خۆشباوەڕی بە هەڵبژاردن … تاکتیکەکان و بازنەکانی هەڵبژاردن…نووسینی: بنار مستەفا 

0

بەشی نۆهەم

لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکی هەڵبژاردنەکان بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگە، بابەتەکانی تر– لە نێویاندا بابەتە سیاسییەکان – دەکرێت پەراوێز بکەون. لە مێژووی هەڵبژاردنەکاندا چەندین شێواز بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردن بەرهەمهێنراوە. شێوازی هەڵبژاردنەکانیش تاکتیکی جۆراوجۆری لەگەڵ خۆی هێناوە، تا لایەنەکانی بەشداربوو لە ڕێگەیەوە باشترین ئەنجامی تێدا بەدەست بهێنن.

هەر ئەوەی تاکتیکی جۆراوجۆر دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دابنێت، ڕاستەوخۆ بەو مانایە دێت، کە لە هەڵبژاردندا سیاسەت هەمیشە ئەولەویەت نییە. یان بە شێوەیەکی تر، دەکرێت تاکتیکێکی سەرکەوتووی هەڵبژاردن، کاریگەری لەسەر ئەنجامە گشتییەکەی دابنێت. بەم شێوەیە لانی کەم بە تیۆری ڕەنگە دەنگی دەنگدەران ببێتە پاشکۆی تاکتیکەکان.

بە کردەوە دەکرێت لایەنێک زۆرترین دەنگ بهێنێت، بەڵام بەهۆی تاکتیکێکی سەرکەوتووەوە لایەنێکی تر وەک براوەی سەرەکی دەرکەوێت. یاخود بەهۆی تاکتیکێکی خراپەوە، لایەنی سەرکەوتوو هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆ لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەچنێتەوە. بە سادەیی واتە مەرج نییە بەدەستهێنانی دەنگەکان یەکلاییکەرەوە بێت.

واتە گەر لە هەڵبژاردنێکدا دوو لایەن یان چەند لایەن بە لیستێک بەشداریان تێدا کرد، مەرج نییە لە ڕووی سیاسییەوە لە یەک نزیک بن و هەمان ئامانجیان بێت، بەڵكو تاکتیکێکە و بەکاری دەهێنن، تا زۆرترین دەنگ کۆبکەنەوە و لە ڕێگای سوودوەرگرتن لە یەکترییەوە، بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشتر مەیسەر بکەن. ئەمەش ئاماژەیە بە چەند لایەنی جۆراوجۆری هەڵبژاردن، کە بڕیارە لە پێناو دانی دەسەڵات بێت بە زۆرینەی کۆمەڵگە، بەڵام وەک لە چەند نمونەدا دەبینین، یاسا و ڕێسای هەڵبژاردنەکان ڕێگاخۆشكەرن بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەران نەبێتە سەنگی مەحەک.

لەم بارەوە لە مێژوودا کۆمەڵێک نمونەی بەرجەستە هەن. ساڵی ٢٠٠٨ لە هەڵبژاردنەکانی ئیتاڵیا بەهۆی هاوپەیمانییەوە توانی سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی کردە براوەی هەڵبژاردنەکان و باڵی چەپی سێنتراڵیش بەهۆی هاوپەیمانییەوە پیگەی لاواز بوو. هەر لە ئیتاڵیا و دە ساڵ دواتر بزووتنەوەی پێنج ئەستێرە بە هۆی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک توانی نوێنەرایەتییەکی تۆکمە بۆ پەرلەمان بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا تەنها بە دەنگەکانی خۆی بۆی مەیسەر نەدەبوو. ساڵی ٢٠١٥ لە ئیسڕائیل چەند لایەنێکی بچووک بەهۆی هاوپەیمانیان لەگەڵ پارتی لیکود گەشتنە پەرلەمان، کە دەنگەکانی خۆیان بە تەنها بەشی نەدەکرد. ساڵی ١٩٩٩ لە فینلاند پارتی نەتەوەیی سوید بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی یەکگرتوو، توانی چەند کورسیەکی پەرلەمان بهێنێت، کە دواتر لە نێو پارتی هاوپەیماندا مشتومڕی لەسەر دروست بوو.

واتە هەڵبژاردنەکان تەنها بەو شیوەیە ناچێتە پێش، کە زۆرینەی بەدەستهاتووی دەنگەکان براوەیە. لە هەڵبژاردنەکاندا لە ڕێگەی لیستێکی هاوبەشەوە لایەنێک دەتوانێت بە سوود وەرگرتن لە دەنگی لایەنێکی تر و بێ پشتیوانی جەماوەر، بگاتە ئەنجامێکی باش، لە هەمان کاتدا لایەنێکی تر وێڕای بەدەستهێنانی ڕێژەی دەنگی زۆر، بەڵام ڕێژەیەکی کەم بە بەراورد بە لیستەکان، وێڕای پشتیوانی دەنگدەران، دەکرێت لە خوار مافی ڕاستەقینەی خۆی بێت. بە مانایەکی سادە مەرج نییە خواستی خەڵکی بە ئەنجام بگات.

 بازنەکان:

لە سەدەی ١٨وە بەکارهێنانی بازنەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بەکارهاتووە. بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێت، کە بوونی بازنەکان دەرفەت دەکاتەوە دانیشتوانانی جوگرافیایەکی دیاریکراو، نوێنەری خۆیان بگەیەننە پەرلەمانی وڵاتەکە. بە کردەوە پێچیدەترە و زیاتر نیشانەی پرسیار و گومان دروست دەکات.

بەر لە هەر لێکدانەوەیەک، ئەندام پەرلەمانێک بە دەنگی بازنەیەکی دیاریکراو گەشتبێتە پەرلەمانی وڵات، بەڕاستی دەتوانێت بڕیار لەسەر هەموو وڵات بدات؟ ئاخر ئەو بەشدار دەبێت لە داڕشتنی یاسا، کە لە هەموو وڵاتدا کاری پێ دەکرێت. واتە یاساداڕێژەرانی وڵات تەنها نوێنەرایتی جوگرافیایەکی دیاریکراو دەکەن، بەڵام کاریگەری لەسەر هەموو وڵات دادەنێن. یەکەم گومان و ناکۆکی لەم هاوکێشە سادەیەدایە.

بە نمونە گەر لە عێراق کەسێک بە دەنگی دەنگدەرانی بازنەیەک لە ناوچەی نەجەف گەشتبێتە ئەنجومەنی نوێنەران، چۆن دەتوانێت بڕیار لەسەر داڕشتن و هەمواری یاسا بدات، کە دەبێتە یاسای هەموو عێراق؟ ئەو متمانەی دانێشتوانانی هەولێر و بەغدا و سەماوە و باقی ناوچەکانی تری بەدەست نەهێناوە، بەڵام دانیشتوانانی ئەم ناوچانە یاسایەک بەسەریاندا دەچەسپێت، کە زۆرینەی–گەر تێکڕا نەبێت-دەنگدەرانی یاساکە تەنها متمانەی ناوچەیەکیان بەدەستهێناوە، کە دەکاتە کەمینەیەکی کەم. یان دەکرێت پەرلەمانتارێک متمانەی بازنەیەکی هەڵبژاردنی بەدەست هێنابێت، بەڵام ببێتە نوێنەری هەموو وڵات، بەو ناوچە بازنانەی تریشەوە؟

دانانی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی پێگەی حزب و لایەنە گەورەکانە. گەر سەرجەم وڵات یەک بازنە بێت، ئەوا ئەحزاب و لیستی بچووک بە کۆکردنەوەی دەنگی کەم لە ناوچە جیاوازەکان شانسیان دەبێت بە پەرلەمان بگەن. بەڵام کاتێک دابەشکاری دەکرێت بەسەر بازنەکاندا، دەنگەکانیش بە هەمان شێوە دابەش دەبن و شانس تەنها بۆ حزبە گەورەکان دەمێنێتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسیە کەمانەی بۆ هەر بازنەیەک دیاریکراون.

بەجیا لە هاوکێشە بیرکارییە سادەکە، هاوکات کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتی دەنگدەرانیش دادەنێت. کاتێک لە بازنەیەکی دیاریکراودا تەنها نوێنەرێک یان چەند نوێنەر دەگەنە پەرلەمان، خۆبەخۆ دەنگدەر هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر کێبڕکێ سەرەکییەکە دابنێت. واتە ڕەنگە ئەو کاندیدەی پێی باشە پەراوێز بخات، گەر نەبینێت شانسی واقعی هەیە دەنگی پێویست بهێنێت، بەڵكو لە نێو ئەوانەی شانسیان هەیە دەرچن، دەنگ دەدات بەوەی کە پێی وایە لە هەمووان “کەمتر خراپە”. واتە دانانی بازنەکان هەستێکی واقعی لای دەنگدەر دروست دەکات، کە ڕەنگە دەنگەکەی بێ ئەرزش بمێنێتەوە، گەر نەیداتە کاندیدێکی ئەسڵی ڕکابەرەکە.

لە ئەمریکا ئەم دیاردەیە زۆر بەرجەستەیە. گەر سەرجەم وڵات یەک بازنە بووایە، ڕەنگ بوو پارتی سەوز و لیبرەیشنەکان بە ئەنجوومەنی پیران بگەشتنایە. لە بەریتانیا بە هەمان شێوە، گەر سەرجەم وڵات یەک بازنەی هەڵبژاردن بووایە، پارتی سەوز و لیبراڵە دیموکراتەکان دەنگ و کورسی پەرلەمانیان زیاتر بەدەست دەهێنا. لە زۆر وڵاتی تر بە هەمان شێوە. بەجیا لەوەی دابەشکردنی بازنەیی کاریگەری لەسەر بڕیاری دەنگدەر دادەنێت، هاوکات هەر بەم شێوەیەی ئێستاش و بە پێی ئەو دەنگانەی دراون، لە زۆر وڵات گەر دابەشکردنی بازنەیی نەبووایە، چەند لایەنێک بە پەرلەمان دەگەشتن.

بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥ی بەریتانیا، پارتی سەربەخۆ یەک کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. لە کاتێکدا ئەم پارتە زیاتر ١٢ ٪ی دەنگەکانیپێ درابوو. گەر سەرجەم وڵات یەک بازنە بووایە، ڕێژەی دەنگەکان دەیان کورسی دەکرد. هەمان ساڵ لە پۆڵندا پارتی KORWin  بەهۆی دابەشکاری بازنەییەوە هیچ کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، لە کاتێکدا هەر بەو دەنگانە لە سیستەمی یەک بازنەییدا چەند کورسی دەکرد. ساڵی ٢٠١٧ لە فەڕەنسا پارتی فڕۆنت ناشیۆنال تەنها هەشت کورسی بەدەستهێنا بە پتر ١٣ ٪ی دەنگەکان. گەر تەواوی فەڕەنسا یەک بازنە بووایە، ڕێژەی کورسییەکان نزیک دە هێندە دەبوو. ساڵی ٢٠١٩ پارتی ماس پاس تەنها سێ کورسی بەدەستهێنا، گەر ئیسپانیا یەک بازنە بووایە، دەبووە ٢٤. لە زۆر وڵاتی تریشدا چەند لایەنی بچووک کورسیەکی پەرلەمانیان بەدەست دەهێنا، گەر سەرجەم وڵات یەک بازنە بووایە و دابەشکاری بازنەیی نەبووایە.

ئەمانە نمونەی بەرجەستەن، کە لە دنیای ئەمڕۆدا بە زۆری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەی جیاوازدا دابەش دەکرێن. بەم شێوەیە شانسی لایەنە گەورەکان دەهێڵێتەوە و دەرفەت لەسەر لایەنە بچووکەکان قەتیستر دەکاتەوە. بۆیە لایەنە گەورەکان ئامادەی گۆڕانکاری نابن و دەستبەرداری سیستەمی بازنەیی نابن.

کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن چەندە کەم و شکڵی بێت، ‌هێشتا تاکتیک و شێوازی جۆراوجۆری تێدا بەکاردەهێندرێت بۆ کاریگەردانان لەسەر ئەنجامەکانی. وێڕای کەمی کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن، هێشتا ناساندنی وەک دەسەڵات و بڕیاری خەڵکی، دەکرێت بە ڕواڵەت نیشاندانیش لێوەی دوور بێت…

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.