حیزبی براوە لە هەڵبژاردندا؟!… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

لەهەڵبژاردنی هەر پەرلەمانێکا هەر حیزبێ بیباتەوە مانای ئەوە نییە، ئەوە حیزبێکە لە بەرژوەندی خەڵکدایە. زۆر هۆکار هەن بۆ ئەوەی حیزب بیباتەوە وەک ئیمکانیاتی مالی گەورە میدیای زەبەلاح بۆ پروپاگەندە، هەڕەشەی نان بڕین، هەڕەشەی دەرکردن لەسەرکارو وەزیفە، هەڕەشەی تیرۆرکردن وئەشکەنجەدان، فریودانی خەڵکی، بەڵێنی درۆ، تەزویرکردن، بن دیوار، بوونی هێزی میلیشیای گەورە، سۆزی عەشایری وقەومی و دینی و زۆر هۆکاری تر. ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی بردنەوەی چەندین حیزبی ڕاسیست و فاشیست و تیرۆریست و دژی ئینسانی لە جیهاندا و لە عێراق و کوردستانیش بووەتە هۆی بردنەوەی چەندین حیزب و تاقم و دەستەی قەومی و دینی وکۆنەپەرست و دژی مرۆڤ و مرۆڤایەیەتی. هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابووردودا نموونەیەکی واقعییە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەماندا. هیچ کەس نییە نەزانێ ساڵ بەساڵ بارودۆخ وگوزەرانی خەڵک خراپتر بووە. نەتوانراوە کارەباو ئاو بۆ خەلک دابین بکرێ و مووچە بڕاوەو دزراوە، ژینگە تێکدراوە، نەخۆشخانە ئەهلی جێی نەخۆشخانەی حکومی گرتوەتەوە. بەرپرسە حیزبیەکان و بەتایبەت سەرانی هەردوو بنەمالە بوونەتە ملیاردێر نەک تەنها خۆیان، بەڵکو کوڕو نەوەکانیشیان. لەو لاوە هەژاری و برسیەتی و نەداری نەخۆشیە کوشندەکان و لەشفرۆشی ژنان زیاد و زیادتر بووە. ئازادی سیاسی و بیروڕا هەر ڕۆژە زیاتر پاشەکشەی پێکراوە. دەیان کەسی وەک نەزیر عومەر، رەوف ئاکرەیی، یوسف یوحەنا، فەرهاد فەرەج، بەکر عەلی، شاپور وقابیل، ٥ کادیری کۆمۆنیستی کرێکاری، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، سۆرانی مامەحەمە، عەبدولستار تاهیر شەریف، ویدات حسین، نزیک بەدە کەس لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ لەسلێمانی، جیهان، خواناس، ماریا و دەیان کەسی تر تیرۆر کراون. بەدەیان کەسی وەک کەمال سید قادر و مامۆستا ناڕازییەکان و کەسانی ڕۆژنامەنووس شەقکاری کراون و سەرودەست و قاچیان شکێنراوە. چەندین بارەگای حیزبی و کەناڵێ تەلەفزیۆنی ناڕازی بەدەسەڵات پەلاماردراون و چەندین ڕۆژنامە داخراون،  بەدەیان بگرە بەسەدان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی تۆمەتیان بۆ داتاشراوە و خراونەتە زیندانەوە. هەر ئەو حیزبانە دەسەڵاتی پەرلەمانیان وەرگرتوەتەوە کەدەستی بەعس و تورکیاو ئێرانیان گرتووە شارەکان و گوندەکانیان تەسلیم کردوون. ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان واقعی بوایەو ڕەئی ڕاستەقینەی خەلک بوایە نەدەبوو ئەم حیزبانە دەنگی زۆربە بهێنن چونکە سەراپای مێژوویان دژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان بووە، بەڵام هۆکاری دەرچوونیان هەر ئەوانەن کە پێشتر ناوم هێنان. سەبارەت بە ئۆپزسیۆنی بۆرژوازی پەرلەمانیش جگە لەدرۆ بەخشینەوە و بەڵێنی درۆ هیچ بەرهەمێکی تریان نەبووە. درۆی وەک چاکسازی و گۆڕانگاری لە ساڵی ٢٠٠٩ وە تائێستایش بەردەوامە ئەمانە نەپێشتر توانیان چاکسازی وگۆڕانکاری بە قازانجی خەلک ئەنجام بدەن و نە لەداهاتووش دەتوانن ئەم کارە بکەن. ئەم دەسەڵاتە بەهەڵبژاردن نەچاک دەکرێ ونە لە کەنار دەخرێ، چونکە خاوەن بەرژوەندیەکانی ئەمەریکاو وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە و هەر ئەوانیش لەسەر کورسی دەسەڵات دایانناون، ئەمانە خاوەن سەرمایە و هێزی میلیشایین هەرخۆیان دەسەڵات بەدەستەوە دەگرنەوە. ئۆمێد بەئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیش تەنها لە ئاستی خەو خەیاڵدایە، چونکە ئەوانیش نوێنەری بەشێکی بۆرژوازین. هەڵبژاردن شەرعیەت دانەوەیە بەم دوو حیزبەی دەسەڵات و بۆ دزی وتاڵانی وتیرۆر وکوشتن و هەژاروبرسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی ئازادی سیاسی و مەدەنی. شەرعیەت دانەوەیە بەو دەسەڵاتەی کە کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی وشێخ و عەشایری زیندوو کردووەتەوە بۆ گیانی خەڵکی کوردستان تا تاریکی و نا ئارامی و ژن کوشتن و سووکایەتی بە ژن و باڵاپۆش کردنیان پەرە پێ بدا و تا مەلاو بانگخوازەکان فەتوای کوشتنی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و سیکۆلاریستەکان و بێ دینەکان دەر بکەن. شەرعیەت دانەوەیە بەو دەسەڵاتەی کە هەرێمی کوردستانی کردووە بە مەڵبەندو پایەگای سوپای داگیرکەران و هێزە جاسوسەکانیان بۆ تیرۆرکردنێ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و پ ک ک و پەیەدە. کە ڕێگایان داوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئازادی بەسەر هەرێمدا بێن و بڕۆن و خەلکی سیڤیل تیرۆر بکەن. بۆ گەڕانەوەی شکۆی تاکی کورد و مافە مرۆیەکانی خەڵکی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕێگاچارە نییە و ماوەی ٣٢ ساڵە ئەم ڕاستیە سەلمێنراوە لە کوردستان. هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان لە کوردستان دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی ژمارەیەکی تر لە کەسانی هەلپەرست و بەرژوەندخوازو خۆپەرست لەوە زیاتر هیچیان لێ سەوز نابێ . تەنها ڕێگا شۆڕش و ڕاپەرینە بۆ ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان و چین وتوێژە بێ بەشەکان، ئەوەش دەسەڵاتی شورایی و خۆبەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆیە کەدەکرێ لەم ڕێگاوە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دابین بکرێت. جا ئەم بەدیلە هەرچەندە دووریش بێت، بەڵام تەنها ڕێگایەو هەرگیز پەرلەمانی گاڵتەجار بەدیل نییە و نە ئازادی و نەیەکسانی و نە چاکسازی و نە خزمەتگوزاری ڕیشەیی و پێویست بەهۆی ئەم پەرلەمانەوە ڕوو نادات. پەرلەمان هیچ ڕۆڵێکی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی بنەماڵەکان ڕۆڵی سەرەکیان هەیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.