کرێکار
کرێکاری و
نیوەڕۆیە
سەری کاست لەگەڵ ئەم خەمە
قورسەدا بەکێش دەکەیت
کرێکاری
هەنگاوەکانت کوێرانە
شەقامە جەناڵەکانی
ئەم شارە پڕ لەکێشەی پێ تەی
ئەکەی
کرێکاریت
جارێ ئازار
جارێ زەردەخەنەی زیندو
جارێ ویژدان
جارێکیش خواو سۆزو عەشق بەمیوانی سەرت ئەکەیت
تۆڕێ ئەکەیت
سەری کاست
لە نێو هەردو لەپی دەستا
توند هەڵ ئەگری
کوچە کوچە دەرگا دەرگا
یەخەی ئەستێرەکان ئەگری
.ئەبێ شەپۆل بۆچی لەڕۆخ بێزاربێ..؟
ئەی جام پڕ بو بۆ لێی ئەڕژێ..؟
ئەی خوێن ڕەنگەکەی بۆ سورە ..؟
ئەی ویژدانی ئەم سەرە جەنجاڵەی تۆ کەی بێدارە..؟
چۆن دەوروژێ
تۆڕێ دەکەیت ،،،،
سەر بەدەرگای مەیخانەکانیشدا ئەکەی
مزگەوتەکان میوانی هەمیشەیی ڕۆژانت
جار جار لە باس و خواسیشا
باسی کلێساکان دەکەیت
وەکو منداڵ لەسەر تەختەی قوتابخانە
پرسیاری سەیر لەمامۆستاو
وەکوجاران یەخەی باوکت
بۆ هەندێ کێشەی قورس دەگری
ئەم مرۆڤە مرۆڤایەتی خۆش ئەوێ
تۆسەیرکە لەسەدەکانی ڕێنیسانسی ئەوروپاوە
هەتا ئێستا
خوێن لە جەستەی دێتە خوارێ
هەڵ ئەزنێ… هەڵ ئەتوتێ
لە هەمو هەستانێکا
کۆڵێ ئازار بەکۆڵیەوە
شەقامە جەنجاڵەکانو
جەنگەڵەکانی ئەوروپاو
حەیفاو یافاو … ماڵە چینکۆ داخەکانی… ناو تارانو
سەردابەکانی شیکاغۆ و
ماڵە قوڕینەکانی ئەم زەمینە
پڕلەکێشەی پێ ئەگەڕێ
ئەی خەڵکینە کەی بێدارن
ئەم مرۆڤە وا لە سەمای، سوتانی سەری خۆیدا
ئەی نابینن چۆن دەسوتێ
ئەم مرۆڤە بەڕێوەیە سادە نییە
ئەم مرۆڤە وەکو عیسا بە منداڵی زمانی گۆی نەپژاوە
وەکو زۆرینەی پێغەمبەران
نە شوان بوە نە دارتاش
نەکەشتیەوانی سەدەی تۆڤانی زەبەلاح
ئەم مرۆڤە سواری ئەسپی ویژدان بوە
ئەم مرۆڤە
سەری کاسی لەژێر باڵی چەپیدایە
ئەم مرۆڤە بەدوای نهێنی زەویدا
دەرگا دەرگا … کوچە کوچە
ئەم زەمینە
بەدوای یەزداندا ئەگەڕێ
ئەم مرۆڤە خواوەندی سۆزو عەشقە
ئەم مرۆڤە لەسەر لوتکە سەرکەشەکان
وەکو هەڵۆ جێگیر ئەبێ
لەگەڵ ویژداندا ڕێ ئەگری
،،،،،،،،،،،،،.
هۆنراوەی: سەلام سەعید