ئەحمەد عەلی: ئەو حزب و لایەنانەی کە پێیانوایە هەڵبژاردن چارەسەرە، خۆیان سەرچاوەی کێشەکانی هەرێم و سەرچاوەی وێرانکردنی کۆمەڵگەی کوردستانن… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ ئەحمەد عەلی هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست و بزوتنەوەی جەماوەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای چوار مەرسوم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پینجەم مەرسومی بۆسازدانی هەڵبژاردنی هەرێم دەرکرد و بەرواری ٢٠/١٠/٢٠٢٤ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، سەرەتا دەپرسین، ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت؟

ئە‌‌حمەد عەلی: سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.

زەمانەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان وەک چارەنوسی هەريمەکە خۆی هیچ زەمانەتێکی نییە،  هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زەمانەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە. ئەوەی هەر ناوێکیتری لەبنرێت، واقعی نییە. هەرێمی کوردستان بە ‌حکومەت و پەڕلەمان و حزبەکانیەوە، تەنیا وەسیلەیەکن بۆ بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە.

بۆپێشەوە: مەرسومی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر و سەردانی بەغداو پاشان ئیران دەرکرا، چۆن دەروانە رۆڵی ئیران و وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە؟

ئەحمەد عەلی: دەورونەخشی حکومەتی ئێران لەو ناوچەیە نوێ نییە، ئێران لە ٣٣ ساڵی ڕابوردوودا کاریگەری گەورەی بەسەر بڕیار و ڕوداوەکانی کوردستانی عێراقەوە هەیووە. ئەوان لایەنێکی گرنگ و بڕیار بەدەستن لە تەواوی عێراقدا، بەبێ پرس کردن بە حکومەتی ئێران زەحمەتە حزبی کوردی جەسارەتی بڕیاری هەبێت. سەرۆکی هەرێم بڕیاردەر نییەو تەنیا جێبەجێکەرە، بەرژەوەندی ولاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا و ئێران چۆن بخوازێت، بەو جۆرە بڕیار دەدرێت. ڕۆڵی حکومەتی ئێران هیچ کات ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ نەبووە، بڕیارەکانی، سیاسەت و هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان بووە، هەڵوێستی حکومەتی ئێران ناتوانێت و ناکرێت پێچەوانەی هەڵوێستەکانی بێ بەرامبەر کيشەی کورد لە ئێران و ستەمی میللی لەو وڵاتە، بۆیە هەر جۆرە چاوەڕوانی و باوەڕێک بەوەی کە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی خزمەتيک بە خەڵکی کوردستان بکات یان لە بەرژەوەندی ئەوان کارێک بکات، هەڵەیەکی گەورەو و تيگەیشتنێکی ساویلکانەیە. پێچەوانەکەی دروستە، کە نەک تەنیا دژ بە خەڵکی کوردستان هەڵوێستی گرتووە، بەڵکو حزبی کوردی و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی لە کوردستانی عێراقیشی خستۆتە خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتی سێدارەی خۆیەوە. لە سەرکوت و هەڵوەشانەوەی حزبی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش لە کوردستانی عێراق.

 

بۆپێشەوە: هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان هەڵبژاردن بە تاکە رێگای چارەسەری کیشەکانی ناوخۆی هەرێم دەزانن، چۆن دەروانە ئەو بۆچوونە؟

ئەحمەد عەلی: هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان؟ پيموایە بەکارهێنانی )هەموو( دروست نییە، چونکە حزب و لایەنیش هەیە کە بایکۆتی هەڵبژاردن ئەکات.

بەڵام هەرگیز هەڵبژاردن چارەسەری هیچ کێشەیەکی خەڵکی کوردستانی نەکردووە، لە ٣٢ ساڵی ڕابوردوودا بە کردار سەلماندیان کە حزب حوکمی کوردستان ئەکات، نەک پەڕلەمان و هەڵبژاردن، لە باشترین دۆخدا، ئەکرێت هەڵبژاردن کێشەو ناکۆکی نێوان حزبەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەتی هەرێمی کوردستان بڕێک ئارام بکاتەوە، یانی ڕێککەوتنی تازەی نێوانیان ڕێکبخاتەوەو بەشەکانیان هەندێک ئاڵوگۆڕی تیادا بکرێ. ئەو حزب و لایەنانەی کە پێیانوایە هەڵبژاردن چارەسەرە، خۆیان سەرچاوەی کێشەکانی هەرێمی کوردستانن، ئەوان سەرچاوەی وێرانکردنی کۆمەڵگەی کوردستانن. ئەو بۆچوونە پێچەوانەی بۆچوونی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیەتی. ئەو بۆچوونە خزمەت بە دەسەڵات و دژ بە ئامانج و خواست و ئومێدەکانی خەلکی کوردستانە بە ژیانێکی باشتر، ئەوان ساڵانێکی زۆرە بانگەشەی ئەم ڕزگار بوون و چارەسەرە ئەکەن، بەڵام واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان پێچەوانەکەیەتی، قەیران و کيشەکانی هەريمی کوردستان دوو جۆرن، کيشەی حزبەکان و کێشەی خەڵک، ئەوان بە دوای چارەسەری کێشەکانی خۆیانەوەن لەسەر حساب و سفرەی خەڵکی ستەملێکراو. بەڵام هەر بە ڕاستی ئەوان ٣٢ ساڵە کيشەکانی نێوان خۆیان پێچارەسەر نەکراوە، ئایا ئیمکانی هەیە بیانەوێ و بتوانن کيشەی بيکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری، بێ کارەبایی و تەنانەت کيشەی ئاوی خواردنەوە چارەسەر بکەن؟

 

بۆپێشەوە: وەکو ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا، پاشەکشەی زۆری کردووە تا ئەو رادەیەی سەرانی حزبەکان نایشارنەوە، کە قەوارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت وەڵامدەرەوە بەو دۆخە بێت، بەر بە مەترسیەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا بگرێت؟

ئەحمەد عەلی: هۆکاری مەترسی سەر قەوارەی هەرێم، پاشەکشەی حکومەتی کوردی نییە، بەڵکولاوازبوونی پێگەی حزب و دەسەڵاتی کوردییە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، حکومەتی ناوەندی و پێکهێنەرانی دەسەڵاتی بەغداد ئەو حەقیقەتە ئەبینن بۆیە ئەتوانن فشارەکانیان بۆ سەر حزبی کوردی زیاتر بکەن.‌ یانی جێگەوڕێگەی لاوازی حزبەکان لە کوردستان هۆکاری بە هێزە حکومەتی ناوەند و گوشارەکانیەتی. ئێستا خەڵکی کوردستان هەمان بۆچوونی ٣٠ ساڵ پێش ئێستایان نییە، ئێستا ئیتر حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن ناتوانن باوەڕ بە خەڵکی کوردستان بکەن کە ئەوان ئامانجیان باشترکردنی ژیانی ئەوانە، ناتوانن باوەڕ بە خەڵکی کوردستان بێنن کە پەڕلەمان دەسەڵاتی هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هیچ متمانەیەک لە نێوان خەڵک و کاندیدی پەڕلەمان و حزەکانیاندا نەماوە. بۆیە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە جێگەو پێگەی ئەوان لە ناوەند کەوتۆتە مەترسیەوە ئەگەر نا ئەوە ٣٣ ساڵە ژیانی خەڵکی کوردستان لە مەترسیدایە.

 

بۆپێشەوە: لە پێنج خولی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا، دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات روینەداوە هەرێم هەر دابەشی دوو زۆنی و دوو دەسەڵاتە” پارتی و یەکێتی” لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت و دیزاینی سیاسی هەرێم بگۆرێت؟ لاتان وایە پارتی و یەکێتی، لە هەڵبژاردنەکاندا مل بەدوڕان بدەن و دەسەڵات رادەستی هێزی براوە بکەن؟

ئەحمەد عەلی: ئاڵوگۆڕ؟ هیچکات ناتوانێت، دوای ٣٣ ساڵ توانیویانە تەنانەت یەک کيشەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکەن؟ دەسەڵاتی کوردی لە کوردستانی عێراق، بە تایبەت پارتی و یەکێتی دەسەڵاتێکی خۆسەپێنە، ئەوان ڕووبە کۆمەڵگەش خۆیان لەو حەقیقەتە نەشاردۆتەوە کە ئەگەر کورسیەکیش نەهێنن دەسەڵات تەسلیم ناکەن. پارەو چەک لای ئەوانە، نانی خەڵکیان بە بارمتە گرتووەو بۆ بەشێک لە بەرامبەر دەنگداندا ئازادی ئەکەن. بۆ نمونە، دەورونەخشی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەڕلەماندا بۆ خەڵکی کوردستان ئەزموونێکی تازە و ڕۆشنە، ئەوان نزیک بە نیو ملیۆن دەنگیان هێنا، بەڵام وە ٢٥ کورسی پەڕلەمانیان هەبوو، خۆیان سەرۆکی پەڕلەمان بوون، بەڵام پارتی سەرۆکی پەڕلەمانی شاربەدەر کرد، وە تەنانەت مافی ئەوەی نەبوو بڕواتە ناو هەولێرەوە،  ئەم ڕوداوانە و هەزارانیتر پێمان ئەڵێت هەڵبژاردن لە کوردستان گاڵتەجاڕیە، نە پەڕلەمان و نە پەڕلەمانتار ناتوانن و دەسەڵاتی هیچ ئاڵوگۆڕێکیان نییە. هەڵبژاردن یارییەکی ناشیرینی دەسەڵاتی کوردیەو تەنها شەرعیەتدانە بە ستەم و تاڵانکارییەکانیان. هەڵبژاردن لە کوردستان مافی دەنگدانە بۆ ئەوەی ستەم وچەوسانەوە بەردەوامی هەبێ. کاتێک سیستەمی سیاسی لە کوردستان ئاڵوگۆڕی تیائەکرێت، هيزەکانی ناو پڕۆسەکە هێزی خەڵک و لە دەرەوەی ئامانجی دەسەڵات بێت. بەڵام بە داخەوە لە کوردستان شەڕی بەرژەوەندی حزبی و شەڕی داهات و تاڵانکردنی کوردستانە.

 خەڵکی کوردستان پێویستە لەوە تێبگەن، کە ئەوان تەنها مافی ئەوەیان پێداون کە  بیانکەنەوە بە سەروەری خۆیان نەک دوریانخەنەوە لە دەسەڵات، پێویستە بیریان نەچێ کە  هەر کات داوای مافیان کردبێ، خەڵتانی خوێن کراون..

بەشداری نەکردن و بایکۆت کردنی هەڵبژاردن و دەنگدان، پێویستی بە هۆشیاری نییە، بە سادەیی وایە ئەوە ٣٣ ساڵە تیرۆر و ئەتک ئەکرێن، برسی و بێکار ئەکرێن و نانی دەمی مناڵەکانیان ئەدزن و ئەچەوسێنەوە، ئەو هۆکارانە هەزارجار لەوە زیاترە کە نەک نەیانکەنەوە بە سەروەری خۆیان، بەڵکو ڕایانماڵن و خۆیان لەم دۆزەخە ڕزگارکەن.

 

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی نەوەی نوێ کە بەڵینی گەورە گەورە بەخەڵکی کوردستان دەدات؟

ئەحمەد عەلی: لە مێژووی ئەم ٣٣ ساڵەدا بینیمان کە ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە هاتن و بانگەشەی ئاڵوگۆڕیان کرد خۆیان بوون بە بەشێک لەو کارەساتانەی بە سەر خەڵکی کوردستاندا هات، شتێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆن لەناو ئەو حزب و لایەنانەدا نییە کە بەشداری ئەم پڕۆسەیەن، هەر چەند ساڵ جارێک کۆمەڵێک بە پارەی تاڵانی و دەسەڵآتیان لێ ئەسەنرێتەوە دێن و خۆیان وەک فریشتەی نەجاتی خەڵکی کوردستان نیشان ئەدەن، بە ڕاستی گاڵتەجاڕیە، گۆڕانکاری لە سایەی ئەم حزبانەدا قسەیەکی پووچە، درۆیەکی بێ مانایە.

نەوەی نوێ، ناشیرینترین جۆری ئەم ئۆپۆزسیۆنە پووچەیە، بازرگانەکان ناتوانن ڕزگارکەری خەڵکی کوردستانبن، بازرگانەکان لە ڕوانگەی سەرمایە و قازانجەوە دونیا ئەبینن، بۆیە نەوەی نوێ فێڵ و یارییەکیترە کە بە خەڵکی کوردستان ئەکرێت. سەرنج بدەن، نەوەی نوێ چی قسەیەکی لەسەر ئازادی هەیە؟ لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵک؟ لەسەر کۆمەڵگەیەکی ئازاد؟ ئەگەر هەر جێگەو شوێنێک بە دەست بێنێ ئەوا، نەوەی نوێ بەشێکی دانەبڕاوی بزوتنەوەی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستانە لە داهاتوودا.

 

بۆپێشەوە: تا هاتووە بەشداری کردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا کەم بۆتەوە، هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵک چییە؟ لاتان وایە ئەمجارەش زوربەی زۆری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن؟ ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دەبێ چی بکەن و بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟

ئەحمەد عەلی: ناوەڕۆکی حزبی کوردی، ناوەڕۆکی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کورد بۆ بەشێکی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان ئاشکرا بووە، بە هەموو بزوتنەوە قەومی و دینیەکانەوە، بە هەوڵی دەیان و سەدان حزب و ڕيکخراو و خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار لە بانگەشەکانیاندا، هێشتا ناتوان لەسەدا بیستی خەڵک ببەنە سەر سنوقەکانی دەنگدان، ئەمە شکستی ئەوان و هۆشیاری کۆمەڵگەیە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان نەک خوازیاری دەنگدان و مانەوەیان نین، بەڵکو دەیان و سەدان ناڕەزایەتی لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستاندا دژ بەمانە سەری هەڵداو سەرکوت کرا، مەبەستمە بڵێم لە کەمترین دەرفەتتدا ئەگەر بێتە پيشەوە، ئەوا ئەمانە ڕائەماڵرێن، ميژووی سەرکوت، کوشتن، ميژووی دەسەڵاتە خۆسەپێن و چەوسێنەرەکان لە شوێنێکدا کۆتایی پيدێت، خەڵکی کوردستان چاوڕێی ئەو دەرفەتەیە. ئەوەی کە پێویستە بکرێت، لە جەرگەی هەموو هەلومەرجێکی ئاوا قورسی کۆمەڵگەدا، لە هەموو بارودۆخێکدا، یەکخستنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئاستی سەراسەری کوردستاندا و کارو خەبات بۆ لە سەرکار لابردنی ئەم دەسەڵاتە ئەرکی هەموو ئەو کەسانەیە کە نایانەوێ لەوە زیاتر کۆمەڵگەی کوردستان وێران بکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.