لەو کوێستانە…

0

لەو کوێستانە،

لەسەر خەرمانێکی تازە هەڕاجکراو

هەر چوار پەل و دەفەی شان و

پرچ و باسک و دەست و پەنجەو

هەردوو ئەژنۆی

داربەڕوێکی تەزیوی ڕیش سپیم بینی..

وەختێ پرسیم:

کێ ئێوەی بڕیوەتەوە؟

بۆچی بەم دەردە براون؟

بە چی لێکیان جیاکردنەوە؟

دەستی ڕاستی داربەڕوەکە خۆی تەکان و هاتە پێشێ،

بە چەندین چاوی پڕ بەفرو

بە هەناسەی درزبردووی لەتوپەت و

بە دەنگێکی قڵیشاوی پارچەپارچەوە گوتی:

دوێنێ شەو نا پێرێ شەوێ،

هێندەم زانی چەن تەورێکی کلک زەرد و

چەن تەوراسێکی کەسکەمل..

هەر بە جلوبەرگی کوردیەوە،

بە کوردی هەڵیانپاچیم و

بە کوردی دایانپاچیم و

بە کوردی دایانهێنام و

بە کوردی دایانجنیم و

هەر به کوردیش،

ڕەگی کوردبوونیان قرتانم..

ــــــــــــــــــــــ

 

نووسینی: ئارام حەسەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.