هەڵمەتی پێش وەختەی هەڵبژاردنەکان و راستییەکان لە زمانی خۆیانەوە… عەبدوڵا مەحمود

0

لەگەڵ نزیک بوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، هەڵمەتی هەڵبژادنی حزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، بە هەمان تایبەتمەندی خۆیانەوە دەستی پێکردووە. دیارە هێشتا دیار نییە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەکرێت یان لەناو دڵی ئاڵۆگۆرەکانی ناوچەکەو پێشهاتی ناچاوەروانکراو و ململانێی چاوەروانکراودا، دوا دەخرێت بۆ کاتی تر.

ئەوەی کە جێگای هەڵوێستەیە، بەر لە وادەی رێپێدراو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، بە کردەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە، بەڵام هەڵمەتەکە لە جێگای ئەوەی خستنە رووی پرۆژە و بەرنامەی کار و بەڵێنی چەند بارەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بن،  بانگەشەی “مژە خۆشەکان” بن… هەڵدانەوەی دۆسیە کۆنەکانی یەکترییە، هەڵدانەوەی کارنامەی تاوانکاری و خستنە رووی ئەو مەرگەساتانەیە کە حزبەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ئەنجامدەری بوون.

ئەوەی کە پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی میلیشیایی و نۆکەر پیشە بە وڵاتەکانی ناوچەکە و ئەوەی کە بەرانبەر بە یەکتری و خەڵکی کوردستان ئەنجامیان داوە، زۆر گەورەتر و لە پێشتر لەهەر هەڵمەتێکە بۆ هەڵبژاردن. هەڵمەتی یەکتر سوک کردن، شکاندن، بێرێزی کردن، هێنانی جوێنی نوێی حزبی… هەڵدانەوەی کارنامەی یەکتری لەبەرانبەر بەخەڵکی کوردستان، کە ئەوانە هەموویان بەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، هەڵمەتی خستنە رووی کارنامەیەکی نەنگینە، کە هیچ جێگایەک بۆ رەوایەتی بەشداری ئەو هێزانە ناهێڵیتەوە، و پوچی بانگەشەکانی دواتریان دەردەخات و  لەوەشی زیاتر ئەوان دەخاتە بەردەم لێپرسینەوە.

هێزگەلێک کە بە بەڵگەی رۆشن لە زمانی سەران و میدیا رەسمیانەوە، کارنامەی پڕ شەرمەزاری یەکتری دەخەنە ڕوو… هەر بەو هۆکارە و بەهۆی ئەو تاوانکاریانەی کردویانە لەدزی و تاڵانی و نۆکەرایەتی و کوشتار و سەرکوت و برسیکردن و قاچاخچیتی و دەست خستنە ناو دڕندەترین هیزەکانی ناوچەکەو پیش لەشکری و شەری ناوخۆ و کوشتنی دیل و کردەوەی تیرۆریستی….تاد  نەک نابێ مافی بەشداری لە هەڵبژاردنیان هەبێت، بەڵکو دەبێت لەسەر سەری کۆمەڵگە دوور بخرێنەوە. جیا لەوانە هێزگەلێک کە بایی سەرەدەرزییەک بەکردەوە بروایان بە “دیموکراسی” نەبێت و لە قەڵبکردنیدا، شارەزایەکی کەم وینەیان نیشان دابێت، چۆن دەتوانن کایەی هەڵبژاردنەکان وەکو یەکێک لە یارییەکانی دیموکراسی، بەدەستەوە بگرن و پەیرەوی لێ بکەن. هەر ئەو تایبەتمەندیەشە وای کردووە هەموو خولەکانی هەڵبژاردن تەنها گەمەیەکی حزبی بێ ناوەرۆک و فریوکارییەکی ئاشکرا بێت بۆ رەوایی دان بە دەسەڵاتی حزبی زۆنەکان و رەسمیەت بەخشین بەو شەق بوونەی هەریم بەسەر دوو زۆنی حزبی و بۆ دەسەڵاتی دوو حزبی باڵادەست.

دەیان هەڵبژاردنی تریش بکرێت، تا ئەو کاتەی ئەم هێزانە لە چەک و هیزی سەربازی دانەماڵرێن و داهاتی دزروای خەڵکی کوردستان لەدەستیان دەرنەهێنرێت و ئیرادە و بریاری سیاسیان لە ئیران و ئەنقەرەو بەغداوە بۆ بێت… باسی هەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی دەسەڵات و دەستاو دەستپیکردنی لە درۆیەکی گەورە زیاتر شتێکی تر نابێت. تەنانەت ئەگەر هێشتا کەسانێک لایان وایە پارتی و یەکێتی وەکو دوو هیزی چەکدار ئامادەن لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەسەڵات رادەست بکەن، هیشتا ئەوانە نوقمی وەهمێکی پوچن و باجی ئەو گەمژەیەتیەیان دەدەن.

ناورۆک و تایبەتمەندی ئەم هێزە سیاسیانە بە جۆرێکە، نەک لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەدا، تەنانەت لەناو تەلاری ریکخراوەیی حزبەکانیشیاندا، ناتوانن پابەندی هیچ پرانسیبێکی دیموکراتی بە مانا بۆرژوازییەکی ببن. ئەمرۆ سەرجەم حزبە بۆرژوازییەکانی کورد، بوونەتە حزبی بنەماڵەیی و ئەوەی حزب دەچەرخێنی و داهات و هیزی ئەمنی و بریاری سیاسی بەدەستە، باڵادەستی بنەماڵەکانە و کەس ناتوانێت بەرووی پیاوانی بنەماڵەی دەسترۆشتوی حزبدا، دەنگ هەڵبرێت.

لە دۆخی سیاسی کوردستان و ئەم جۆرە لە پێکهاتەی حزبی بنەماڵەییدا، هەڵبژاردن لە هیچ ئاستێکیدا، کایەیەکی دیموکراسی  و رێگایەک بۆ ئاڵوگۆر نییە، بە پێچەوانەوە هەڵبژاردن دەبێ دەسەڵاتی بنەماڵەو حزب بپارێزی و رەوایەتی بەو مۆدێلە لەدەسەڵات بدات، لەدەرەوەی ئەم راستییە، چەک و بەیەکدادانی چەکداری و پەلکیشکردنی هیزی وڵاتانی ناوچەکە بۆ راگرتنی باڵانس و مانەوەی دەسەڵاتیان، ئەگەر و بژاردەیەکی چاوەروانکراوە.

پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان لە قەومی و ئیسلامیەکان، لە هەمان مۆدیلی حزبی پارتی و یەکێتین و نەک جیاوازیان لە پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو بەرامبەرکیی لێکچوون لەگەڵ ئەو دوو دەسەڵاتە دەکەن و کەس ناتوانێت جیاوازییەکی بەرجەستە لە ختابی ئەم حزب و لایەنانەدا بدۆزێتەوە.

تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردن کایەیەکی بۆرژوازی بێت بۆ ئابدەیتی دەسەڵات و دەرچوون لەبەشیک لە گرفت و ئالنکاریییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، لە دۆخی سیاسی هەرێمی ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییدا، خودی هەڵبژاردن گرفتیکەو حزب و بنەماڵەکان دەبێ دەست بەسەریدا بهێنن و بیلاوێننەوەو نەهێڵن، هەڵبژاردنێکی تۆپیو، ببێتە مایەی ئاشوبێکی گەورە و شەری دەسەڵات.

ئەوەی دەکرێت لە ئاکامی هەڵبژاردندا لە هەرێمی کوردستان رووبدات، زۆر گەورەترە لەو مەترسیەی لە نەبوونی هەڵبژاردندا، رووبدات. ئەمانە حوکم و راستی سەلماو ئەزموونکروای هەریمی ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتین، بۆیە بۆ ئەوەی هەڵبژرادن لە هەر ئاستێکدا رووبدات، دەبێ کوسپەکانی بەردەمی وەلابنرێت، کۆسپی هەرە سەرەکیش بەر لەهەر شتێک، دەسەڵاتی حزبۆکراتی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیانە.

ئەگەر بەراستی کەسانێک دەیانەوێت کۆمەڵگەی کوردستان بگێردریتەوە بۆ دۆخێک کە هەڵبژاردن و دەستاو دەستکردنی بۆرژوازیانەی دەسەڵات تیایدا روو بدات و ئەمەش ببیتە بە بەشیک لە تایبەتمەندی ئەم کۆمەڵگەیە، وەکو هەر کۆمەڵگەو جغرافیایەکی تری دنیا…. بەندە بە راماڵینی ئەم دەسەڵاتەو لە چەک داماڵینی و کەنار خستنیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.