هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… جوان میرزا: دکتۆر و چالاکوانی ژنان و ئەندامی دەزگای هاوپەیمانی ئامانی ژنان.
لەم رۆژانەدا؛ هەموارکردنەوەی یاسا، یان سەپاندنی پاراستنی پیدۆفیلی، شەقامی عێراقی ولاپەڕەکانی تۆرەکۆمەڵایەتیەکانی سەرقاڵکردووە لە دژ و رازیبوون بەهەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨. هەموارکردنەوەکە هانی تایفەگەری لەناو خێزان ولاقەکردنی لەشی منداڵان، بەڵکو کۆرپەش، هەروەها ژن وەک قاپێکی جنسی چاولێدەکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ نرخێک بۆ بوون وکەرامەت ومرۆڤبوونی.
ناوەرۆکی پێشنیاری هەموارکراو ئاماژە دەدات بە هاوسەرگیری منداڵی ٩ ساڵ (بەپێی مەزهەبی جەعفەری لەشیعە، وقبوڵکردنی جووتبوون لەمەزهەبی سوننە، رێگەدان بەیاریکردن بەران بەپێی فقهی شیعە (سەرچاوە: منهاج الصالحین السید السیستانی جزء٣ صفحة ١٠) “جووتبوون لەگەڵ هاوسەرەکەت نابێت تا تەمەنی ٩ ساڵی تەواو نەکات”، جووتبوونەکە بەردەوام بێت یان پچڕ پچڕ، بەڵام چێژ وەرگرتنەکانی دیکەی وەک دەست لێدان وماچکردن خستنە ناکۆش وران…تاد ئاساییە بۆچێژ وەرگرتن. هەرچەند جووتبوون پێش تەواوکردنی ٩ ساڵی (لەهیچ پەرلەمانێکی دونیادا بینیوتانە یاسایەک تێپەڕێنن کە هاندانی تێدابێت بۆ ئەنجامدانی تاوان، بەبەڵگەی سەلمێندراو و بەردەست!؟ ئایا پەرلەمانێکتان بینیوە لەدنیادا رێگەبدات دەستدرێژی بکرێتە سەر منداڵانی کۆرپە و بەرەوسەر، بەناوی هاوسەری شەرعی؟ چ هەمەجیەت وبەربەریەتێکە ئەم پەرلەمانە! وئەندامانی دەیانەوێت ئەم کۆمەڵگەیە بەرەو چ زەلکاوێک بەرن؟ ئەو پەرلەمانەی هانی دەرکردنی یاسای لاقەکردنی منداڵ دەدات؛ پەرلەمانێکی پیدۆفیڵیە! لەسەرمانە رووبەڕووی دادگا ویاسایی نێودەوڵەتی بکەینەوە، ولەدادگا نێودەوڵەتیەکان وبەپێی بەندەکانی تاوانی جینۆسایدکردنی منداڵانی عێراق دادگایی بکرێن. هەروەها ژنان دەبێت لەدادگادا دژ بە هەر پەرلەمانتارێک کە تەپڵی پێشنیاری هەموارکردنەوە وتێپەڕاندنی بەشوودانی منداڵی ٩ ساڵە دەکەن ببینەوە، شکات بکەین. یان یاسای پاراستنی پیدۆفیلی دەردەکەن، لەوەش زیاتر هانی تاوانی توندوتیژی وئیستیغلالی جنسی منداڵان دەکەن. لەگەڵ ئەوەی بکەرەکە حەسانەی یاسایی هەیە، دواتر ئەم یاسایە کۆمەڵگەی عێراق دەکاتە جەنگەڵستانێکی بێ چاودێر ورەقیب، وتەنانەت” بە سەرپەرشتی یاسایی” هەر باوکێکێ هەژار دەوێرێت کچەکەی بفرۆشێت کاتێک پێویستی بەپارە دەبێت. چ کەسێکی دەروون نەخۆشە کە خەو بە (گۆشتی خاو وناسک)ەوە دەبینێت، ولەبەرامبەردا پارەدەدات بۆبەدەستهێنانی لەشی منداڵێک بەناوی(شەرع) ەوە! پەرلەمان وبانگێشتکەرانی هەموارکردنەوەکە، ئەوانەن کە هانی تاوان دەدەن، و دەیانەوێت تاوانەکانیان لەهەرسات وشوێنکدا ئەنجامبدەن، و بەشێوەیەکی (یاسایی). هاوسەرگیری منداڵی ژێر تەمەن ١٠ ساڵی، یەکێکە لەبەندەکانی یاسای هەموارکراو، بەواتایەک ئەوەی شاراوەیە گەورەترە. بەندەکانی دیکە پەیوەندیان بەپرسەکانی میراتی ژن، دایانگایی دایک ونەفەقە …تاد هەیە، وهەربەندێکیان لەبەندەکەی تر قێزەونترە بۆ ژنانی عێراقی. نامۆترین وناشیرینترین بیانوەکانی بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکە لەزمانی داواکەرانی، بریتیە لە سنووردارکردنی رادەی جیابوونەوەی هاوسەرگیریە کە ئێستا لەعیراقدا روولەهەڵکشانە! جیابوونەوە وتەڵاق؛ چ پەیوەندیەکی هەیە بە بەشوودانی منداڵانەوە، چ لۆجیکێکی نامۆ و چ تێروانینێکە لەبیرکردنەوە، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی وەک تەلاق؛ کەهەموومان زۆر باش دەزانین هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری وتوندوتیژی خێزانی وبێکاری وهەژاری ماددەی بێهۆشکەر کەشوهەوا وژینگە وبەرزبوونەوەی پلەی گەرما وکێشەی بەردەوامی بڕانی کارەبا ونزمی ئاستی خزمەتگوزاریەکان کەدەبێتە هۆی گۆڕان لەئاکاری مرۆڤەکاندا، لەئەنجامی تووڕەبوونەکانیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی ناجێگیری دەروونی ودڵەراوکێ. تێکهەڵچوون وئاکاری شەڕانگێزی لەکاتی وەرزی هاویندا، ئەم شیکردنەوەیە بۆ بەرزبوونەوەی تاوان وتوندوتیژی لەهاوین، دیارە زیاترە لەوەرزەکانی دیکە (بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەسەر تاوان وئاکاری مرۆڤەکان لە زانکۆی هارڤەردی ئەمەریکی). لەکۆتاییدا پیاوانی ئایینی بەزوڕنای حیزبە ئیسلامیەکانەوە هەستان بەجوێندان بەژنان وداکۆکیکەرانی مافەکانی ژنان ومنداڵان، وناشیرینترین جوێنیان پێدەدەن و بەماسۆنی وسۆزانی وتێکدەری خێزانی عێراق وسەفەرکەر وپشتیوانیان لەلایەن ئەمەریکا ورۆژئاوا لێکراوە. واپێدەچێت حزبە ئیسلامیەکان ئەوەیان بیر چوو، یان بیریان دەچێت کەئەوان لەسەر پشتی زرێپۆش ودەبابەکانی ئەمەریکا وهێزەکانی هاوپەیمانی و رۆژئاوا هاتنە دەسەڵات. پەرلەمان وحکومەتی عێراقی لەهەموو خولەکانی پێشوو وئێستادا، هیچ وەڵامێکیان پێ نییە بۆ پێویستیەکانی خەڵک لەفەراهەمکردنی ژیانێکی شەرفمەندانە وچارەسەرکردنی بێکاری وهەژاری ونەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی وکۆمەڵایەتی و نەبوونی ئەمن وئاسایش وبڵاوبوونەوەی گەندەڵی ودیاردەی بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان… تاد لە قەیرانەکان، وپێش کۆتایی هاتنی ئەم خولەی پەرلەمان؛ پێشبڕکێیانە لەدروستکردنی قەیرانی تازە، وئەمجارەیان بەهەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی سەرسامیان کردین! دەرکیان بەوەنەکرد کەئاکامەکانی ولێکەوتەکانی ئەم هەموارکردنەوەیە چییە لەسنووردارکردنی رۆڵی دادگا مەدەنیەکان لەلایەک، وهێنانی دادگا مەزهەبی وئایینی وتایەفیەکان لەجیاتی. کۆمەڵگەکان بەهێنان ودەرکردنی یاسای پاراستنی هاوڵاتیانی لەئیستیغلال وسوکایەتی پێکردن، نەک بازرگانیکردن بەجەستەی منداڵان وژنان بەیاسایی بکرێت!
ئەوەی روودەدات بریتیە لە ململانێی نێوان هێزی مەدەنی وئازادیخوازی کۆمەڵگە، کەلایەن بزووتنەوەکانی ژنان وتەوژمە ئازادیخواز ومەدەنیەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، لەبەرامبەر سیستەمی پیاوسالاری وتایەفی خوێناوی، کەلەلایەن ئیسلامی سیاسیەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
رەوڕەوەی مێژوو بەرەوپێش دەچێت، سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ گەڕاندەوەی بۆدواوە. ناتوانن سەردەمی بڕینی دەستی دز وسەردەمی خزمەتکاری وکۆیلە وبازرگانیکردن بەژنان لەبازاڕی چێژبینین، بگەڕێننەوە.