بەهزاد محسین: لای پارتی و یەکێتی گرنگترین ستراتیژ ئەوەیە، کە لە فۆڕمی سیاسی و حزبیدا خۆیان وەکو دوو کۆمپانیای بنەماڵەیی بمێننەوە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی بەهرۆز محسین سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای چوار مەرسوم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پینجەم مەرسومی بۆسازدانی هەڵبژاردنی هەرێم دەرکرد و بەرواری ٢٠/١٠/٢٠٢٤ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، سەرەتا دەپرسین، ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت؟

بەهزاد محسین: ئێمە دەبێ سەرەتا بپرسین بۆچی پێنج مەڕسوم؟! بۆ دەبێ بۆ مومارەسەی سەرەتاییترین مافی دیموکراسیانە، کە هەڵبژاردنە مەڕسومەکان ژمارەیان بگاتە پێنج و هێشتاش دڵنیا نین، ئایا ژمارەکە زێتر دەبێ یان نا. وەڵامەکە سادە و سانایە، بەوەی دوو پارتی دەسەڵاتداری خۆسەپێنی پشتبەست بە دوژمنانی قەوارەی هەرێم، کە بریتین لە پارتی و یەکێتی وەک مەکیاژکردنی دەسەڵاتە نادیموکراسیەکەیان سەیری هەڵبژاردن دەکەن، نەوەک وەک مەبدەئێکی دیموکراسی و مافێکی حەتمی هاوڵاتیان، بۆیە هەر کات بزانن هەڵبژاردن لە مەکیاژ گەورەتر دەبێ و شتێک لە دەسەڵاتەکەیان لەق دەکا و ناڕەزایی هاوڵاتیان وەک خۆی بۆ ناوە و دەرەوە دەردەکەوێ، ڕێگری لێ دەکەن و تێکی دەدەن.

بۆپێشەوە: مەرسومی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر و سەردانی بەغداو پاشان ئیران دەکرا، چۆن دەروانە رۆڵی ئیران و وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە؟

بەهزاد محسین: ببورن وەڵامی ئەم پرسیارە تۆزێک درێژە دەکێشێ. ئێمە دەبێ دوو ئارگۆمێنت لەبەر چاو بگرین، یەکەم: عەرەب بە شیعە و سوننەوە لە بنەڕەتدا دژی هەمو دەستکەوت و سەروەریەکی کوردانن، کە ئێستا حکومەتی ئێراقی نوێنەرایەتی دەکا و لە بچوککردنەوەی هەرێمیش تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە. دووەم: ئێراقی دوای سەددام دەستی دوی ئێرانە و ئێرانیش دوو جار دژی قەوارەی هەرێمە، جارێک لەبەر ئەوەی هەر لە خودی خۆی وەک عێراق دژی کوردە. جارێکیتریش چونکە قەوارەی هەرێم بریتیە لە پارتی و پارتیش لە بلۆکی ئەودا نەبووە.

 ئێران باش دەزانێ پارتی واجیهەی حکومەتی هەرێمە و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ئەو هەڵی دەسوڕێنی و یەکێتی تەنیا ئیدارەی زۆنێکی لەبەر دەستە و برابچوکە.  ئیتر ئێران لە ڕێی دادگای فیدڕاڵی ئێراقەوە و لەوێش لە ڕێی حکومەتی هەرێمەوە فشارێکی زۆری خستە سەر پارتی و پارتی ناچار بە دەست ماچکردن کرد، پارتیش ڕێک ئەوەی کرد و جارێکی تر سەرۆکی هەرێم بە پینەوپەڕۆ بۆ ماوەیەکی کاتی تەنگژەکەی تێپەڕاند و ملکەچی ئێران بوونەوە. ئێرانیش فەرمانی بە بەغدا کرد نیمچە موراعاتێکی پارتی بکەن، بەوەی چەند مانگێک هەڵبژاردن دوا بخەن و لە میکانیزمی هەڵبژاردن گوێ لە هەندێک داواکانی پارتیش بگرن. ئیتر ئەگەرچی پارتی بە حیسابی خۆی گەمەی کات کوژی دەکا، بەڵام دەبێ ئەوە بزانێ، کە ئێران و تورکیا دوو دەوڵەت-نەتەوەیی مەزهەبین (ئێستا تورکیاش لە ناوچەکە خۆی بە نوێنەری مەزهەبی سوننە دەزانێ)، بە هیچ شێوەیەک لە سیاسەتی ئەم دوو وڵاتە بنەماکانی دیموکراسی و مافی چارەنوسی گەلان و دۆستایەتی نییە و دوژمنداری نەتەوەکانی دراوسێ مەبدەئی سەرەکییانە.

بۆچی تورکیا چاوپۆشی لەم نزیکبونەوەی پارتی لە ئێران دەکا؟ لە کاتێکدا پارتی لە بنەڕەتدا لە بلۆکی تورکیادایە. ئەگەر تورکیا ئەمەش بە گەمەیەکی پارتی نەزانێ، ئەوا بۆ داگیرکاری خاکی هەرێم تاکە خاکە پارتی بۆی گوڵڕێژ کردوە و چاوساغیشی بۆ دەکا و نەک ناوچە سنوریەکان، خەریکە دهۆکیشی ڕادەست بکا.  لە کاتێکدا لە سیاسەتی فراوانخوازی ئەم چەند ساڵەی تورکیا لە لیبیا و سوریا و قەرەباغی ئەرمەنستان سوپای تورکیا بە خوێنی سەربازەکانی داگیری کردون، کە هێشتاش لەوێ چەسپاو و دڵنیا نییە، لەچاو ئەوەی لە خاکی هەرێم چەسپاو و دڵنیان.

لە لایەکی تر تورکیا هێندە دژە کوردە، دۆستایەتی تاکتیکیی کاتی و دوژمنایەتیی ستراتیژی لەگەڵ کورد و پارتی لەو ڕاددەیە دایە، کە پێی خۆشە دوژمنە ئەزەلی و ستراتیژیەکەی کە کوردە، لە لایەن ڕکابەرە سیاسیەکەی کە ئێرانە، لەڕوی سیاسیەوە سوک و ڕەزیل بکرێ.  کە دەکرێ دواتر لە کاتی خۆی تورکیا بە ئاوڕدانەوەیەکی لارەملێ، بەهێزترین کارتی فشار بخاتە سەر هەرێم و پارتی.

لە لایەکی تریش تورکیا باش دەزانێ ئێران یەکێتی بە قەبارەی خۆشی بە هاوپەیمان نازانێ، بەڵکو خۆی بە ئاغا و یەکێتی بە بەردەست دەزانێ، هەڵبەت تورکیاش هەمان سیاسەتی ئاغا و بەردەستی بۆ پارتی لە ئاستێکی نزمتریش هەیە. کەواتە ئێران و تورکیا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە یەک جەمسەر نین و لە هەژمونداری سیاسیی ناوچەکە ڕکابەرن،  بەڵام بۆ پێشهاتی هەر دەستکەوتێکی کورد دەبنەوە برای پێشتێ و هەر وەک لە ڕیفراندۆم بینیمان، کە سوپاسالاری هەردوو وڵات کۆبونەوە و لە سنورەکانی خۆیان هێزیان جوڵاند، لە کاتێکدا لە مێژودا جۆڵاندنی هێزی ئەم دوو وڵاتە هاوشانی یەکتر یان نەبووە، یان زۆر دەگمەن بووە.

بۆپێشەوە: هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان هەڵبژاردن بە تاکە رێگای چارەسەری کیشەکانی ناوخۆی هەرێم دەزانن، چۆن دەروانە ئەو بۆچوونە؟

بەهزاد محسین: نەخێر، هەڵبژاردن تاکە چارەسەری ئەم دۆخە ناهەمواری هەرێم نییە. من جودا لە زۆرێک لە چاودێران لە وشیاری و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان ڕازیم، بەڵام بێئومێدی کارەساتە گەورەکەیە. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستا بە ڕاستگۆ و درۆزنەکانیش، هەڵبەت ئەمەش دوای ئەوەی ئەو هەموو ئومێدەی لەسەر کاراترین هێزی ئۆپۆزسیۆنیان هەڵچنی بوو، کە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لە ئەنجامیشدا بزوتنەوەی گۆڕان نەوەک هەر درۆیەکی گەورە بو، خۆی چۆوە بنباڵی حکومەتە شڕەکەی پارتی و یەکێتی، تەنانەت ئەو دەنگە دلێر و ڕاستگۆیانەشیان پەراوێز خست و دەریانکردن، کە لە ناو بزوتەوەی گۆڕاندا بۆ قەزیەی ئازادی و دژەگەندەڵی و بەشێنەی کێکی دەسەڵاتیان ڕەت کردەوە.

 بۆ ئەوەی گۆڕانکاری دروست بکەین و نرخ بدەینەوە بە هەڵبژاردن، دەبێ کەشفکردنی دەموچاو و سیمای سیاسیە سەرکردەکانی هەر بزوتنەوەیەکی ئێستا وەک سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بخوێنینەوە و لە لاقە کورسیەکیان بپێچینەوە، تا ئومێدێک بە جەماوەرە ناڕازیەکە ببەخشینەوە.

بۆپێشەوە: وەکو ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا، پاشەکشەی زۆری کردووە تا ئەو رادەیەی سەرانی حزبەکان نایشارنەوە، کە قەوارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت وەڵامدەرەوە بەو دۆخە بێت، بەر بە مەترسیەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا بگرێت؟

بەهزاد محسین: لە پرسیارەکانی پێشوتر تاڕاددەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. ئیزافەکە هەر ئەوەیە، لای پارتی و یەکێتی گرنگترین ستراتیژ ئەوەیە، کە لە فۆڕمی سیاسی و حزبیدا خۆیان وەکو دوو کۆمپانیای بنەماڵەیی بمێننەوە. ئیتر هیچ بە لایانەوە گرنگ نییە، چەندە لە  دروشمە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان درۆ دەکەن و دەیان منداڵکارەی کوردی خۆمانە بە درۆیان دەخەنەوە و تا ئاستی ڕشانەوە پێیان پێدەکەنن. منداڵەکان بینیان، بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و بۆ دانانی سەرۆک کۆماری کورد لە بەغدا چەندە دەستی ناحەزان ماچ دەکەن و چەندە دژایەتی یەکتر دەکەن و چەندە خۆیان بەرامبەر ئەو دوژمنانە ڕێسوا دەکەن.

بە کورتی پارتی و یەکێتی ملکچی دوژمنانن، لە پێناو مانەوەی ئەمڕۆیان و پشت لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی سبەی گەلەکەیانن.

بۆپێشەوە: لە پینج خولی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا، دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات روینەداوە هەرێم هەر دابەشی دوو زۆنی و دوو دەسەڵاتە” پارتی و یەکێتی” لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت و دیزاینی سیاسی هەرێم بگۆرێت؟

بەهزاد محسین: ئێمە دەبێ بەردەوام بین و بێئومێد نەبین. لای من ئەوە گرنگە سود لە هەمو ڕوداوێکی سیاسی و هەڵبژاردنێک وەربگرین، بەوەی گەر یەکێتی و پارتیش ملیان بە ڕادەستی دەسەڵات نەدا، ئەوا فشارەکانیان لەسەر کەڵەکە بکەین و دۆڕانەکانیان و بێزهاتنەوەی هاوڵاتیان لێیان بخەینە سەر شەقامی ڕای گشتیی جیهانی، تا ئەوەی هەرکات گۆڕانێک لە هاوکێشەی هەرێمایەتی ڕوبدا، ئەرگۆمێنت و سەنەدی بەرەی هاوڵاتیان بەردەست بێ، تا چاکسازی ڕاستەقینە یان ڕادەستکردنی دەسەڵات بە مۆری زەبری گەل تۆختر و قەڵەوتر بێ و لە کاتی خۆی کاری خۆی بکا.

بۆپێشەوە: لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرجەم حزب و لایەنە بەشدارەکان، دەیان بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەن کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان باش دەکەن، کەچی دوای هەموو هەڵبژاردنێک دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەک باش نابێت خراپتر دەبێت، لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت هیچ بار گرانیەک لەسەر شانی هاوڵاتیان لاببات؟

بەهزاد محسین: ئیدی ئەوە عورف و مۆدێلی هەڵبژاردنە، کە هەمو هێزێک بە درۆ و ڕاستگۆیەکانیانەوە دێننە چۆکان. ئێمە سی و ئەوەندە ساڵەیە تەنها یەکێتی و پارتیمان لە حوکمڕانی بووە و خزمەتگوزاریەکانیان بەرامبەر بە دزی و چەتەی و گەندەڵیەکانیان بووەتە سفری پاش فاریزە.  هەر پارتێکیش لەگەڵ ئەم دوو حیزبە بەشداری حوکمی کردبێ، ئەوا سفری دوەمی پاش فاریزەکە بوونە، کە دەبوو بە لای کەمی دوای ساڵێک لە حوکمڕانیەکە پڕ نەهامەتیەکەی یەکێتی و پارتی دەستیان لە حکومەت کێشابایەوە، کە هەرگیز لە بەشە کێکەکەی دەسەڵات خۆش نەبون. لەم هەڵبژاردنە چەند هێزێک هەن، کە هێشتا دەستیان بە کێکی دەسەڵات نەگەیشتوە و من ناتوانم پێش ڕوداوەکان بکەوم و قسەم لەسەریان نییە.

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە پارتی و یەکێتی، لە هەڵبژاردنەکاندا مل بەدوڕان دەدەن و دەسەڵات رادەستی هێزی براوە دەکەن؟

بەهزاد محسین: ڕاستە پارتی و یەکێتی هەرگیز مل بە دۆڕان نادەن و ئامادەن بۆ ڕادەستنەکردنی دەسەڵات لە ڕێی هێزە چەکدارەکانیان خوێنی هاوڵاتییانیش بڕێژن و چەندین جار ئەمەشیان کردوە. نەک هەر ئەوە بە دڵنیاییەوە گەر پێویست بکا، بۆ مانەوەی خۆیان هێزە داگیرکارەکانی ئێران و تورکیاش بۆ مانەوە بێزەوەر و قێزەونەکەیان بڕژێنە سەر شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی و هاوڵاتیە خاوەن ماف و چەوساوە و نیشتمانپەروەرەکانی خۆیانیش پێ خەڵتانی خوێن بکەن.

 بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ هاوڵاتیان پێخەوی بێئومێدی ڕاخەن و لێفەی ڕادەستبون بەخۆیاندا دادەن، دەبێ ئەم هەڵبژاردنە وەک پرۆسەی دیموکراسی بقۆزنەوە و لەم ترس و دڵەڕاوکێ و لەم زەمەنی بێدەنگیەدا نوقەیەک بکەن و بە دەسەڵات بڵێن نا.. نا .. نا.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی نەوەی نوێ کە بەڵینی گەورە گەورە بەخەڵکی کوردستان دەدات؟

بەهزاد محسین: ڕاستە هەمو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەڵام هێشتا من نامەوێ نەوەی نوێ لەهێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر جیابکەمەوە. لەگەڵ ئەوەش هێزێکە تاقی نەکراوەتەوە و بە هەر هۆکارێک بێ کەم و زۆر هاوبەشی دەسەڵاتی نەکردوە، هەر ئەمەش وا دەکا لەم هەڵبژاردنە دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکا.

بەدبەختی نەوەی نوێ لەوەدایە کە دوای بێئومێدبونێکی کوشندەی خەڵک لە بزوتنەوەی گۆڕان هاتە گۆڕەپانەکە، بەو مانایەی هێشتا خەڵکانێک تەخدیری بێئومێدبونیان لە گۆڕان هێندە قورس بووە، کە لە سەردەمی نەوەی نوێش بە ئاگا نەهاتونەتەوە.

لە بەرامبەریشدا خەڵکانێکیش هەن گۆڕانیان تەسلیمی مێژوو کرد و ئومێدیان لەسەر نەوەی نوێ هەڵچنیوە و بە مێژوویەکی دەبینن، کە هێشتا نەنوسراوەتەوە و گۆڕانێکە، کەوا لە نیوەی ڕێگا جێیان ناهێڵێ.

 گرفتی نەوەی نوێ لەوەدایە کە جگە لە پەیامی خۆشگوزەرانی و بەدیهێنانی ئارەزوەکانی گەنجان، هیچ پەیامێکی تری فکری و ئابوری و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی و کێشە کۆمەڵایەتی و تەنانەت مافپێدانی منداڵان و ئافرەتان و زۆر شتی دیکەی گرنگی نییە، تەنانەت تا ئێستا نەیتوانی وەڵامێکی سادەی ئەوەش بداتەوە، کە بە پۆپۆلیست ناوزەد کراوە. هەڵبەت پۆپۆلیستیش لایەنی ئیجابی خۆی هەیە، بەڵام نەوەی نوێ تا ئێستا نەیتوانیوە پۆپۆلیزم لە تاکتیکدا قەتیس بکا و لە ستراتیژدا وەدەری بنێ، هەر ئەمەشە وای کردوە، خەڵکانی سادە لەگەڵی بن و نوخبەش لێی بە گومان بن، یان ڕەتی بکەنەوە.

بۆپێشەوە: تا هاتووە بەشداری کردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا کەم بۆتەوە، هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵک چییە؟ لاتان وایە ئەمجارەش زوربەی زۆری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن؟

بەهزاد محسین: دەبێ دان بەوەدا بنێین خەڵکانی دەنگدەر لە زهنیەتی ڕاستەقینەی خۆیاندا کە ئۆپۆزسیۆن بوون، لە دروستبوونی گۆڕانەوە هات و هەر لە بێئومێدبونی هاوڵاتیانیش لە گۆڕان دەنگدەری  ناڕازی کەوتنە بەرەی بایکۆت و دەنگی زەڕەب لێدان. من پێم وایە ڕێژەی بەشداری دەنگدەر لە جاری پێشو زیاتر دەبێ و هێزە ئۆپۆزۆسیۆنەکانیش هەر یەکە لە قەبارەی خۆیان زیاتر دەنگ دێنن، چونکە ماتەمینی بێئومێدی گۆڕان چلەی چوو و بووە  مێژو.

 لە سایەی حوکمڕانی یەکێتی و پارتی بە چاوساغی و زانایی یان بە کوێرایی و نەزانی بێ، دەنگ بە لیستە ئۆپۆزسیۆنەکان دەدەن، وەک دەڵێن کەسێک کە لە خنکاندا بێ، دەست بۆ کۆلکەدارێکیش دەبا.

بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دەبێ چی بکەن و بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟

بەهزاد محسین: لەم هەرێمی کوردستانە بە دیلی هەڵبژاردن هەر هەڵبژاردنە. لەم تەوقیتە بایکۆت ناڕاستەخۆ دەنگدانە بە پارتی و یەکێتی و شەرعیەت دانیانە بۆ مانەوەیان بە کەڵەگایی وەکو خۆیان.

 وەک پێشتر گوتم گەر لەم هەڵبژاردنە نەتوانین گۆڕانکاری گەورەش لەم کاتەدا دروست بکەین، دەبێ باوەڕمان بە هەڵمەت و کەڵەکەکردنی فشارەکان لەسەر ئەم دوو هێزە هەبێ،  هەروا باوەڕمان بە شۆڕشی قۆناغ بەندی هەبێ، بە مانا دیالێکتە مێژویەکە.

*******

Leave A Reply

Your email address will not be published.