ژنان لە پەیوەند بە هەمواری یاسایی باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… پرسی رۆژ: بەبڕوای ئێوە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە یانی چی؟ پەخشان کاکەوەیس (راهێنەر وتوێژەر لەپرسی جێندەر)

0

یاسای باری کەسێتی لە عێراق بەڕای من ئەم هەموارکردنە دەسەڵاتێکی فراوانتر دەدات بە پیاوانی ئاینی بۆ ڕێکخستنی ژیانی هاوسەری و کاروباری خێزانی، بەپێی فەتواکانی مەزھەبە جیاوازەکان کە ناگونجێت لەگەڵ بڕگەکانی یاساکە، کە زیاتر لە نیو سەدەیە جێبەجێ دەکرێت. ئەمە یەکێی تر لەو ھەوڵانەیە کە ئیسلام وەک پەردەیەک بۆ بەدیهێنانی ئەجێندای سیاسی خۆیان بەکاردەهێنن. زۆربەی یاساناس و چالاکوانان پێیان وایە، ئەم جۆرە هەموارکردنە “پەردەپۆشێکی یاسایی” دەدات بەو پیاوە ئاینیانەی کە هاوسەرگیری بەناو شەرعی لە دەرەوەی دیواری دادگاکانی عێراق ئەنجام دەدەن. لە ھەموارە پێشنیارکراوەکە ئارەزووی سیاسی دەردەکەوێت بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی مەلاکانی شیعە و سوننە (بەتایبەت شیعە) لە کۆمەڵگەدا لەڕێگەی گۆڕینی فەتوای فقی بۆ «یاسا»، ئەمەش تووڕەیی بەرهەڵستکارانی لێکەوتەوە، چونکە زیانێکی گەورە بە ژیانی شەخسی کۆمەڵگە ئەگەیەنێت. زۆربەی یاساکانی عێراق پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی سەردەمی ئێستادا بگونجێن، ئەمەش شتێکی ئاساییە لە زۆربەی وڵاتان. بەڵام من پێموایە کێشەی یاسادانان یان هەموارکردنی یاساکان لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ئەوەیە کە زۆربەیان بەھۆی پاڵنەری سیاسین و ڕاوێژ بە پسپۆڕان ناکرێت، یان گفتوگۆ لەگەڵ نوخبەی کۆمەڵگە ناکرێت بۆ ئەوەی یاساکە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی پێداویستتییەکانی کۆمەڵگە بێت. پەرلەمان لەکاتێکدایە دەستی بردووە بۆ بابەتێک کە عێراق ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران دەبێتەوە؛ بۆ نموونە خراپی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی دادپەروەری کۆمەلایەتی. لەم کاتە هەستیارە کە عێراق لە چەقی گەردەلوولی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەدایە و گەلی عێراق چەندین ئەولەویەتی هەیە. من پێم وانییە ئەم ھەنگاوە سەرکەوتوو بێت بە تایبەت کە لە ھەموو لایەک دەنگی نارەزایەتی بەرزبۆتەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.