هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… فرمێسک وریا قانیع (مامۆستا):

0

سڵاو؛ دەمەوێت بڵێم عێراق وڵاتێکی ئیسلامی نییە (لانی کەم وەک ئێران و ئەفغانستان) گەرچی زۆربەی ئەو یاسایانەی تایبەتن بە خێزان و ئافرەت لە شەریعەتەوە سەرچاوە دەگرن. سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی ژمارە ١٨٨ کە تێدا کچ بۆی هەیە دوای ١٨ ساڵی هاوسەرگیری بکات و دەیانەوێت بگەڕێینەوە سەردەمی جاهلی و لە نۆ ساڵان مافی مناڵی کچ زەوت کەن لە فێر بوون و خوێندن و گەشەکردنێکی سروشتی و تەندروست لە ژینگەیەکی لەباردا کە لەم تەمەنەدا مافی خۆیەتی مناڵی خۆی بژی بە یاریکردن و گەڕان بە دوای فێربوون و دۆزینەوەی حەزو ئارەزوەکانی، دەیانەوێت بیخەنە ژێر بەرپرسیاریەتیەک کە زۆر زۆر دوورە لە دروستبوون و تکوینی مێشک و جەستەی لەو تەمەنەدا، کە خۆی پێویستی بە ڕێنیشاندەرێکە و پێویستی بە دەستێکی دڵسۆزانەیە بەسەریدا بهێنرێت لە لایەن باوک و دایکیەوە، نەک نازو رغبەتی هاوسەر جێبەجێ بکات کە ناشارەزایە پێی! بۆیە بە پێویستی دەزانم زۆر بە جدی دژی ئەم هەموارکردنەوەیە بوەستین، و ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئەم پڕۆژە یاسایەی داناوە کەسەر بە مەزهەبی شیعەیە سزا بدرێت و حصانەی پەرلەمانی لێ وەربگیرێتەوە، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی ترەوە وەرگرتنەوەی حەزانەی مناڵ لە دایک و گەڕانەوەی بۆ باوک زوڵمێکی گەورەیە لە منداڵەکە دەکرێت پێش دایکەکە؛ چونکە لای هەموان ئاشکرایە ئەو میهرەبانی و هەست وسۆزەی دایک دەیبەخشێتە منداڵەکەی، لای باوک دەستناکەوێت، یان بەو جۆرو کوالیتیە نییە، چونکە غەریزەی دایکایەتی نمونەی نییە. هەروەها ئەم هەموارکردنەوەیەش کارێکی نابەجێیە سەبارەت بە بڕینی نەفەقەی ژن خۆ خۆیان زۆر باش دەزانن و هەر بەپێی شەرعی ئیسلام هەموو بژێوی ژیان و خێزان لەسەر پیاوە! گەرچی ژنەکە دەوڵەمەندو پارەداریش بێت، کە ئەمە قسەی مەلاکانە. ئەدی بۆچی ناحەقی بەرانبەر بە ژن دەکرێ و نەفەقەی دەبڕن. لێرەدا پیاوسالاری دەردەکەوێ کە زۆربەی کۆمەڵگە بە دەستیەوە دەناڵێنێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.