ئێران و رۆڵی هێزە نیابەتیەکانی لە مامەڵەی سەرەڕۆییەکانی ئیسرائیلدا!!…عەبدوڵا مەحمود
کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، لە تارانی پایتەختی ئیران، بێ هۆکار و هاوکات بی لێکەوتە نییە… هۆکارەکانی کوشتنی هەنییەو سەرانی تر حەماس و حزب اللە، بەشێکە لە سیاسەتی رەسمی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەوە بەڕێگایەک دەزانێت بۆ لاوازکردنی حەماس و حزب اللەو رابەریەکەی، دیارە ئەوە بۆ حەماس و رێکخراوە ئیسلامیەکانیش دروستە و ئەگەر بۆیان بکرێت ئەوانیش دەست پارێزی لە کوشتنی سەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل ناکەن… بەڵام کوشتنی هەنییە لە تارانی پایتەختی ئیران، چەندە کوشتنی یەکێک لەسەرانی حەماس بوو، هێندەش نیشاندانی بێ توانایی و بودەڵەیی دەزگا ئەمنییەکانی بوو. جیا لەوانە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، لێدان لە ئێران وەشاندنی گوزێکە لەو غولەی کە هەم بە دروستکردنی هێزی بەوەکالەتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەو هەم بۆ بەکارهێنانیان لەدژی ئیسرائیل و لێدان لە هیزەکانی بەسەرکەوتنێکی گەورە دەزانێت… بەڵام لەناو دڵی ئەو راستیەدا لە بەین بردنی حەماس و حزب اللە و گروپەکانی تری سەر بەئێران، لە بنەرەتدا بەندە بۆ روخاندنی جمهوری ئیسلامی یان بە رەسمی ناسینی وەکو هیزێکی ئەمری واقع لە ناوچەکە و مامەڵە لەگەڵ کردنی. دیارە کە ئیران لە رێگای جەنگ و بە هیزی سەربازی ئیسرائیل و جەنگ ناروخێت، بۆیە مامەڵە لەگەڵ کردن و بەرەسمی ناسینی رۆڵی لەناوچەکەدا، دیسان راستیەکی ترە کە چ ئیسرائیل و چ ئەمریکاو غەرب دەبێ دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکەن. ئەگەر ئیسرائیل بەبێ هاوکاری ئەمریکا و غەرب بەتایبەتیش ئەمریکا، پیگەی لە ناوچەکە لاواز و توانای جەنگ و رووبەڕووبونەوەی فەلەستینیەکان و حەماس و حزب اللەی نییە، ئاواش پێگەی ئیران بۆ هیزە نیابەتیەکانی کە دەست پەروەردەکروای خۆیەتی ئەو گرنگیەی هەیە… بەتایبەتیش کە وڵاتانی عەرەبی نەک دۆسیەی فەلەستینیان دەست لێ هەڵگرتووە، بەڵکو لە پرۆسەیەکدا، بوونەتە هاوکاری دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم نێوەدا دەوڵەتی ئیران کەڵکی لەو بۆشاییە و پاشەکشەی دنیای عەرەب وەرگرتووەو خۆی بە کێشەی فەلەستینەوە هەڵواسیووە، بەڵام بۆ ئامانجی دیاریکراو ترو گەورەتر لە کیشەی فەلەستین و فراوانتریش لەو گۆڕەپانە.
کیشەی فەلەستینیش یەکێک لە کیشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، ئیران بەهۆی ئەم کەیسەو خۆ هەڵواسین پییەوە ئامادەیی خۆی لە ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا زامن کردووەو بەکردەوەش بۆتە یاریزانێکی ئەم گۆرەپانە گرنگ و پڕ بەرژەوەندییە، بێ ئەوەی خۆی راستەخۆ بچیتە ناو هیچ جەنگێکەوە، لە جێگای ئەوە هێز گەلێکی دروستکردووە، کە شەری هیزە راستەوخۆکانی ئیسرائیل و تەنانەت وەکو گوشار هی ئەمریکا و پشتیوانەکانی دەکات… بۆ ئیسرائیل شکاندنی حەرەمی ئاسمانی دەوڵەتی ئیران و کوشتنی یەکێک لەسەرکردەکانی هیزێکی نیابەتی ئیران، سەرکەوتنێکە، بەڵام سنوردار و تێپەڕ و کاتی.
ئیسرائیل لەسەرەتای جەنگیدا لەگەڵ حەماس هەوڵێکی زۆریدا جەنگکەکە فراوانتر بکات و لایەنی تر بەتایبەتی حزب اللەو لوبنان و ئیران پەلکیشی جەنگەکەکان بکات، بەڵام لەو ئامانجەیدا شکستی خوارد و خوێندنەوەی ئیران بۆ دۆخەکە زۆر گەورەتر لەوە بوو کە جەنگێک لە غەززە لە ئارادایە… دوای ماوەیەکی کەم لە جەنگ و داگیرکاری ئیسرائیل، ئیسرائیل بەکردەوە هەم هەیمەنەی شکا و هەم لە بەدیهینانی ئامانجەکانیدا مایەپوچ بوو، بۆیە ویستی ئاگر بەست بووە ویستی ئیسرائیل. لە ئیستادا ئیسرائیل توانای بەرینکردنەوەی جەنگی نییەو ئەمریکاو غەربیش خۆیان لە قەرەی بەرینکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکە نادەن، ئەمەش بەکردەوە ئیسرائیلی رووبەرووی بێ ئاسۆیی کردووە.
ئەوەندەی بۆ ئیران دەگەڕیتەوە، نەک بە کوژرانی یەکێک لە سەرانی حەماس یان هەر هیزێکی تری نیابەتی خۆی، بەڵکو بە کوشتنی چەندین سەرکردەی تری ئەو لایەنانەو تەنانەت خودی ئیرانیش، ئامادەی شەری راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە نییە، ئەوە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی تائیستای ئیرانە لە بەرامبەر بە ئیسرائیل و هیزە هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل.
بۆ ئیران ئەو پێگەیەی لە رێگای هیزە نیابەتیەکان و بێ جەنگی راستەوخۆ لە بەشێکی زۆری وڵاتەکانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەدەستی هێناوە، ئامادە نییە بە جەنگیکی راستەوخۆ لەدەستی بدات، جیا لەوانە ئەوەی ئیران لە رێگای هیزە نیابەتیەکانی بەدەستی هێناوەو بۆتە دیوەزمەی سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و غەرب و ئیسرائیل، بە جەنگی راستەوخۆ و داگیرکاری هیچ کام لەو وڵاتانە ناتوانێ و نەیدەتوانی بەدەستی بهێنێت. دیارە پرسی پەرەدان بە توناییە سەربازی و ئەتۆمیەکانیشی، روانینێکی ورد و بینینی مەودایەکی دورتر و فراوانترە، کە ئیران ناچار دەکات، خۆی لە هەر سەرکێشییەک ناوەختە بەدوور بگرێت.
لە مەوقعیەتی ئیستایدا سەرباری زیدەرۆیەکانی ئیسرائیل لە ئیراندا، ئیران بەدوای ئامانجە گەورەترەکانی خۆیەتی لە ئاستی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا… کە بە چوونی راستەوخۆی ئیران بۆ ناو هەر جەنگێکی ناوچەیی و یان لەدژی هەر وڵاتێک، ئەو ئامانجە گەورە دور مەودایەی دەکاتە قوربانی و قەرەبووکردنەوەی مەحاڵ دەبێت… ئیستا چ ئەمریکا و چ غەرب، بۆ هەر دۆسیەیەکی سیاسی و بۆ هەر بەرژەوەندیەک کە لە بەشیکی زۆری ناوچەکە هەیانە، ناچارن بکەونە مامەڵەو سازان لەگەڵ ئیران. ئەو پیگەیە کە ئیران هەیەتی بەتایبەت هەژموونە سیاسییەکەی و رۆڵی لە بریاردانی چەند وڵاتی ناوچەکەدا، کە بە دەستیوەردان و لە رێگای هیزە نیابەتیەکانی بەدەستی هێناوە، بە جەنگی راستەوخۆ نەک بەدەست نایەت، بەڵکو زیانی پێدەگەیەنێت.
تەنانەت کاردانەوەی ئیران لەوەڵام بەسەرەرۆیی ئیسرائیل و کوشتنی ئیسماعیل هەنیەدا، بە وینەی تۆڵەی!! قاسم سولەیمانی، بە سازان و ڕیکەوتن دەبێت، تا کار نەکاتە سەر بەرژەوەندییە گەورەترەکانی لە ناوچەکەو لەوەش زیاتر کاریگەری زۆر نەکاتە سەر پرسی ناچار بوونی ئیسرائیل بۆ مل دان بە ئاگر بەست و سازان. مل دانی ناچاری ئیسرائیل بە سازان و ئاگر بەست، لەگەڵ حەماس و مانەوەی حەماس و کۆتاییهاتنی جەنگ، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ حەماس و سەرکەوتنێکی گەورەشە بۆ ئیران.. بەتایبەتی کە جارێکی تر پرسی فەلەستین و چارەسەکردنی ئەو پرسە، پشتیوانی جیهانی لە کیشەی فەلەستین لەسەر ئاستی شەقام و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و ناکامی ئیسرائیل لە جەنگ و بە تاوانباری جەنگ ناساندنی نەتانیاهۆ و سەرانی و …. هەموویان دەستکەوتی ئیران و باڵادەستی ئەو دەخاتە روو.
ناوەراستی ئابی ٢٠٢٤