەی گۆران… گۆرانی بەدواین خاڵی پاشەکشە و مردار بوونەوە و شەق بوون گەیاند. ئیستا کەس حەسودی بە گۆران نابات و شانسی هەڵسانەوە و پێگرتنەوەی گۆران بە گۆڕینی رێکخەرو جێهێشتنی گردەگەو حکومەت و پەرلەمان، بە جێگایەک ناگات. ئەگەر گۆران بیەوێت بەر بەو داڕمان و روخانە بگرێت، بەر لەهەموو شت دەبێ جیاوازییە بنەرەتیەکانی خۆی لەگەڵ پارتی و یەکێتی لەسەر پرس و مەسەلە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە ڕوو، وە بەکردەوە نیشانی بدات، خاوەنی دونیا بینی و پرۆژەیەکی تەواو جیاواز لە پارتی و یەکێتی و هەڵگری لانی کەمی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکانە. ئایا ئەوە بۆ گۆران دەکرێت، پێکهاتە و تایبەتمەندی چینایەتی گۆران، رێگرە لەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.