ئیدریس مستەفا: تەنها ئەڵتەرنەیتڤ بۆ سیستەمی پەرلەمانی ئەو بەدیلەیە کە دەبێ لە دەرەوەی سیستەمەکە بێت… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ئیدریس مستەفا شرۆڤەکاری سیاسی سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: بەپێی مەرسومی سەرۆکی هەرێم!! ٢٠/١٠ دیاریکراوە بۆسازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…سەرەتا دەپرسین، ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت؟

ئیدریس مستەفا: تا ئەم ساتە دیارە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. مەگەر رووداوێکی گەورەی نیوخۆیی وەک کودەتا یاخود ناوچەیی وەک هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە وەک ئیستا ترسی هەڵایسانی هەیە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵاوە.

بۆپێشەوە: مەرسومی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم دوای چەند جار دواخستن و دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر لە نێوان پارتی و یەکێتی و سەردانی بەغداو پاشان ئیران دەکرا، چۆن دەروانە رۆڵی ئیران و وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە؟

ئیدریس مستەفا: لە راستیدا ئێران رۆڵی سەرەکی و دەتوانم بڵێم تەنهایی ناوچەکە دەگێڕێت بەوپێیەی ئێران نزیکترین و بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ شیعە و کورد هەیە کە دوو کۆڵەکەی بەهێزی هەڵبژاردنن. رۆڵی ئێران هەر وەک ئەمریکا و وڵاتانی تر ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە بوو لە وادەی خۆیدا. لە رووی تەکنیکیەوە لەوەناچێ رۆڵیان هەبێ، بەڵام وەک ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ئەوا بۆ ئێران کەم لە مەسەلەکە دەگۆڕێ. هەر هیزێک بیباتەوە هەمان پەیوەندی دەبی لەگەل ئێران و وڵاتانی ناوچەکەدا.

بۆپێشەوە: ئیستا کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بڕیاری لێ نەدراوە، کەچی بە کردەوە لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دەستیان کردووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و خەریکن فایل و دۆسیەی تاوانکارانەی یەکتری هەڵدەدەنەوە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

ئیدریس مستەفا: تۆمەتبارکردن و نابودکردنی یەکتر نەک هەر شتێکی تازەی ئەم هێزانە نییە، بەڵکو بەشێکە لە بوونی سیاسی و حزبیان. بگرە گەر ئەمە نەکەن ئەوە نیشانەی پرسیار دەبێ؛ بەڵام ئەوەی شتێکی سەیرە لەم نێوەدا ئەوەیە کە هیچ پارت و هیزێکی تر نییە لە دنیادا باسی تاوانکاریەکانی یەکتر بکەن بە ناو و شوێن و ژمارەوە. بەختی ئەم هێزانە لەوەدایە کە لە وڵاتێکدا کەس نییە لێیان بپرسێتەوە لەسەر ئەو تاوانکاریانەی لە زاری خۆیانەوە دێنە دەر.

بۆپێشەوە: هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، هەڵبژاردن بە تاکە رێگای چارەسەری کیشەکانی ناوخۆی هەرێم دەزانن، چۆن دەروانە ئەو بۆچوونە؟

ئیدریس مستەفا: لە راستیدا ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە لە بنەرەتەوە، کە لە دنیای سیاسەتدا بە سیستەمی وێست مینیستەر لە قەلەم دەدرێ کە لەو ناوچەیەی لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە هاتۆتە دنیاوە، لە بۆ راکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان دروست بووە. ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە بۆ ئەوە دروست بووە دەستکاری کۆڵەکەکانی نیزامی سەرماداری و پێکهاتەی چینەکەی نەکات و تەنها لە سەرخاندا ئاڵوگۆر دروست بکات کە بریتیە لە دەستاودەستکردنی هێز لە لایەن حزب و لیستە سیاسیەکانیەوە. ئەوەی لە کوردستانیش دەنگۆ هەیە گوایە ئەم هەڵبژاردنە جیا دەبێ و ئاڵوگۆر دروست دەکات، چونکە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتیان بەسەریدا ناشکێ بەو حوکمەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان نەماوە و تەکنیکی دەنگدان وادەکات پارتی و یەکێتی نەتوانن دەنگی زۆربە بۆخۆیان دابین بکەن، ئەوە وەهمێکی گەورەیە. دوو خاڵ لەم بارەیەوە گرنگە: یەکێتی و پارتی هەر لە لوتکەی هێزدا دەمێننەوە؛ دووەمیش دەنگدان وەک لە رابردوودا هیچ کێشەیەکی سەرەکی چارەسەر نەکردووە هەر ئاواهاش گەر هیز و لیستی تریش بێن، واتە ئەوەی کە لەبەر چاومانە و دەیانبینین، ئەوا چارەسەری هیچ کێشەیەکی سەرەکی وڵات ناکات گەر بەرەو قوڵبوونی زیاتری نەبەن.

بۆپێشەوە: وەکو ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا، پاشەکشەی زۆری کردووە تا ئەو رادەیەی سەرانی حزبەکان نایشارنەوە، کە قەوارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت وەڵامدەرەوە بەو دۆخە بێت، بەر بە مەترسیەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا بگرێت؟

ئیدریس مستەفا: بە پێچەوانەوە ئەم هەڵبژاردنە نیشانەی بەهیزی سەنتەر پیشان دەدات، نەک بەهێزی هەرێم، چونکە هەرێم (بەتایبەت پارتی) لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا نەبوو بەتایبەت لەم سات و کاتەدا، بەڵام بەهۆی فشاری حکومەتی مەرکەزی و خودی ئێران و ئەمریکاش هەرێم چووە پاڵ ئەم هەڵبژاردنە. قەوارەی هەرێم لە مێژە کاتێک لەبەردەم مەترسیدا دەبێ کە هیزێکی جەماوەری راستەقینەی نوێنەری خەڵک دەسەڵات بگرێتە دەست و تاکو ئیستاش ئەمە بوونی نییە. واتە مەترسی لەسەر هەرێم نییە، چونکە هەریم دەبوو هەرێمێک بێت برازێتەوە بە نەخشاندنی چەند ستراتیجیەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی وەها کە نوێنەرایەتی قەوارەیەک بکات کە خەڵکەکە ناسنامەیەک و رەگەزنامەیەک و مێژوویەکی جیاوازتری هەیە لەو عێراقەی بە فیدراڵ لە قەڵەم دەدرێت.

بۆپێشەوە: لە پێنج خولی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا، دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات روینەداوە، هەرێم هەر دابەشی دوو زۆنی و دوو دەسەڵاتە” پارتی و یەکێتی” لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت و دیزاینی سیاسی هەرێم بگۆرێت؟

ئیدریس مستەفا: خۆزگە وادەبوو بەڵام… ئەوە تەنها کاتێک نیشان دەپێکی کە ئۆپۆزسیۆنەکەی جیاوازتر بێ لە دەسەڵاتەکە. ئەو هێز و لیستانەی دەڵێن پارتی و یەکێتی دەردەپەڕێنین لە پەرلەمان و حکومەت لە هەموو روویەکەوە گەر وەک ئەو دەسەڵاتە نەبن ئەوا باشتر نین، بگرە لە هەندێ رشتەی سیاسی و ئاینی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا ئەو ئۆپۆزسیۆنە کۆنەپەرستتر و گەندەڵتر و ناسیاسی تر و بێ وەعدترە. ئەوانە چ وەک کەسێتی و چ وەک لیست پێشتر دەست وپەنجەمان لەگەڵدا نەرم کردوون و دەیانناسین. ئەمە لە لایەکی، لە لایەکی ترەوە، ئەستەمە ئەو دیمەنە بێتە بەرچاو کە پارتی و یەکێتی بچنە ماڵەوە یاخود حکومەت و دەسەڵات تەسلمی ئەوانی تر بکەن. خاڵێکی تر ئەوەیە کە گومانی زۆر هەیە تەنانەت گەر بە مەنتقیش سەیری بکەی هەندێ لەو کەسێتی و لیست و هێزانە سەر بە خودی یاخود لە ژێر نفوزی پارتی ویەکێتیدا بن بەتایبەتی پارتی. بەم هەموو تێکەولێکەیەوە هەر ئاڵوگۆڕێکیش رووبدات ئەوا بەرەو باشتر بوون نییە، بەڵکو بەرەو خراپترە یاخود بە لایەنی کەمەوە خولانەوە لە بازنەیەکدا دەبێ و کەوانەیە بازنەکان بگۆڕێن، بەڵام خولانەوەکان هەمان خولانەوەیە. بۆیە گۆڕینی دیزاینی سیاسی هەرێم تەنها بە دوو شتەوە بەندە. یەکەمیان، یان هیزێکی شۆڕشگێڕی جەماوەری خاوەن میتودی فکری و سیاسی کە لای من ئەو هیزە دەبێ عەلمانی یا مەدەنیەت یا چەپێکی واقعی ناس بێت کە خوێندنەوەی بۆ هەر گۆشەیەکی ئەو کۆمەڵگەیە هەبێت. دووەمیان یاخود رووداوێکی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا رووبدات کە وەرچەرخان لەگەڵ خۆیدا بهێنێ و ئەمانیش لەگەڵ خۆیدا بپێچێتەوە. ئەو دەمیش هەر دەبێ هیزێکی رێکخراوەیی هەبێ بۆ پاش رووداوەکان ئەگەرنا لەوانەیە خراپتر روومان تێ بکات.

بۆپێشەوە: لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرجەم حزب و لایەنە بەشدارەکان، دەیان بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەن کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان باش دەکەن، کەچی دوای هەموو هەڵبژاردنێک دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەک باش نابێت خراپتر دەبێت، لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت هیچ بار گرانیەک لەسەر شانی هاوڵاتیان لاببات؟

ئیدریس مستەفا: مەسەلەی بارگرانی یاخود قورسی گوزەران ئەوە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە بارودۆخی ئابوری عێراقەوە. پەرلەمانەکان تەنها دەتوانن بودجەی وڵات دیاری بکەن لەسەر بنەمای داهاتی ساڵانەی ناوخۆیی کە بە ئینگلیزی پێ دەڵێن (GDP) Gross Domestic product.

لە هەرێمی کوردستان، یەکێک بگرە گرفتی گەورە ئەوەیە کە داهاتی ساڵانەی وڵات ناخرێتە خەزێنەی حکومەتەوە تاکو لەوێوە پەرلەمان بڕیار لەسەر بودجەیەک بدات بۆ ساڵی دادێ کە ئیتر لەویوە ئاستێک لە گوزەرانی ژیان دیاری دەکرێت و کەمێک بارگرانیان لە کۆڵ دەبێتەوە. هۆکارەکە ئەوەیە کە پەرلەمان وەک هەر دەزگایەکی تری وڵات بێ ئیرادەیە و هیچی لە دەستدا نییە و پارتی و یەکێتی بەتایبەت پارتی لەوەناچێ لێگەڕێ لیست و هێزی تری پەرلەمان بە ئازادانە بکەنە سەکۆی خۆیان و هەموو سەروەت و سامانی وڵاتیان بچێتە بەردەست و حوکمی هەریم بکەن. گریمان پەرلەمان چووە دەستی ئەوەی پێیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن ئەوا هێزی سەربازی و سەرچاوەی سامانە سروشتیەکان و بیرە نەوتەکان لە دەستی هەردوو هیزی دەسەڵاتداردا دەمێنێتەوە بەتایبەی لە ئیستادا قسەوباس هەیە لەسەر پڕ چەککردنی هێزی پێشمەرگە کە هەموان دەزانین ئەو هێزە سەر بە پارتی و یەکێتین.

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە پارتی و یەکێتی، لە هەڵبژاردنەکاندا مل بەدوڕان دەدەن و دەسەڵات رادەستی هێزی براوە دەکەن؟

ئیدریس مستەفا: پێم وابێ نیوەی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی سەرەوەدا دایەوە؛ بەڵام گەر بە راشکاوی بڵێم ئەوا ئێجگار زەحمەتە پارتی و یەکێتی مل بە دەستاودەستی دەسەڵات بدەن. ئەوە دروستە کە ئاستی تەکنیکی و چۆنێتی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە وەک باسی دەکەن لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی و یەکێتیدا نابێ و ئەنجامەکان هەموو شتێک ساغ دەکاتەوە گوایە چاوی عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی لەسەرە، گریمان ئەمەش وابوو ئەوا ئەو دوو هیزە دۆڕان لە هەڵبژاردندا، بەڵام جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵات هەر لە دەستی ئەواندا دەمێنێتەوە و ئامادەنین بۆ رۆژێکێش دەسبەرداری ببن و بگرە وڵات دەکەن بە گۆماوی خوێن گەر بزانن ئەو جومگانە لە ژێر دەستیان دەردەهێنن مەگەر بڵێم چی… یەعنی ئەو ئەزمونەی ئێمە هەمانە لەگەڵ ئەو دوو هێزەدا و خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ رابردوی شاخ و شاریان هەر ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەمانە ئەستەمە بە ئاشتی واز لە دەسەڵات بهێنن.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی نەوەی نوێ کە بەڵینی گەورە گەورە بەخەڵکی کوردستان دەدات؟

ئیدریس مستەفا: تەنها خەسڵەتێک کە لەو هەرێمەدا هەیە ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنەکەی بەرهەمی ئەو دەسەڵاتەیە واتە کەسایەتی و لیست و هیزەکانی لە هەناوی خودی ئەو دەسەڵاتەوە هاتۆتە دەر، بۆیە ناتوانێ هیچ ئاڵوگۆڕێکی جدی لە دیمەنی سیاسی وڵاتدا بکات گەر بیشی باتەوە. رۆڵی لە رۆڵی دەسەڵات باشتر نابێ گەر واوەتر نەبێ. ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن بوونی پەرلەمانی گەر هەرچەندە خۆی جیاواز پیشان بدات ئەوا ناتوانێ رۆڵێکی جەوهەری جیاوازتر لە دەسەڵات ببینێ و بگرە لەوانەیە ئەمجارە خراپتر لە ئەزمونی بزووتنەوەی گۆڕان گورزێکی تری کوشندە لە هیوا و ئاواتی خەڵکی بدات بۆ گۆڕانێکی تر.

قسەکردن لەسەر نەوەی نوێ بەرەو هەندێ شتی ناسیاسیمان دەبات کە باس کردنیان نزمیەک بە ئاستی قسەکردن دەدات؛ چونکە هیچ کەسێتی و هێز و لیستێک لە کوردستاندا وەک کەسی یەکەمی ئەو بزووتنەوەیە بە گەندەڵێ و فێڵ و فەرەجەی ئاشکرا دەستی پێ نەکرد، ئەمە جگە لەوەی خاوەن هیچ میتۆد و بەرنامە و رۆئیایەکی سیاسی نییە و ئەوەی خۆی و لیستەکەی دەیڵێن و دەیکەن هەر قسەکردن و فرەبڵێێی سیاسی و هاشوهوشە. ئەو باکگراوندەی نەوەی نوێی لێی هاتۆتەدەر پێش ئەوەی دەسەڵاتی بگرێتە دەست زۆر لە دەسەڵاتەکە خراپتر کاری کردووە و دەستی چۆتە ماڵی خەڵک. هەر چاودیڕێکی سیاسی گومانی ئەوە دەکات ئەو وشە و دەستەواژانەی ئەو بە کەسێتیە یەکەمەکانی دەسەڵاتەکەی دەڵێ و دەهێڵن ئاوها بە ئاسانی بەسەریدا بڕوات ئەوا بۆنی شتێک دەکەیت کە ئەو لیستە پشت قایمە بە هێزێک یاخود کەسێتیەک.

بۆپێشەوە: تا هاتووە بەشداری کردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا کەم بۆتەوە، هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵک چییە؟ لاتان وایە ئەمجارەش زوربەی زۆری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن؟

ئیدریس مستەفا: لە راستیدا کەم بوونەوەی ژمارەی دەنگدەر لە هەڵبژاردەکاندا دیاردەیەکی جیهانی رۆژئاوایە و بگرە لە هەندێ وڵات لەوانە ئوسترالیا گەر نەچی بۆ دەنگدان لێپرسینەوە و تەنانەت سزاشی لەسەرە و هۆکارەکەش بێهیوایی خەڵکە بە مەسەلەی هەڵبژاردن و سیستەمی پەرلەمانی. کوردستانیش بەشێکە لەو دیاردەیە جیهانیە و بگرە خراپتر. دیارە ناتوانین بەراوردی سیستەمی هەڵبژاردن و پەرلەمانی ولاتێکی وەک ئوستورالیا بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە جەوهەردا هەمان بێ هیویاییە و رێژەی بێ هیوایی خەڵک بە هەلبژاردن لە کوردستان گەیشتوۆتە ئاستێکی باڵا و خەڵک چیدی بێ هیوا بووە لەهەر مەسەلەیەکی هەڵبژاردن.

لەوانە ئەمجارە رێژەیەکی باش لە خەڵک بچن بۆ دەنگدان ئەویش بەهۆی ئەو سیستەمی دەنگدان و ئاستە تەکنیکی و تەنانەت سیاسیەکەشی کە لە ژێر دەسەلاتی هەردوو هیزە گەورەکەی هەرێمدا نییە و دەنگەکان وەک دەڵێن فێڵی تیدا ناکرێ و لە دەرەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەچێتە پێشەوە، بەتایبەت لەم هەڵبژاردنەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان نەماوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تەنها لە سەنتەرە.

بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دەبێ چی بکەن و بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟

ئیدریس مستەفا: ئەگەری بەشداری کردن و بەشداری نەکردنی خەڵک هەمیشە بەهێزە، بەڵام ئەوەی بێ هێزە مەسەلەی بەدیلە. ئەم سیستەمی پەرلەمانیە هێندە بیژیانە دامەزراوە و کاری خۆی دەکات کە وای کردووە خەڵک بیر لە بەدیلی دەرەوەی سیستەم نەکەنەوە. لە کاتێکدا تەنها ئەڵتەرنەیتڤ بۆ سیستەمی پەرلەمانی ئەو بەدیلەیە کە دەبێ لە دەرەوەی سیستەمەکە بێت، ئەمە وەک مەسەلەیەکی سیاسی فکری، بەڵام وەک مەسەلەیەکی واقعی سیاسی بەتایبەت گەر بۆ کوردستان باسی بەدیل بکەین ئەوا هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی عەلمانی و مەدەنی و چەپ و خەڵکانی ئازادیخوازە کە بتوانن لە هەموو گۆشە سیاسیەکانەوە کاروچالاکی جەماوەری و رێکخراوەیی بکەن چ لە کۆڕ و کۆمەڵە جیاوازەکانەوە تا دەگاتە سەر جادە و تەنانەت بەشداری ناو پەرلەمان و هەر ئاستێکی تری فەرهەنگی و رۆشنبیری و جەماوەری. دیارە ئەمە تەداروکاتی خۆی دەوێ کە زەمەنێک دەخایەنێ و ئەو تەداروکاتە دەکرێ لە جێیەکی تر باسی بکەین.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.