THE GOAT LIFE
تەواوی خەبات و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی سەدان ساڵەی کورد، ئەوەندەی 2 سەعات و 51 دەقیقە لە فیلمی “حیاة الماعز” یاخود بزنە ژیان، کاریگەری و دەنگدانەوەی نەبووە لەسەر ئاستی جیهان! خۆم لە قەرەی ئەو کارە سینەماییە زۆرباڵایە نادەم، ناچمە نێو کاریگەری ناوەڕۆک، هەڵبژاردنی لۆکەیشن، بلیمەتی دەرهێنەر، لێهاتویی سینارست، بەرزی ئاستی وێنەگران، مۆزیکی زۆر کاریگەر و گونجاو، تواناکانی شاکەسی فیلم و هتد… بەڵام بڕوانن کارێکی هونەریی هندیەکان چ واتەوات و ژاوەژاوێکی ناوەتەوە لەجیهاندا. ئێمەی کورد، ئەگەر لەبری ئەو هەموو بەناو شۆڕشەی ئێستا و ڕابردوومان، تەنها ئاوڕێکی جدیمان لە بواری هونەر بدایەوە بەسمان بوو بۆ توێشوی ئەمڕۆ، لەبری ئەوەی بە پاساوی دەوڵەتداری و دیموکراسی و سەربەخۆیی و قسەی قۆڕەوە، دەستگیرۆیی دوژمنان بکەین بۆ کوردکوژیی، لەبری ئەوەی بەناوی حکومەتێکی درۆینەوە خاک و خۆڵی نیشتمان هەڕاج بکەین، تەنیا یەک فیلمی سینەمایی تۆکمەمان لەسەر خۆپیشاندانەکەی 6 ئەیلولی 1930 بەر دەرکی سەرای سلێمانی دەرهێنابا پێویستمان به ڕیفراندۆمیش نەدەبوو، ئەوە ئیتر باسی گەورەیی مەرگەساتی ئەنفال و کیماباران کردنی هەڵەبجە و کۆڕەوەکە هەر ناکەم.. تەماشاکەن، چۆن بە چوار ئاکتەر توانیویانە جیهان بشڵەقێنن، ئەوەتە لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم سەر زەمینە باس هەر باسی (نەجیب) و (وەکیل)ە.. ئێمەش لە باشوری کوردستان، تازە بەتازە زوڕنای 31 ی ئاب و دەهۆڵی 16 ی ئۆکتۆبەر و نوزەنوزی نەبوونی مووچە و ئاو و کارەبامانە، تازە بەتازە ناوی حیزب و سەرۆک حیزب و کوڕی سەرۆک و کوڕەزا و وەچەکانیان بە گوێی جیهاندا دەدەین.
ئارام حەسەن