بەیاسایی کردنی ئیغتیسابی مناڵانی ٩ ساڵ…نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

جارێکی تر فراکسیۆنی شیعەی سیاسی پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردەوە و خستۆیانەتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، بۆ دەنگ لەسەردان… بەپێی ئەم پرۆژە یاسایە هەمواری پرۆژە یاسای کۆنەپەرستانەی پیشووی باری کەسێتی، ئاڵوگۆری بەسەردا دێت، بەڵام ئاڵوگۆرەکە نەک کۆنەپەرستانەتر لەوەی پیشوو، بەڵکو لەلایەکەوە خودی “یاسا” بە هەر ناوەرۆکێکەوە دەکاتە تەیرێکی قەڵب و لەجێگایدا لەدەرەوەی یاسا و دادگا، ماف دەداتە عەشیرەت و نەریتەکانی کە پرسی بەشودانی ژنان بەڕیوە ببەن و لەلایەکی تریشەوە ئیغتیسابی مناڵانی کچی خوار ١٨ ساڵ و کچانی نۆ سالە بە یاسایی دەکات، لەگەڵ چەندین ئاڵوگۆری تر کە هەموویان بەدژی ژنان و مافەکانی ئەوانە.

ئیسلام و ئیسلامی سیاسی، سەرباری فرەژنی و لە چەشنی میسار، سیغە، سەرباری دەست ئاوەڵایی بۆ راوکردنی ژنانی جوان لە کاتی شەرەکاندا و کرێن و فرۆشتن پێوەکردنیان، ئەمجارە خەریکن مناڵانی کچی نۆ ساڵان، دەکەنە خۆراکی سیکسی پیاوە ناو گەڵ چڵێسەکانیان.

ئیسلام و ئیسلامی سیاسی کە لە هیچ ئاست و لەهیچ بوارێکدا بروایان بە فرەیی و جیاوازی بیروراو تۆلیرانس نییە، لە پرسی ژندا فرەیی و چەند ژنە، وەکو نیعەمتێکی ڕێپیدراوی خودایی دەقۆزنەوەو دەیانەوێت بەیاسایی بکەن و لەوەش زیاتر رەسمیەت بدەن بە بەشودان و هێنانی کیژۆڵە و مناڵی نۆ ساڵەی کچ، کەئەوە دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و بۆسەر مناڵان، کە لەلایەن دەسەڵاتێکی تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و دژە ژنەوە زەمینەی بۆ سازکراوە.

ئیسلامی سیاسی شیعی، ئەم پرۆژەیان بەدەستەوە گرتووەو دەیانەوێت مناڵانی کچ لە نۆ ساڵییەوە، بەپیی یاسا بخەنە ناو کایەی کرێن و فرۆشتن و مامەڵەی کۆنەپەستانە و زەواجیان رەسمیەت پێ بدەن، بەڵام ئەوە تەنها پرۆژەیەک نییە، کە شیعەی سیاسی بەرگری لێ بکات، بەڵکو لایەکانی تری ئیسلامی سیاسی سونیش، ئەوە بەرەوا دەزانن و داعش وەکو لقێکی ئەم رەوتە بە کردەوە ئەم ئەزموونە قیزەونە و میراتە پوچەی سەردەمی پەیامبەر و خولەفاکانی راشدینی لە شەنگال و موسڵ و چەندین جێگای تردا نمایش کرد. ئیسلامی سیاسی و رەوتە سیاسیەکانیان چونکە هەموویان پشتیوانی ئەم کردەوەی داعش و هەڵگری هەمان پەیامن، ئامادەنەبوون ئیدانەی داعش و ئەو هەموو سەربڕین و کڕین و فرۆشتنە بە ژنانەوە بکەن.

ئیستا جارێکی تر شیعەی سیاسی و لە سایەی دەسەڵاتی باڵادەستی هیزەکانی سەر بە ئیرانی ئاخوندەکان، دەیانەوێت ئیغتیسابی ژنان بە یاسایی بکەن و لەوەش زیاتر بەیاسا، مافی بەشودانی ژن و مناڵی نۆ ساڵەی کچ لە بسپێرنە دەستی سەرۆک عەشیرەت و خێڵ و مەزهەب و نەریتە دینییەکان، بەوەش لە لایەکەوە بەشودان و لەراستیدا ئیغتیسابی مناڵان شەرعەنە بکەن و لەلایەکی تریشەوە هەر بەیاسا ئەو مافی!! ئیغتیساب کردن و بە شودانی ژنان، بخەنە دەرەوەی چوارچیوەی یاسایی و سەران و پیاوانی دین بکەنە سەروەر!! واتە هیرش بۆسەر ژنان و مناڵان هەم لەڕیگای یاساو هەم لە رێگای دەرەوەی یاسا بکەنە دیاری دەستیان…

یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩  کە مۆر و نیشانی چەندین دەهەی پیشووی کۆمەڵگەی عێراقی پێوەیەو رەنگدانەوەی هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری ئەو سەردەمەیە، نەک بەدەردی کۆمەڵگەی ئیستا و چاوەروانیەکانی ئینسانی ئەم سەدەمەو ویستەکانی ژنان نییە، بەڵکو لە دژی ژنان و مافە سەردەمیەکانی ئیستای کۆمەڵگەو ژنانە، بۆیە دەبوو ئەو یاساییە هەموار بکرێتەوە و لە پۆخڵی و چلیسی ئیسلام و پیاو سالاری و کۆنەپەرستی پاک بکرێتەوە، کەچی پیاوانی ئایینی سیاسی و رەوتە سیاسیەکانیان، دەیانەوێت ئەم یاساییە کۆنەپەرستر لە چەندین دەهەی پیشوو وە بۆپیش ساڵانی پەنجاکان و سەدەکانی سەدەمی محەمەدی ئیسلام و خولەفاکانی ڕاشدین بگێرنەوە.

ئەوە هەوڵەش شەریکی یەکجار گەورەیە لەدژی کۆمەڵگەی ئەم سەردەمە کە نەک تەنها رووی لە ژنان و مناڵانی کچ و بزوتنەوەی بەرگری لەمافەکانی ژنانە، بەڵکو رووی لەتەواوی کۆمەڵگە و جەنگینە لەگەڵ هەموو بەها و مافێکی ئینسانی ئەم سەردەمە…

ژنانی ئەمرۆی کۆمەڵگە و خواست و ویست و پیگەیان و روو هینانیان بۆ مەیدانەکانی کار و بەرهەمهێنان و چالاکی هەمەچەشنی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و زانستی و کەلتوری، بە جیگایەک گەیشتووە، کە پیویستە بەو پێودانگە و ئەو پیشرەوییە گەورەیە مافەکان و ویستەکانیان لەهەموو زەمینەکاندا و تا دەگاتە زەمینەی زەواج و جیابوونەوەیان بە نۆرمی ئەم سەردەمە رەنگرێژ بکرێت، نەک ژمارەیەک رەوتی سیاسی ئیسلامی و پیاوانییان، زاتی ئەوە بکەن خۆیان لە قەرەی جوڵاندنی دۆسییەک بدەن، کە دژایەتی راستەوخۆ لەگەڵ هەموو پیوانەو پیشکەوتنەکانی ئەم سەردەمە دەکات.

هێنانی ئەم پرۆژە یاساییە بۆ هەموارکردنەوە بەو ئاراستەیەدا، کۆمەڵگە بگیڕیتەوە بۆ دەورانی لە گۆڕنراوی چەندین سەدە لەوەپیش، هەوڵیکە نەک بەرهەمی توانایی و پیگەی بەهیزی ئەو هیزو لایەنانە، بەڵکو بەرهەم و دەرهاویشتەی ترس و لاوازییە لە بەرامبەر بە پیشرەوی روو لە پیش و ریگە لینەگیراوی رەوتی بەرەو پیشەوە چوونی کۆمەڵگەو چوونە سەری ئاستی چاوەروانیەکانی ئینسانی ئەم سەردەم و ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە…

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، رێکخراوە ئینسان دۆست و لایەنگرانی مافەکانی ژنان و هەموو کەسێکی ئازادیخواز، ئەرکیانە ئەو لاوازیی و هەوڵە پوچەی رەوتە ئیسلامییەکان و پیاوانیان، بە جۆرێک شکست بدەن، کە جارێکی تر جورئەت نەکەن بیر لە هێنانی یاسای نەک ئیغتیسابی منالان و سەندنەوەی مافی زۆر سەرەتایی لەژنان، بەڵکو لە دەست ئاوەڵاکردنی پاشماوە بۆ گەنەکانی عەشیرەت و سەرۆک هۆزەکان و پیاوەکانیان تا بەیاسای کۆنەپەرستانەی داعشی و یان لە دەرەوەی یاسا کایە بە ژیان و ئایندەی ژنان و مافەکانیانی بکەن.

دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسی یەکەمی ئەو دۆخە و زیندوکردنەوەی میراتی دووبارە سەر لەگۆر دەرهاتووی سەدەکانی ناوەراستە، بۆیە روو بەروو بوونەوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە پیش مەرجی هیرشە بۆسەر هەر هەوڵێکی تری گروپ و رەوتە دینیەکان و پیاوانی چلێسی سیکسی و کاراکتەرەکانی دروستکردنی ماشێنی ئیغتیسابی ژنان و یاسا و هەموو مافێکی ئینسانی ئەم سەردەمەی ئینسان و ژنان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.