دیمانەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ عەبدوڵا مەحمود، سەبارەت بۆ هۆکارو ئامانجەکانی هێرش و لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان…
ئۆکتۆبەر: لەماوەی ڕابردوودا سوپای تورکیا بە هیزێکی زۆرەوە هاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوە بێجگە لەو بنکە سەربازیانەی کە لە هەرێمدا هەیەتی، بەڵام بەپێی هەواڵەکان سەربازەکانی تورکیا لەناو هەندێ ناوچەی دهۆك خاڵی پشکنینیان داناوە. بیانوی دەوڵەتی تورکیا لێدانە لە پەکەکەو کۆتایی هێنان بە قەندیل وەکو خۆیان دەڵێن. تا چەندە ئەم لەشکرکێشیە پەیوەندی بە لێدان لە پەکەکەوە هەیە؟ زیاتر لە ٤ دەیەیە تورکیا و پەکەکە لە شەڕێکی چەکداریدان بەبێ ئەوەی پەکەکە لەناو ببرێ. ئایا بەو لەشکرکێشیە ئەو ئامانجەی تورکیا دێتەدی یان ئامانجی دیکە هەیە؟
عبدللە محمود: هەموو هێرش یان ئۆپەراسیۆنێکی دەولەتی تورکیا، لەگەڵ خۆیدا ئاست و شێوەی دەستێوەردانەکانی زیاتر و بەرینتر کردووە. لەهەموو جارەکاندا دەوڵەتی تورکیا ناوچەی تازەی داگیرکردووە. بنکەی زیاتری داناوە. سەربازگەی تری جێگیر کردووە. شوێنی زیاتری دەست بەسەردا گرتووە. لە هێرشی ئەمجارەشدا، بەهەمان شێوە لەلایەکەوە زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر تر هاتۆتە ناو قوڵایی هەرێم و دە سەبازگەی تری داناوە، لەوەش دەرچووە هێرشەکان هەر لە ناوچە سنورەیەکان بێت، بەڵکو هاتۆتە قوڵایی کوردستان و بەپێی چەندین سەرچاوەی هەواڵ ئیستا ٤٥% لەسەی جغرافیای دهۆک لە ژێر دەستی تورکیادایە و خەریکی زیاتریشی دەکات. جیا لەوانەش لەگەڵ ئەوەدا پارتی وەکو دەسەڵاتی زۆنی زەرد و گۆرەپانی لەشکرکیشی تورکیا، هێندەی بۆی کرابێت هاوکاری دەوڵەتی تورکیای کردووە، کەچی سوپای تورکیا لە ژێر قەڵەمرەوی پارتی و هاوکاریی ئەودا دەوریات و خاڵی پشکنینی داناوە، بەمەش بەکردەوە تورکیا وەکو خاوەن ماڵ و گوێنەدان بە قەڵەمرەوی پارتی و دەسەڵاتەکەی رەفتار دەکات. دیارە پەکەکە تەنها پاساو و بیانوویەک نییە، بەڵکو ئامانجێکی دەوڵەتی تورکیایە و دەیەوێت توانای سەربازی و حزوری پەکەکە لەسەر سنورەکانی نەهێڵێت و ئەگەر بتوانێت کۆتاییان پێ بهێنێت، بەڵام ئەوە تەنها ئامانجێکە لەناو چەند ئامانجی تردا. گوێزانەوەو شێواندنی رای ناوخۆی تورکیاو رای گشتی لە ئەزمەو گرفتەناوخۆییەکانی لەوانە، ئەزمەی ئابوری و دارمانی بەهای لیرەی تورکی، داکشانی پیگەی ئاک پارتی و خودی ئەردۆغان لەناو خۆی تورکیاو بەرامبەر نەیارە سیاسیەکانی، تەرک کەوتنەوەی تورکیا لە ئاستی دنیادا، شلۆقی پەیوەندیەکانی و هەڵبەزو دابەزی لە نێوان جەمسەرە جیهانیەکان، ناکامی لەوەی کە ببێتە کاراکتەرێکی هاو باڵانس لەگەڵ ئیران لەناوچەکەدا، رووبەروو لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی لەتورکیا، کیشەی کورد…تاد، چەند هۆکار و ئامانجی تری دەوڵەتی تورکیان لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دەورەیەدا. بەتایبەتی تریش ئەو ئاڵوگۆرانەی لە عێراق و لە ململانێی نێوان ناوەند و هەرێمدا هاتۆتە پێشەوە، فاکتێکی تازەی ترە، کە دەوڵەتی تورکیا بە دەخالەت و دەستێوەردان لە هەرێمدا دەیەوێت لەلایەکەوە هەژموونی خۆی لە هەرێم و ناوخۆی عێراقدا زیاد بکات بەمەبەستی قایمکردنی جێپێ و ناسیونالیزمی تورکی و هیزە تورکیەکان لە ئارایشی تازەی دەوڵەتی عێراق بەتایبەتی لە کەرکوکدا، لەلایەکی تریشەوە لە راستای لە مەنگەنەدانی قەوارەی سیاسی هەرێم و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی بۆ گێرانەوەی پاراستنی سنورەکان بۆ ژێر قەڵەمرەوی دەسەڵات و سوپای عێراق، کە عێراقیش خوازیارە لە چوارچێوەی گێرانەوەی هەیمەنەی سیاسی و ئابوری، بۆسەر هەرێمدا، هەژموونی ئەمنی و سەربازی لە ژێر ناوی پاراستنی “سەروەری و ئاسایشی سنورەکانی” بگێڕێتەوە. تەنانەت کۆتاییهێنان بە “قەوارەی هەرێمی کوردستان” ئامانجێکی ستراتیجی و دەوڵەتی تورکیایە، بۆ ئەم ئامانجەشی سەرباری ناکۆکیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کۆکن. جیا لەهەموو ئەوانە دژایەتی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خەڵکی کوردستان و کورد بوون لە تەواوی ناوچەکەدا راستیەکی حاشا لێنەکراوە… تا ئەو جێگایەش بەوە دەگەڕیتەوە کە دەوڵەتی تورکیا دەتوانێت پەکەکە لە بەین بەرێت. راستی ئەوەیە داگیرکاری و سەرکوتی سیاسی دەوڵەتی تورکیا چ لە بەرامبەر بە هەموو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازنەو چ بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و حاشاکردن لەماف و تەنانەت بوونی خەڵکی کورد لە تورکیادا، ژینگەو کەشێکی خوڵقاندووە کە پەکەکە و هیزی تری سیاسی لەسەر سەوز دەبن و پێدەگرن. پەکەکە دەرهاویشتەی ملهوری توکیا و حاشاکردن لە مافەکانی خەڵکی کورد لە تورکیادایە و تا ئەو کاتەش پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، لەناو بردنی پەکەکەو هەر هیزێکی تر کە بەهرەبەرداری لە پرسی سیاسی کورد دەکەن لە پێناو ئامانجەکانی خۆیاندا، دەمێننەوە و رێگا چارەی لەناو بردنی پەکەکە هیرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازی نییە. لە چەند دەهەی رابردوودا دەوڵەتی تورکیا دەیان هیرش و ئۆپەراسیۆنی کردووە، کەچی نەیتوانیوە پەکەکە لە بەین ببات و ئەمجارەش ناکام دەبێت.
ئۆکتۆبەر: حکومەتی هەرێم هیچ کارێکی پێناکرێ. حکومەتی عێراقیش تەنها ئیدانەی کردو وەفدێکی نارد بۆ هەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە لەشکرکێشیەکەو چۆنیەتی وەڵامدانەوەی؟ ئایا حکومەتی عێراق هیچی پێدەکرێ بەرامبەر بەو لەشکرکێشیە؟ لەکاتێکدا حکومەتی عێراق لەگەڵ تورکیادا رێکەوتنێکی واژۆکردو بوونی پەکەکە لە خاکی عێراق بە نایاسایی دادەنێت!؟ ئایا رەزامەندی حکومەتی عێراقی لەپشت نیە؟
عبدللە محمود: هیرش و لەشکرکیشی ئەمجارە، بەدوای سەردانی پیشوو تری ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر دەستی پیکردووە. هاوئاهەنگی دەوڵەتی عێراق و تورکیا، رەزامەندی ئەمریکا بەوەی رایان گەیاند کە دەبێ هیرشەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عیراق و دەسەڵاتی هەرێم بیت، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ رێکەوتنێکی پێش وەختەی نیوان بەغدا و هەولیر و هاوکات گڵۆپی سەوزی ئەمریکا. بۆیە نابێ هیچ چاوەڕوانیەک لەوە هەبێت کەدەسەڵاتی بەغدا یان هەرێم، هەلوێستێکی جدیان هەبێت. ڕیکەوتنی حکومەتی عێراق و تورکیا بەوەی پەکەکە هێزێکی نایاساییە لە هەرێمدا، بەمانای هاوکاری هەردوولایان دێت بۆ وەستانەوە بەرووی بوونی ئەو هێزە نایاساییە!! لە هەرێمدا. ئەو رێکەوتنەی نیوان تورکیا لەگەڵ عیراق و هاوکاری بەردەوامی پارتی لەگەڵ تورکیاو هەلویستی فەرمی دەوڵەتی ئەمریکا، هەموویان نیشانەن بۆ هاوئاهەنگی و کۆک بوون بۆ لێدان لە هێزەکانی پەکەکە، بەڵام کورتکردنەوەی ئامانجی تورکیا لە هێرش و دەستێوەردانەکانی لە هەرێمدا تەنها بۆ شەر لەگەڵ پەکەکە، لێکدانەوەیەکی هەڵەو نە دیتنی ئامانجە گەورەترەکانی دەوڵەتی تورکیایە…
ئۆکتۆبەر: لەشکرکیشی تورکیا و هەڕەشەکانی ئێران لە ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێی کوردستانی عێراق، بەردەوام بوەتە مایەی نائارامی و هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی کوردستان.. وەکو وتمان حکومەتی هەرێم نەك هیچیان پێناکرێ، خۆیان خزمەتکاری ئەو دوو دەوڵەتەن. ئایا چی بکرێ بۆئەوەی ئەو هەڕەشەیە لەسەر سەری خەڵکی کوردستان دوور بخرێتەوە؟
عبدللە محمود: چ هێرش و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا و چ گوشار و دەستیوەردان و هیرشی دەوڵەتی ئیران بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکانیان و هێرشی درۆنی و گروپە تیرۆریستیەکان، بەجیا لە ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی ناوچە سنوریەکان و ناچار کردنیان بە جێ هێشتنی شوێنی کارو ژیانیان، تا ئێستا بەدەیان کەسی لە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچانە کردۆتە قوربانی و کەشێکی نائەمن و سەربازی زاڵ کردووەو زۆرێک لەو ناوچانە میلتاریزە کراون. لەهەموو ئەو هیرش و ملهوریانەش کە لە هەرێمدا کراون و دەکرێن لە زۆنی زەرد پارتی هاوکاری تورکیا و لە زۆنی سەوزیش یەکێتی هاوکاری ئیران بوون… عیراق و دەسەڵاتی زۆنی سەوزو زەردیش بەجیا لە راگەیاندنی میدیایی نا فەرمی، هیچ هەڵویستیکی جدی و فەرمی و لە ئاستی باڵایاندا نەبووە… بەپیچەوانەوە بە ڕیکەوتن و هاوکاری بەکردەوەی ئەوان چۆتە پیشەوە، بۆیە نابێ چاوەروانی لەوە هەبێت ئەو لایەنانە هەلوێست و کاردانەوەیەکی بەرجەستە لە خۆیان نیشان بدەن، مەگەر لەخوارەوە و لە ئاستی کۆمەڵگەدا بخرێنە ژێر گوشارەوە. بێگومان ئەو هیرش و ملهوریانەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و ئیران و کادر و لایەنگرانیان، تەنها هیرش نییە بۆسەر ئەو حزب و لایەنانەو هەڵسوڕانی سیاسیان، بەڵکو هاوکات پیشیلکردنی ئاشکرای ئیرادەی سیاسی و حزب و لایەن سیاسیەکان و ئیرادەی سیاسی جەماوەری خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێویستی بە وەڵامدانەوەو کاردانەوەی سیاسی و جەماوەری و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەو لە ئاستی شەقام و رەسمیدا، هەیە.
بەتایبەتی کە نارەزایەتی جەماوەری بەرووی لەشکرکیشی و ئۆپەراسیۆنی سەبازی و کردەوە تیرۆریستی و درۆنیەکان، واقعیەتیکی کۆمەڵگەیەو خواستی کۆتاییهینان بە لەشکرکیشی و کردەوەی تیرۆریستی تا دەگاتە خواستی چونەدەرەوەی هیزی سەبازی و بنکەو بارەگا جاسوسی و کریگرتەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەوانە ئیران و تورکیا خواستێکی رەواو حاشا لینەکراوە و زۆر جاریش کۆبونەوە و خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری لە شارەکاندا بەدژیان وەڕێ خراوە. تەنانەت خەڵک هیرشیان بردۆتە سەر سەربازگەکانیان… وە لە ئاستی فەرمی و دنیای دەرەوەشدا خۆپیشاندان و نارەزایەتی کراوە.
ئێستاش سەرباری ئەوەی لە زۆنی زەرد چالاکی و خۆپیشاندان دژی رژێمی تورکیا یاساغ و لە زۆنی سەوز لەدژی رژیمی ئیران ڕی پێنەدراوە، بەڵام نارەزایەتی بەدژی لەشکرکیشی و ئۆپەراسیۆنی وڵاتانی ناوچەکەدا لەسەراسەری کوردستاندا واقعیەتیکی بەرجەستەیە… وە ڕیگایەکی کارسازو بە کردەوە ئەوەیە کە هەموو ئەو حزب و هیزە سیاسیانەی بانگەشەی دژە داگیرکاری دەکەن و بروایان بە ئازادی هەلسورانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان و سەروەری ئیرادەی سیاسی خەڵکی.. کوردستان هەیە، لە پاڵ رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا، دەست ببەن بۆ سازدانی کۆبونەوەی جەماوەری و وەریخستنی خۆپیشاندانی فراوان و سەراسەری…. چ لە ئاستی فەزای گشتی شارەکان و چ لەبەردەم یوئین و سەفارەتخانەی ولاتەکان و بەردەم بارەگای سەرەکی حزبەکان و خواستی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکان، خواستی چونە دەرەوەی بنکەو بارەگای سەربازی و جاسوسی، تەنانەت خواستی کردنە دەرەوەی سەفارەتخانەکانیان بەرز بکەنەوە. وە لە ئاستی دنیای دەرەوەدا، بەهەمان شیوە خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری تا دەگات گوشارهینان بۆسەر سەفارەتخانەکان و ناوەندەکانی بریاری وڵاتەکان، بەدژی ئەو داگیرکاری و دەستیوردان و ئۆپەراسیۆنانەدا بەدەستەوە بگرن و رای گشتی وڵاتانی دەرەوە لەدژی ئەو پیشێلکارییە سیاسی و حقوقییە، بەدەست بهێنن.
بە کورتی رێگای کارسازو کاریگەر بەدژی لە شکرکیشی و دەستیوردادنی ولاتەکان لە هەرێمدا، تەنها بزوتنەوەی لە خوارەوەی جەماوەری فراوانە کە دەتوانێت گوشار دروست بکات و دەستی ئەو وڵاتانە لە دەستیوردان و ئۆپەراسیۆن و لەشکرکیشی و کردەوە تیرۆریستیەکانیان بگرێت و حزبە دەسەڵات بەدەستەکانیش ناچار بکات، دەست لە خۆشخزمەتی و نۆکەرایەتی هەڵبگرن.