هۆشیاری ژنان خەباتە بۆ یەکسانی نەک بەشداری لە هەڵبژاردن! نووسینی: شیرین ئەحمەد
لەگەڵ دەسپێکی بانگەشەی سیناریۆی بەناو هەڵبژاردن، هەڵمەتێکی تر دەستی پێکرد بۆ هاندانی ژنان، تا “بێنە مەیدان” و بە دەنگدان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە کاندیدە ژنەکان بدەن بۆ پەرلەمان. ئەم هەڵـمەتەش بە “هۆشیارکردنەوەی ژنان” ڕاگەیەندراوە.
بەر لە لێکدانەوە، دەکرێت تەماشایەکی ئەزموون بکەین: لە مێژووی ٣٢ ساڵی پەرلەمانی کوردستان، هەمیشە پەرلەمانتاری ژنانی تێدا بووە، لە سەرجەم لایەنەکانی بەشداربووی پەرلەمان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیونەوە. سادەترین پرسیار ئەوەیە، کە ڕۆڵی ئەم پەرلەمانە لە پەیوەند بە پرسی ژنانەوە چی بووە؟ یان ئەم پەرلەمانتارە ژنانە چەندە توانیویانە نەخشیان بێت لە گۆڕانکاری بەرەوپێشچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە گشتی و ژنان بەتایبەتی.
ئەوەی دیارە و ئەزموونکراوە، ژیان و گوزەرانی ژنان دژوارتر بۆتەوە. هەروەها پەرلەمان وەک دەزگایەک بۆ زیاتر بێ ماف کردنی ژنان دەبینرێت، لە داڕشتنی یاسای فرەژنییەوە تا بە یاساییکردنی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان. ڕۆژانە مەلاکان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بێ ڕێزی بە ژنان دەکەن و لە هەوڵی ئەوەدان، ژنان بەرنەوە کونجی مال. پەرلەمانتارانی ژنان لە کوێ بوون و بۆچی بۆ تەنها جارێک نەهاتنە دەنگ و هەوڵی دانانی سنوورێک بن بۆ ئەم تەحقیرە؟ یان قسەیەکیان نەبووە لە پەیوەند بە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و کوشتنیان؟ گەر لەم مێژووی سی ساڵەدا پەرلەمان و پەرلەمانتارانی ژنان ڕۆڵێکیان لە بەرژەوەندی ژنان و مافەکانیان هەبووایە، لە کوردستان گۆڕستانی ژنانی بێناونیشان نەدەبوو.
لە ئێستاشدا لە سایەی دەسەڵاتی کوردایەتی و شەراکەتی ئیسلامییەکان، بەردەوام کۆمەڵگەی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی جددی گەڕانەوەی پاشەوپاشە. ئاخۆ ئەم خانمە پەرلەمانتارانە لەکوێن، کاتێک کوردستان لە سایەی ئەحزابی کۆنەپەرستی و دژە ژنانەوە، باندەکانی بازرگانی بە جەستەی ژنانەوە زیادی کردووە و ژنان و منداڵان وەک کاڵا بازرگانیان پێوە دەکرێت؟ بەجیا لەم پرسیارانە، هیچ بابەتێک هەیە لە پەیوەند بە ژنان و مافەکانیانەوە، کە پەرلەمان و پەرلەمانتارانی ژنان بتوانن وەک نمونەیەک نیشانمان بدەن؟
وەڵامەکان بە ڕۆشنی دیارە، کە ڕۆڵی پەرلەمان بەرانبەر بە ژنان زۆر نەرێنی بووە و نەخشی پەرلەمانتارانی ژنانیش بێ دەربەست بووە. کاتێک ئەمە ئەزموونی سی ساڵی ڕابردووە، لە پێناو چی ژنان بەشداری هەڵبژاردن بکەن؟ چ ئومێدێک لە پەرلەماندا هەیە، کە ژنان هەوڵی گەشتنی بۆ بدەن؟ ژنانی کوردستان چی دەستکەوتێک لە بوونی ژنانی پەرلەمانتار دەچنەوە؟ کاتێک پەرلەمان دەزگایەکە بۆ بێ مافی کردنی ژنان، زۆربوون یان کەم بوونی ڕێژەی ژنان چی لە بابەتەکە دەگۆڕێت؟ لە هەر گۆشەنیگایەکەوە تەماشا بکەیت، هیچ هۆیەک نادۆزیتەوە هاندەر بێت بۆ بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکان.
هۆشیارکردنەوەی ژنان لە دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردنەکاندا نییە، بەڵکو لە بەدەستهێنانی مافی ئازاد و یەکسانییە. گەر بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا گەشتن بە ئازادی و یەکسانی سەخت بێت، ئەوا لانی کەم بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن، ژنان دەتوانن خۆیان لەم سیناریۆیە بەدوور بگرن. ژنانی کوردستان بە بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن دەتوانن نیشانی بدەن، کە بەشێک نین لەو سیستەمەی ژنان بێ ماف دەکات.
بەشداری کردن لە هەڵبژاردن بە مانای بەڵێ وتنە بە دۆخی ئێستا و پەنجەمۆرە بۆ درێژەدانی. بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن، واتە دەربڕینی ناڕەزایەتی و شەریک نەبوون لەگەڵ دۆخی ئێستا، لە هەمان کاتدا بە مانای هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی تری خەبات بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ لە دۆخی نالەباری ئێستای ژنان و کۆمەڵگەی کوردستان. لە ئێستادا هەنگاوەکان بەرەو گەیشتن بە یەکسانی، خۆجوداکردنەوە لە سیناریۆی هەڵبژاردن لە خۆدەگرێت.