پڕۆژەی رێکەوتنی هاوبەش بۆ دەستدریژی بۆسەر مناڵان و کۆمەڵگە… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
بە مەبەستی هەمواری یاسای باری کەسێتی، کە لەبنەرەتدا نەک هەموار، بەڵکو هەوڵێکە بۆ بەیاسایی کردنی ئیغتیسابی مناڵان، هەردوو بلۆکی سیاسی “شیعەو سوننە” خەریکی سات و سەودایەکی قێزەون و نا ئینسانین. بۆ تێپەراندنی ئەم پرۆژە یاسا دژە ئینسانییە، بەجیا لە کۆنەپەست بوون و دژە ژن و دژە مناڵ بوون و مافەکانی مناڵان، هەردوو کوتلەی “شیعەی سیاسی و سونەی سیاسی” دەیانەوێت بە ڕیکەوتن ئەم پرۆژە یاساییە تێ بپەرێین. بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، کوتلەی پەرلەمانی سونەکان ئامادەن دەنگ بەو پرۆژە یاساییەی کوتلەی پەرلەمانی شیعەکان بدەن، لەبەرامبەر بە بریاری پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیانی سیاسی کەزوربەی هەرەزۆریان کۆنەبەعسی تۆمەتبار و هاوکاری داعش و چنگیان سورە بە خوێنی هاوڵاتیانی بێتاوان. لەبەرامبەر بە ئازادکردنی ئەو هەموو تۆمەتبارانە، سونەی سیاسی دەنگ بە پرۆژەی ئیغتیسابی مناڵان دەدەن کە کوتلەی شیعەی سیاسی لە پشتییەتی.
هەردوو پرۆژەکەو هەر دوو لایەنی “شیعەو سوننە”، بە ئەندازەی جەلادە تۆمەتبارەکان تۆمەتبار دەبن بە هێنانی ئەو پرۆژە یاسایە تا سەرمۆخ کۆنەپەست و نائینسانییە. چ پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی و چ ئەم ڕیکەوتنە قیزەونە بۆ تێپەراندنی یاسای باری کەسێتی، دوو دیوی یەک هەوڵی مەترسیدارن لەدژی هەموو بنەمایەکی ئازادی و مافەکانی ئینسان. لەهەر گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا دەسەڵاتێک بایی سەرە دەرزییەک بروای بە ئازادی و مافی تاک و مافی ژن و مناڵ هەبێت… هەردوو لایەنی پشت ئەو دوو پرۆژە یاساییە بە یاسا دەدەنە دادگا و لێپرسینەوەی یاسایی، نەک ئەوەی مافی فەرمانڕەوایی و هێنانی پرۆژە یاسایی لەو جۆرەیان هەبێت…
لە هەموو وڵاتێکی مەدەنی و نادینیدا، هەرەشەو توندوتیژی و لێدان و چاوسوکردنەوە لە مناڵان بەتاوان هەژمار دەکرێت و لە هەر خێزانێکدا رووبدات بەجیا لەوەی مناڵەکە لە خێزانەکە دەسەننەوە ئەوانەی توندوتیژی و ئازاری مناڵیان داوە، دەخرێنە بەردەم دادگا و لێپرسینەوە. بەو لۆژیکە زۆر ئاسایی و مەدەنییە، سەرجەم ئەو لایەن و کوتلەیەی ئەو پرۆژە یاسایەیان هیناوە بۆ بە شودانی مناڵانی ٩ ساڵە یان خوار ١٦ ساڵ، مەحکوم بە لێپرسینەوەی یاسایی و تەنانەت زیندانی کردنن. ئەوانەشی کە پشتییوانی پرۆژە یاسایەکی وا دەکەن بەهەمان شیوە مەحکوم بە لیپرسینەوەی یاسایین. پرۆژەی یاسای لیبوردنی گشتیش کە کوتلەی سوننەی پەرلەمانی هێناویانە، بە مەبەستی ئازادکردنی هەزاران و دەیان هەزار تۆمەتبار و بەتایبەتی بەشدار لەگەڵ هیزەکانی داعش و کۆنەبەعسیەکان و ئەنجامدەری تەقینەوە و کوشتن و سەربرینن و ….تاد، دیسان تاوانێکی ترە بە حەقی ئازادی و مافەکانی ئینسان و ئەمنیەت و ئاسایشی هاوڵاتیان و لە هیچ جیگا و وڵاتێکی لانی کەمی هەڵگری مەدەنیەت، تۆمەتبارانی سیاسی و دەست هەبوو لەگەڵ باندی ئینسان کوژی وەکو داعش و بەشدار لە کردەوەی تیرۆریستی و ئینسان کوژیدا، لێبوردن نایان گرێتەوە و لە لێپرسینەوەی یاسایی قوتار نابن. ئەوانەی ئەو پرۆژە یاسایانەیان هێناوە و ئەوانەشی پشتیوانی دەکەن، دەچنە خانەی لیپرسینەوەی یاسایی بە هۆکاری ئازادکردنی تۆمەتباران و دوبارە بەرەڵاکردنەوەیان بۆ گیانی کۆمەڵگە تا تاوان و تاوانکاری بخوڵقینن. ئەو مامەڵەیەی لە نێوان ئەم دوو رەوت و فراکسیۆنە پەرلەمانییە و بێدەنگەی حزب و لایەنە ناسیونالیستە کۆنەپەرستە کوردیەکان، ئەنجام دەدرێت، تاوانکارییەکی ئاشکرایە بەدژی سەرەتاییترین مافەکانی ئینسان و ماف و کەسایەتی ژن و مناڵان.
ئەگەر ئەم ڕیکەوتنە لەنێوان ئەم کوتلانەدا بە ئاکام بگات… لەلایەکەوە دەیان هەزار تۆمەتبار بەر دەدرێنەوە گیانی کۆمەڵگەو دەبنەوە مەترسی بەسەر سەری ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان و لەلایەکی تریشەوە وەیشومەی دەستدریژی سیکسی بۆ سەر مناڵان دەبێتە دێوەزمەیەکی مەترسیدار بۆسەر سەرجەم کۆمەڵگە.
ئیسلامی سیاسی شیعی کە باڵادەستی بەسەر عێراقدا هەیە، دەیانەوێت لە ڕیگای هێنانی یاسای کۆنەپەستانە و دژە ژن، هەمان ئەلگۆ و فۆرمی جمهوری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی عێراقدا بسەپێن و لەو رێگایەشدا ئامادەی هەموو سازش و ڕیکەوتنێکن لەگەڵ هەر لایەن و هیزێکی تری سیاسی.
هەوڵ بۆ ئیسلامیزە کردن و بە شیعەکردنی تەواوەتی دەسەڵات لە عێراق و داسەپاندنی رێساو یاساکانی شیعەی سیاسی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدایە کە خودی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی لەبەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری دایە. ئیسلامی سیاسی شیعی لە زیاتر لە چوار دەهەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا نەک نەیتوانی کۆمەڵگەی ئیران ئیسلامیزە بکات و ژنان لە ماف و ویستە مەدەنی و یەکسانیخوازەکانیان پاشەکشە پێبکات، بەڵکو روو بەرووبونەوە لەگەڵ سیاسەت و رێسا و یاسا ئیسلامیەکان و دەسەڵاتی ئاخوندەکان، بووە مەیدانی نەبەردێکی گەورەی کۆمەڵایەتی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی. سەر ئەنجامیش ئەو دەسەڵاتەی بە هیرش بۆسەر ژنان هاتە سەر دەسەڵات، کەوتە بەردەم جوڵانەوەی ئازادیخوازنەو ژنانی ئیرانەوە و سومبولەکانی لەچەشنی حجاب و نەریتە داسەپاوەکان، لە جەرگەی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ماوەی رابردوودا، توڕ دران.
ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە عێراق و کوردستاندا، پیویستە لەدرێژەی نارەزایەتی ئیستای خۆیاندا بە دژی هەمواری یاسای باری کەسێتی، هاوکات بەدژی سات و سەودای لایەنەکان بۆ تیپەڕاندنی ئەو یاسا کۆنەپەست و دژە ژن و دژە بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق، لە ریزێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا رابوەستن. رووبەروو بووبەوە بەدژی هەمواری یاسای باری کەسێتی، یاسای لیبوردنی گشتی و ئازادکردنی هەزاران جەلاد و تۆمەتبار و ڕیکەوتنی سیاسی نیوان ئەم کوتلە کۆنەپەستە سونی و شیعیانەو بێدەنگەی دەسەڵاتی لغاوکراوی بزوتنەوەی کوردایەتی و لەبەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازاتدا، نەبەردێکی کۆمەڵایەتی گەورە دەخوازێت… پیویستە هەر کەس و لایەنێک و کە بڕوای مافی مرۆڤ بە ئازادی و پاراستنی مناڵ و مافەکانی هەیە و دژی دەستدریژی سێکسییە بۆسەر مناڵان، لە ریزێکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا بوەستن و هەموو شەقام و بەردەم بارەگای حزبەکان و سەرجەم دام دەزگا بەرپرسیارەکان بکەنە مەیدانی نمایشی جەماوەری و رەتکردنەوە و نا وتن بە یاسایی کردنی هاوسەرگیری شیعە و دەستدریژی بۆسەر مناڵان، بەرگری کردن لە هاوسەرگیری مەدەنی.
پیویستە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری هاوکات یەخەی یوئین و رێکخراوە ئینسان دۆست و بەرگریکار لە مافەکانی مناڵان لەناوخۆی عێراق و کوردستان و دنیای دەرەوە بگرێت و تا لەو بارەیەوە بەرپرسیاریەتی خۆیان نیشان بدەن و ریگە نەدەن یاسایەکی ئاوا کۆنەپەرستانەی دژە مناڵ و ڕیکەوتنێکی ئاوا شەرماوەر، بچیتە بواری جێبەجێکردنەوە.