هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… کاوە عومەر: هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەکسانی خوازیی و ئەندامی ڕابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق
سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بڵاوکراوەی بۆپێشەوەو، و بۆ ئەم دەرفەتە.
ڕاستیەکەی ئەم هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیە ئەگەر لایەکی ڕەواییدان بێت بە کاڵای سێکسیکردنی ژنان ومنداڵان، وڕەواییدان بێت بەفرەژنی و زەواجی سیغە و موتعەو مسیار بێبەشکردنی ژنان لە نەفەقەو نیوبەش لەمیرات، و شەرعیەتدان بێت بە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان بەناوی بەشودان کە ئاکامەکەی شێواندنی جەستەیی و دەروونی، و تێکدانی ژیانی ئارام و دوور لەتووندوتیژی جەستەیی ودەروونی و خۆشگوزەرانییە کە دەسەڵاتداران وگەورەکان لێی بەرپرسیارن. لایەنەکەی تری سەپاندنی حوکمی ئیسلامیە بەسەر کۆمەڵگەدا. هەروەک ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەسەپاندنی حیجابی ئیجباری لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دەستیپێکردوو هەتا ئێستاش بەردەوامە، کەسەرئەنجامەکەی بە شۆڕشی ژنانە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی شکاوەتەوە، و هێشتاش هەر بەردەوامە، و لە ئەفغانستانیش هەمان شێوە تالیبان وڕەوتە ئیسلامیەکان هەر بە هێرش بۆسەر ژنان وکچان دەستیان پێکردووە، بەڵام خۆشبەختانە هەروەک دەبینن ئەو ڕەوتە دژی ژن ودژە ئینسانیانەی کە خەریکی ئەم کارانەن بەتوندی ڕوبەڕووی ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز، و بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی لە عێراق و کوردستان و ناوچەکەو جیهانیش بوونەتەوە، و بەڕادەیەکی زۆر پاشەکشەیان کردووە، بەڵام ئاشکرایە کە ئەم یاساو ڕێسایانە تەنها بە لەدەسەڵات خستن ودوور خستنەوەی هێزە ئاینیەکان، وجیاکردنەوەی ئاین لە دەسەڵات ویاساو ڕێساکانی کۆمەڵگە دەتوانرێت کۆتایی پێبهێنرێت. واتە بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی وئازادیخوازیی لە کۆمەڵگە دەبێت خەباتی بێوچان بۆ لەگۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە تووند بکەنەوە. بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق و کوردستان لە شەڕ و بەڵای ئیسلامی سیاسی ودەستیوەردانی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە ڕزگاری ببێت.