هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… توانا نوری (کۆمۆنیست وچالاکوانی سیاسی)

0

بابەتی هاوسەرگیری لە قورئاندا باس نەکراوە. بەڵام فەقیهە جیاوازەکانی ئیسلام هەریەکەو بە جۆرێک چارەسەری بۆ دۆزیوەتەوە. حەنبەلی و مالیکی و شافیعی و حەنەفی و جەعفەری بە بۆچونی خۆیان وەڵامیان بە پرسی هاوسەرگیری داوەتەوە. مەزهەبی مالیکی دەڵێ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا کوڕ و کچ بۆیان هەیە هاوسەرگیری بکەن، مەزهەبی حەنەفی ١٧ بۆ کچ و ١٨ بۆ کوڕ، شافیعی و حەنبەلی ١٥ ساڵ بۆ کوڕ و کچ و جەعفەریش دەڵێ ٩ ساڵان بۆ کچ و ١٥ بۆ کوڕ. یاسا تازەکە هاوسەرگیری دەگەڕێننەوە بۆ هەر کەسە و مەزهەبی خۆی بەمەش دادگا ڕۆڵی نامێنێ. بۆچی ئەم بێ سەروبەرییە دروست دەکەن؟ لەعێراقدا یاسای باری کەسێتی کیشەی دروستنەکردووە تا چارەسەر بکرێ. دەسەڵات لە عێراقدا کێشەی لاوەکی دروستدەکەن، چونکە دەیانەوێ خەڵک بیر لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە نەکاتەوە. نایانەوێ بیر بکەیتەوە لە کیشەی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی وڵات و ئازادی فەیک. کێشەی سەرکوتکردن یا دەمکوتکردنی خەڵک. کێشەی برسیکردن و هەژارترکردنی خەڵک. كێشەی گرانی. کێشەی خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. کێشەی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان. کێشەی خەستەخانە و تەندروستی گشتی. هتد.

ناورۆکی ئەم کیشەیەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە دانانی یاسا گرێدراوە بە ئیسلامەوە و ئیسلام و دەوڵەت جیا نەکراوەتەوە.  

کەواتە ناکرێ مەسەلەیەکی وا هەستیار بدرێتە دەست بۆچونی فەقیهی جیاواز و بەپێی مەزهەبی جیاواز و ئارەزووی مەلا و پیاوی ئایینی جیاواز هاوسەرگیری بکرێت. لە واقیعا نابی هیچ مەسەلەیەک بدرێتە دەست مەزهەبی جیاواز و پەیڕەوی لێبکرێت. بۆیەشە خەڵکێکی زۆر داوای جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت و پەروەردە دەکەن، چونکە لە سیکۆلاریدا توشی حاڵەتی لەم جۆرە نابیت لەبەر ئەوەی پشت بەزانست دەبەسترێ و زانستیش دەڵێ هاوسەرگیری دەبێ لەسەروو تەمەنی ١٧ەوە بێت.

سەردەمێک لە عێراق بیروبۆچونی چەپ زاڵ بووە بەسەر ئەفکاری گشتی و یاسای باری کەسێتی ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ بەرهەمی ئەو سەردەمەیە، بەڵام ئێستا ئیسلامی شیعە سیاسی لە ناوەند زاڵە و دەسەڵاتیشی بەدەستەوەیە و دەیانەوێ ئەم یاسایە بگۆڕن و بیگونجێنن لەگەڵ سەردەمی زاڵبوونی ئیسلامی سیاسی.

ئەگەر لە نۆ ساڵیدا کچ بەشوو بدرێ ئەی ئیتر منداڵ کێیە؟ ئایا لەمەو دوا منداڵ یانی ٨ ساڵان؟ کەواتە پێناسەی منداڵیش بدرێتە دەست باوک و دایک و لە مەزهەبێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێ؟ جەعفەری ٩ ساڵان بە بالق دەزانێ شافیعی و حەنبەلی ١٥ بە بالق دەزانێ و هتد. کەواتە لە نەجەف و کەربەلا منداڵ یانی ٨ ساڵان و لە شوێنیتر بەجۆرێکی ترە؟  کێ لەم بێ سەروبەرییە سوودمەندە؟

ئەی کەی دەبێ منداڵ بخرێتە فێرگە؟ ئایا دەکرێ وەڵامی ئەم کێشەیەش بدرێتە دەست باوک و دایک و چۆنیان بە مەسلەحەت زانی بەو شێوەیە بڕیاری لێبدەن؟ ئایا بۆ ئەمەش دەبێ پەیڕەوی مەزهەبی جیاواز بکەین.

باشە منداڵ لەچ تەمەنێکدا دەتوانێ بەبێ باوک و دایک سەفەر بکات؟ ئەگەر لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بەشو بدرێ کەواتە نۆرماڵە لەو تەمەنەشدا بە تەنها سەفەر بکات؟ ئەگەر لە ٩ ساڵیدا نابێت بەتەنها سەفەر بکات ئەی لەچ تەمەنێکدا نۆرماڵە؟ چەند ساڵ دوای هاوسەرگیری؟ ساڵێک دوای هاوسەرگیری یاخود دوو ساڵ نۆرماڵە؟ ئەی بۆ شەش مانگ نەبێ؟ ئەمەشیان بەپێی مەزهەب دەیگۆڕن؟ کێ ئەم بڕیارە دەدات؟

 

ئەی لە چ تەمەنێکدا بۆی هەیە مۆڵەتی شوفێری وەربگرێت؟ چۆنە ٣ ساڵ دوای هاوسەرگیری یانی لە تەمەنی ١٢ ساڵی؟ یاخود ئەمەشیان بخرێتە بەردەم ئارەزووی باوک و دایک؟

لەچ تەمەنێکدا بۆت هەیە کار بکەیت؟

ئەی لەچ تەمەنێکا بۆی هەیە دەنگ بدات؟ ئەگەر لە ٩ ساڵیدا کچ بە شوو بدرێ ئەی بۆچی بۆی نەبێ دەنگ بدات؟ ئایا لەو تەمەنەدا دەتوانێ بریارێکی دروستبدات لەسەر ئەوەی کێ نوێنەرێتی؟

بۆچی بە کچەوە نووساون و دەیانەوێ لە ٩ ساڵیدا بیدەن بەشوو؟ بۆچی لە کۆمەڵگەی ئیمەدا بڕیاری لەو جۆرە دەدەنە دەست باوک و دایک یاخود مەلای ئایینی؟ کێ ئەو مافە دەدات بە باوک و دایک یاخود مەلای ئایینی؟ هەر لەبەر ئەوەی منداڵت هەیە و کچن ئیتر باوک بۆی هەبێ لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بیدات بە شوو؟

ئایا دەکرێت ئەم بابەتە لەگەڵ پیاوی ئاینیدا باس بکرێت؟ بۆچی بیر وهزری پیاوی ئاینی هەمیشە لای “هەڵسوکەوتی کچە و ئەیەوێت بیکاتە ئامرازی دامرکاندنی حەزەکانی پیاو”؟ بۆچی هەمیشە “سێکس” تەوەری سەرەکی پیاوی ئاینییە؟

لەکۆتاییدا ئەوە ماوە بوترێ ئەوەی دەیانەوێ بیکەن هەموار نییە، بەڵکو دژایەتیکردنی مەدەنیەتە و گەڕانەوەی خەڵکە بۆ دواوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.