هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نموونەی ڕیسوایی دیموکراسی بۆرژوازییە…. نووسینی:عامر سابیر
لە 5ی نۆڤەمبەری 2024 دا هەڵبژاردن لە ئەمریکا بەرپا ئەکرێت. سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی بەردەوام لە هەموو هەڵبژاردنەکانیاندا هەندێ کێشە و مەسەلەی لاوەکی ناو کۆمەڵگا زۆر زەق ئەکەنەوە و ئەیکەنە کێشەی سەرەکی جیاوازی نێوانیان و لە کەمپینی هەڵبژاردنیاندا خەڵکی پێ سەرگەرم ئەکەن و بەهیچ جۆرێک خۆیان لەو کێشە سەرەکیانەی کۆمەڵگا نادەن کە خەڵکی نیگەران کردووە و چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگا بەدەستییەوە ئەناڵێنن. ئەوان ئەیانەوێ بە گەورەکردن و زەقکردنەوەی کێشە بچوکەکان، مەسەلە گەورەکان لەبیری خەڵک ببەنەوە و سیستەمی سەرمایەدارییەکەیان کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانە، لە تووڕەی خەڵک بپارێزن.
لەم گەمەیەی بۆرژوازیدا کە پێی ئەڵێن مومارەسەی دیموکراسی و دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن. لەم گاڵتەجاڕییەی ئەمجارەی هەڵبژاردندا کێشەی کرێکارانی هاتوو و پەنابەران کە گوایە بێ بەڵگەی ڕوخسەتی مانەوە لە ئەمریکادا ئەژین و کارئەکەن، کراوەتە باسی سەرەکی هەڵبژاردنەکەیان. چینی بۆرژوازی، کرێکارانی هاتووی کردۆتە سەرچاوەی سەرەکی هەموو کێشەکانی خەڵکی ئەمریکا. ئەمەیان کردۆتە خاڵی سەرەکی جیاوازی و ناکۆکی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەیان. وەک ئەوەی چینی کرێکار و خەڵکی هەژارکراوی ئەمریکا هیچ کێشەیەکی تری نەبێت وتەنها کرێکارانی هاتوو سەرچاوەی هەموو کێشەکانیان بێت لە هەژاری و بێکاری و گرانی!
بەتایبەت ترامپ و حیزبی کۆمارییەکان ئەم مەسەلەیەیان زۆر گەورە کردۆتەوە و کردوویانە بە خاڵی سەرەکی کەمپینی هەڵبژاردنیان و کرێکارانی هاتوویان کردۆتە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی خەڵکی ئەمریکا و گوایە ئەگەر ترامپ سەرکەوێ ئیتر هەموو کێشەکانی کۆمەڵگای ئەمریکا چارەسەر ئەبێت! بەوەی هەموو کرێکارانی هاتوو ئەنێرێتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.
ترامپ و حیزبی کۆمارییەکان و کەمپینی هەڵبژاردنیان، زۆر ڕەگەزپەرستانە و نائینسانیانە هەموو ئەم کرێکارە هاتووانە بە تاوانباران و بە بازرگانانی دەرمانی هۆشبەر و بە ڕەیپێست (واتە ئەو تاوانبارانەی هێڕشی سێکسی ئەکەنە سەر ژنان) دەناسێنن و پێێان ئەڵێن کە ئەمانە تەمەڵن و نەخۆشی دەروونیان هەیە و وڵاتەکانیان ئەیاننێرن بۆ ئەمریکا تا ژیانی خەڵکی ئەمریکا تێک بدەن و هەلی کار بدزن و هەژاری بڵاوبکەنەوە! تەنانەت لە دیبەیتەکەی بەینی ترامپ و هاریسدا کە لە 10/09/2024 دا کرا، دەرکەوت کە ترامپ و جێگرەکەی درۆیەکی شاخداریان بۆ ئەو کەسانە هەڵبەستووە کە هاتووی وڵاتانی ئاسایی رۆژهەڵاتن و وتی ئەوانە سەگ و پشیلەی ماڵانیان دزیوە و گۆشتەکەیان خواردووە؟!
میدیا زەبەلاحەکانی بۆرژوازی بۆتە بڵندگۆی بڵاوکردنەوەی ئەم هێڕشە ڕەگەزپەرستیییە و زۆر بێ مۆڕاڵانە ئەم درۆ گەورانە ئەکەنە سەردێڕی یەکەمی هاواڵەکانیان و تایتڵی وتاری ڕۆژنامەکانیان. میدیاکانی بۆرژوازی، ڕەگەزپەرستی و تاوان هەڵبەستن بۆ کرێکارانی هاتوو، وە سوکایەتیکردن بە کۆچبەرانیان ئاسایی کردۆتەوە لەو کۆمەڵگایەدا و ڕۆژانە دووبارەی ئەکەنەوە. بەداخەوە تا ئێستا بەرەی ئینساندۆست و پێشکەوتووخوازی کۆمەڵگای ئەمریکا هیچی لەخۆی پیشاننەداوە، تا دژی ئەم درۆ گەورانە بێتە مەیدان و سنورێکی بۆ دابنێ. بەداخەوە تا ئێستا چینی کرێکاری ئەمریکا ڕێگەی لە بۆرژوازی نەگرتووە کە نەهێڵێ سەرمایەداران، کرێکارانی هاتوو بکەنە ئەو لەزگەیەی کە برینە قوڵەکانی ناو جەستەی چینی کرێکاری ئەمریکای پێ دائەپۆشن.
سەرجەم دانیشتوانی ئەمریکا 334 ملیۆن کەسە. لەم ڕێژەیە 168 ملیۆن کەس هێزی کاری ئەمریکایە. بەپێی خودی داتاکانی حکومەتی ئەمریکا نزیکی 10 ملیۆن کرێکاری هاتوو هەیە لە ئەمریکادا. لەم 10 ملیۆنە، بڕی 68٪ ی ئەو کەسانەن کە بە ڤیزە چوونەتە ئەمریکاوە و دوای ئەوەی ڤیزەکانیان بەسەرچووە بێ مۆڵەت لە ئەمریکا ماونەتەوە، ئەمانە پێش چوونیان هەموو لێکۆلێنەوەیەکیان لەسەر کراوە، جا ڤیزەیان پێ دراوە. ئەم کرێکارە هاتووانە بە کڕێیەکی زۆر هەرزان، خراپترین و سەختترین ئیشەکان ئەکەن کە کرێکارانی تری ئەمریکا ئامادە نین بیکەن.
بۆ سەرمایەداران و خاوەنکارانی ئەمریکا، هێزی کاری هەزران و بێمافی ئەم کرێکارە هاتووانە بۆتە کۆڵەکەیەکی گەورەی کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆیان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام وەک هەڕەشە لەبەرانبەر کرێکارانی تردا بەکاریان ئەهێنن. بۆیە خاوەنکار و سەرمایەداران هەرگیز لە بەرژەوەندیان نییە کە ئەم هێزی کاری هەرزانەیان لە دەرستدەرچێ و دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان بکرێنەوە، کە بە زۆری لە وڵاتانی ئەمریکای باشوورەوە ڕۆیشتوون.
لە کاتێکدا سەرمایەداران ئەیانەوێ ئەم کرێکارە هاتووانە هەبن. لەهەمانکاتدا هانی ئەوە ئەدەن کە مەسەلەی لاوەکی و بچووکی ئاوا بکرێتە کێشەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانیان و ڕەخنە دورخرێتەوە لە سیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکییەکانی ناو سیستەمەکەیان و سەرمایەداری تاوانبار نەکرێ.
ئەمریکا لە ئێستادا خاوەنی گەورەترین سوپا و جبەخانەیە لە دنیادا. ئابوورییەکەشی تا ئێستا گەورەترینی هەموو دنیایە، بەڵام لە ئێستا بۆیەکەم جارە کە ڕکابەرێکی تری بۆ پەیدابووە و خەریکە شان لە شانی ئەدات، ئەویش (چین)ە. ئەمریکا لە ڕێڕەوی بوون بە ژمارە دوو دایە. بۆرژوازی و چینی خاوەن بڕیاری ئەمریکا، ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێ و بۆیە ئەڵێن ئێستا کاتێتی کە لە چین بدەین بەرلەوەی گەورەتر بێت و لەدەستدەرچێ! هەر لەم ڕاستایەدا بەردەوام گێچەڵ بە چین ئەکەن و ئەیانەوێ تووڕەی کەن و پلانەکانیان بچێتە سەر. شەڕ بەشێکی دانەبڕاوە لە هاوکێشەی سیستەمی کۆمەڵگای چینایەتی. سەرمایەداری بەردەوام کە لە ناوخۆدا تووشی قەیرانە قوڵەکانی ئەبێت، ئەیەوێت بە بەرپاکردنی شەڕ قەرەبووی بکاتەوە. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، جگە لە شەڕی کۆریا کە ئەتواندرێ بگوترێ بە 50-50 لێی دەرباز بوو، هەموو ئەو شەڕانەی تر کە ئەمریکا تیایدا بەشداربووە، بە دۆڕاوی لێی هاتۆتە دەرەوە.
قڵشتی چینایەتی، موشکیلەیەکی گەورەی دنیای ئەمڕۆ و ئەمریکایە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی (ئۆکسفام) کە ساڵانە لەسەر نایەکسانی بڵاویئەکاتەوە، 10 کەسی دەوڵەمەنترینی دنیا لە بلیۆنێرەکان کە 9 یان لە ئەمریکایە، لە ساڵی 2020 ەوە تا ساڵی 2023 هەر سەعاتی 14 ملیۆن دۆلار چۆتە سەر سامانەکەیان. وە ئەگەر 5 کەسی یەکەم وەربگری ئەوا لە سێ ساڵی ڕابردوودا، هەر ساعتێک 21 ملیۆن دۆلار چۆتە سەر سەروەتەکانیان. ئەمە لە کاتێکدا کە کرێکاران بەدەست هەڵئاوسان و بێکاری و گرانی و بێمافی سەرکار و سەعات کاری زۆرەوە ئەناڵێنن. لە ئەمریکادا هەژاران و بێبەشانی خوارەوە ناچارن کە دوو ئیش و سێ ئیش بکەن تا بتوانن ژیان بەڕێبکەن و بەرگەی ئەو گرانی و نەهامەتتیە بگرن کە بۆیان دروستکراوە.
قەرزی سەر قوتابیان، واتە ئەو پارەیەی کە خوێندکار قەرزی کردووە بۆ ئەوەی خوێندنی زانکۆی پێ تەواو بکات، لە ئێستادا سێهەم گەورەترین قەرزەکانی سەر خەڵکی ئەمریکایە لە دوای قەرزی خانوو و قەرزی (کرێدت کارت). جۆ بایدن سەرۆکی ئێستا بەڵێنی دابوو کە قەرزی سەر قوتابیان هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام چەندین جار لە دەنگدانی پەرلەماندا شکشتی هێنا، بۆیە بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆیی تا ئێستا تەنها 127 بلیۆنی لە قەرزی سەر قوتابیان هەڵوەشاندۆتەوە، کە ئەم بڕە زۆر کەمە و وەک دڵۆپێک ئاوە لە تەنکەرێکدا، چونکە هەموو قەرزی سەر قوتابیان لە ئێستادا نزیک بە دوو تریلیۆن دۆلارە.
ئەمریکا یەکەم وڵاتی دنیایە کە تیایدا زۆرترین چەک بەدەست خەڵکەوەیە، کە هەر 100 کەسێک لە ئەمریکادا 121 پارچە چەکیان هەیە. ساڵانە بە سەدان هەزار کەس لە ئەمریکا ئەکوژڕێن و ئەبنە قوربانی بە هۆی تەقەکردن و کوشتنی بەکۆمەڵەوە. بەڵام ئەمە نەبۆتە باسی هەڵبژاردنیان.
گەر چی ئەمریکا ڕێژەی 4٪ ی دانیشتوانی گۆی زەوی پێک ئەهێنێ، بەڵام 20٪ هەموو زیاندانیانی دنیا لە ئەمریکادایە. لە کەمپینی هەڵبژاردنیاندا هیچ باس و پرسیارێک لەسەر ئەمە نییە، چونکە زیندانەکان دراوە بە کەرتی تایبەت و بۆ سەرمایەداران تا زیاتر خەڵک لە زینداندابێت سەرمایەی زۆرتر بۆ ئەوان ئەهێنێ. هەر بۆیە خاوەنی زیندانەکان لە ڕێگەی گرووپی فشاریانەوە بەردەوام لە هەوڵی گۆڕینی یاساکاندان تا زۆرترین کەس بە بچوکترین کێشە بچێتە زیندانەوە.
گەرچی ئەمریکا یەکەم وڵاتی دنیایە لە زۆری سەرفکردنی بودجە بۆ کەرتی تەندروستی، بەڵام لە باری تەندروستییەوە لە خوارەوەی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی)1 دایە، چونکە هەموو ئەو پارەیەی سەرف ئەکرێ ئەچێتە گیرفانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکانی بیمەی تەندروسییەوە (ئینشورانس). ئەمریکا هەر لە ڕێژەی مردنی کۆرپەلە و مردنی دایکان لە کاتی مناڵبووندا، تا ڕێژەی خۆکوژی و ڕێژەی قەڵەوی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە سەرەوەی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی)دایە، لە درێژی تەمەنی تاکەکانی کۆمەڵگادا لە خوارەوەی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی) دایە. هەر وەک چۆن لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای (کۆڤید 19)دا، 20٪ هەموو مردووان بەو نەخۆشییە لە ئاستی دنیادا، لە ئەمریکادا بوو، لە کاتێکدا دانیشتوانەکەی تەنها 4٪ی ڕێژەی دانیشتوانی دنیایە.
لە پەروەردەشدا ئەمریکا لە دواوەیە و تەنانەت وڵاتێکی وەک کۆریای باشور لە پێش ئەمریکاوەیە.
لانی کەمی کرێ، ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی دیاری کردووە لە ئەمریکا 7.25 $ (حەوت دۆلار و بیست و پێنج سێنتە) کە ئەمە لە نزمترینەکانی لیستی وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی) یە. تەنانەت پۆڵەندا و لیتوانیا لە پێش ئەمریکاوەن.
لە مانگی جوڵای ئەمساڵدا (2024) قەرزەکانی سەر حکومەتی ئەمریکا 35 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند و لە ئێستادا دانەوەی قازانجی قەرزەکانی بۆتە سێهەم گەورەترین مەسرەفەکانی حکومەتی ئەمریکا کە ساڵانە زیاتر لە 800 بۆ 900 بلیۆن دۆلارە. تاکە شتێک کە ترامپ بەرنامەی ڕۆشنی هەیە کە بیکات، ئەوەیە کە ڕێسا و یاساکان لە بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکان ئەگۆڕی و باجی سەر بلیۆنێرەکان کەمتر ئەکاتەوە! جگە لەمە و هێڕش بۆ سەر کرێکارانی هاتوو هیچ پلانێکی تری ڕانەگایاندووە.
لە گەرمەی گرانی گەورەدا لە ساڵانی سیەکان و چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، باجی سەر دەوڵەمەندەکان (باجی سەر کۆمپانیاکان) 96٪ بوو. تەنانەت تا ساڵی 1981 یش باجی سەر دەوڵەمەندەکان 70٪ بوو، کە ڕۆناڵد ڕیگان بوو بەسەرۆک، باجی سەر سەرمایەدارانی یەکسەر کەمکردەوە بۆ 40٪. لە ساڵی 2017دا کە ترامپ بوو بە سەرۆک، باجی سەر سەرمایەدارانی لە 35٪ ەوە کەمکردەوە بۆ 21٪. جۆ بایدن سەرۆکی ئێستا گەرچی بڕیاری دابوو کە زیادی بکاتەوە بۆ 28٪ بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە زیادی بکات و هەوڵەکانی لە پەرلەماندا شکستی خواردووە.
لە ئێستادا ئیعتیباری بۆندی قەرزەکانی وڵاتێکی تەنانەت وەک یۆنان لە هی ئەمریکا بەرزترە. ئەوەی دۆلار وەک تاکە دروای نێودەوڵەتی پێگەکەی ڕۆژانە لە هاتنەخوارەوەدایە، کە ئەمە ڕەنگدانەوەی نزمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکایە، بۆتە هۆی ئەوەی هەموو وڵاتانی دنیا بۆندەکانی قەرزیان لای حکومەتی ئەمریکا بفرۆشن و زێڕی پێ بکڕن. بۆ نموونە چین لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە زیاتر لە تریلیۆنێکەوە کەمیکردۆتەوە بۆ حەوت سەد بلیۆن. هی یابان کە لە ترلییۆنێک زیاتر بوو، تا ئێستا 100 بلیۆنی لێ فرۆشتووە. وە هەموو وڵاتانی ئەوروپا بە هەمان شێوە. بەڵام لە ئەمریکادا ئەمە هەر باس ناکرێ و ئینکاری لێ ئەکرێ و نابێتە باسی هەڵبژاردنیان.
لەو دوو دیبەیتەی تا ئێستا کراوە، کە یەکەم لە 27/6/2024 لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترامپ بوو. وە دووەم لە 10/9/2024 لە نێوان کامڵە هاریس و ترامپ بوو. هیچ پرسیارێکی جەوهەری لەسەر کێشە گەورەکان و ئەم پرسانەی سەرەوە نەوروژێنراوە و نەبۆتە قسەوباسی ئەوانەی کە ئەیانەوێ ببنە سەرۆکی ئەمریکا. ئەمە هەڵەیەک نییە کە بەسەر میدیاکاندا تێپەڕیبێت، بەڵکو ئامانجدارانە بۆرژوازی نەخشەی بۆ کێشاوە و خۆیانی لێ ئەدزنەوە.
سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی خۆیان بە “ئازادی هەڵبژاردن”ەوە ڕائەدەن و ئەڵێن تاکەکان ئازادی هەڵبژاردنیان هەیە. ئەوە ڕاستە بۆ نموونە خەڵکی ئەمریکا 30 جۆری جیا مەعجونی دانیان هەیە و ئەتوانن هەڵبژێرن. بۆکرینی ئۆتۆمبیل زیاتر لە 24 جۆریان هەیە وئەتوانن هەڵبژێرن، بەڵام کە دێتە سەر حیزبی سیاسی، پێیان ئەڵێن تەنها دوانتان بەسە. لە ڕاستیدا ئەم دوانەش دوو دیوی یەک دراون و هەر وەک یەکن و تەنها جیاوازییەکی زۆر کەم و ڕووکەش لە نێوانیاندا هەیە. ئەم دوو حیزبە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری یەک ئەکەن تا نەهێڵن هیچ حیزێکی تر بێتە مەیدانەوە و ببێتە ڕکەبەریان، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هەردووکیان پێکەوە هەموو بەربەستێکیان دروست کرد لە بەرانبەر (حیزبی سەوز) تا شانسی ئەوەی نەبێت بێتە پێشەوە و ببێتە ڕەقیبیان.
بۆرژوازی ئەمریکا هەموو هەوڵێک ئەدا تا کەمترین کەس بەشداری هەڵبژاردن بکات، بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژاردنیان کردۆتە ڕۆژی سێشەمەوە کە ڕۆژی کارکردنە، وە بەربەستی جۆراوجۆر دروست ئەکەن تا کەمترین کەس خۆی ناونووسی پرۆسەی دەنگدان بکات. لە زۆر لە ویلایەتەکان هەرچی زیندانی بینیبێ ناتوانێ بۆ هەموو ژیانی دەنگ بدات!
جیاوازی نێو حیزبەکانی بۆرژوازی زۆر کەم و شکڵێن. لەم گاڵتەجاڕیەی سەرمایەداراندا ئەوە دەنگی خەڵک نییە کە بڕیار ئەدات کێ دەسەڵاتی سیاسی بگرێ، بەڵکو پارەدار و کۆمپانیا گەورەکان پشتیوانی کام حیزبەیان کرد ئەوە براوەیە. ماس میدیاکانی بۆرژوازی لە هەڵبژاردنەکانی ئێستای سیستەمی سەرمایەداریدا بڕیار ئەدات کە لە نێو حیزبەکانی بۆڕژوازیدا کێ دەسەڵات بگرێ. بۆیە خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەکڕێ و خاوەنی تێسلەرش تیوتە بە 45 بلیۆن دۆلار ئەکڕی. ئەمەی هەیە دیموکراسی نییە، بەڵکو دکتاتۆری سەرمایەدارانە لە دژی کرێکاران. ئەگەر ئەمە دکتاتۆری سەرمایەداران نەبێت، ئەوا دەور و گاریگەری دەزگایەکی وەک (ئەی پاک)2 کە ڕێکخراوێکی پرۆ ئیسرائیلە، ئەو هەموو کاریگەرییەی نابوو لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. کە هەندێ لە بیرمەندان و قەڵەم بەدەستانی ئەم سیستەمەشی خەجاڵەت کردووە و بە ئاشکرا لەدژی قسە ئەکەن وگوێیان لێ ناگیرێ.
سەرمایەداران بۆ مەسەلە سیاسییەکان شانۆگەری هەڵبژاردنی لەمجۆرە ئەنجام ئەدەن، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەن لە شوێنی کاردا بە هیچ جۆرێک دیموکراسی پەیڕەو بکرێ و زۆرینە کە کرێکارانن دەنگ بدەن کە چۆن بەرهەمی ڕەنجیان دابەش بکەن. سەرمایەداری شوێنی کاری کردۆتە دەرەوەی کایەی ئەو دیموکراسییەی شانازی پێوە ئەکات و لەشوێنی کاردا دکتاتۆرییەکی ئاشکرا و موتڵەقی سەپاندووە.
بەداخەوە لە ئێستادا کە سەرمایەداری لە قەیرانی قوڵدایە و لە بەرانبەر کێشەکاندا بێ وەڵامە و ڕێگەی چارەسەری تەنها بریتییە لە هێڕشی زیاتر بۆ سەرکرێکاران و کەمکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە، وەیان هەڵگیرساندنی شەڕە. لەم کاتەدا کە سەرمایەداری لە قەیرانی قوڵدایە هەر خودی سەرمایەداران، فاشیستەکانیان (بۆ نمونە ترامپ و جەی دی ڤانس)یان سواری ناڕەزایەتی خەڵك کردووە و ئاسۆی بنیاتنانی دنیایەکی باشتریان زیاتر تاریک کردووە.
دکتاتۆری پرۆلیتاریا مەرجی نەهێشتنی دکتاتۆریی سەرمایەیە. سۆشیالیزمە ئەڵتەرناتیڤی ئەم سیستەمە قەیرانگرتووە کە تاوانی لێ ئەچۆڕی.
تێبینی:
1
OECD =The Organization for Economic Co-operation and Development
2
AIPAC= The American Israel Public Affairs Committee
عامر سابیر
14/09/2024