هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… هاوژین زێبا (توێژەری دەروونی و فێمێنیست)

0

لە سەردەمی بانگەشەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، ناسنامەی “ژن- بوون” لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا لە قۆناخی گڕوگاڵدایە و لەبەر ئەوەش لە مەترسیدایە. هەوڵی دواکەوتووانە بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق – کە دەیەوێت ڕێگە بە بەشوودانی کچانی تەمەن نۆ (٩) ساڵ بدات و شەرع پێش یاسا بخات. لە هەر گۆشەنیگایەکەوە لێی بڕوانرێت لە قازانجی ژمارەیەکی تایبەت لە پیاوان. لە حاڵەتی هەموارکردنی یاسایەکی وادا تەنیا پێدانی ئیمتیازی جنسی زیاترە بەو جۆرە پیاوانە و بێگومان پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤە. ئەم هەوڵە نیشانەی گەڕانەوەیە بۆ سەردەمێکی تاریک کە تیایدا منداڵان، بەتایبەت کچان، تەنها وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لە مرۆڤایەتی دادەماڵرێن. ئەمە دژی هەموو بنەما زانستی و دەروونناسییەکانە کە گرنگیی قۆناغی منداڵی بۆ گەشەی تاک دەسەلمێنن. ژن بوون، هەروەک پیاو بوون، پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە لە منداڵییەوە دەست پێدەکات و پێویستی بە کات، هەل و دەرفەتی گەشەکردن هەیە و بێگومان لە دۆخی ئازادیشدا. بەشوودانی کچانی منداڵ هەر دزینی منداڵی نییە لە مرۆڤی ژن، بەڵکو کوشتنی داهاتووی ئەو و نەوەیەکیشە. ئەم بیرۆکەیە هەڕەشەیە لە خەون و دەنگ و توانا و بەهرە جیاوازەکان، زۆر پێش ئەوەی دەرفەتی گەشەکردنیان هەبێت. ئەمە توندوتیژیی سیستەماتیکە دژی ژنان کە لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆی کۆمەڵگە جێدەهێڵێت. یاساکان دەبێت پارێزەری ماف بن، نەک ئامرازی چەوساندنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.