لە پەراوێزی لێدوانی عەلی حەمە ساڵح دا سەبارەت بە مەترسی نەوەکان…

0

بەم دوایانە عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە پەرەی تایبەتی خۆی لە فەیس بوک لە ژێر تایتلێ “سەردەمی تاریكی و تاڵانی” باسی دەسەڵاتی نەوەی سێهەمی بنەماڵەی بارزانی دەكات. کە چاویان بڕیوەتە ملیۆنان دۆلارو پاسەوان و سامانی دونیا، لە ئازاری خەڵک تێناگەن.”

لەچوارچێوەی نووسینەکەیدا کە پێدەچیت سەرەتای کەمپەینی پێش وەختەی رەوتەکەشی بێت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، چەندین دۆسیەی لەسەر سامان و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن نەوەکانی بنەماڵەی بارزانی خستۆتە ڕوو، کە هەموویان راستن و گۆشەیەک لە دزی و تاڵانی و دەسەڵات و نەوەکانیان و مەترسیەکانی داهاتوویان دەخاتە روو.

دیارە ئەوە یەکەم جار نییە چ عەلی حەمە ساڵح و چ کەسانی تری هاوشێوەی بە باخەڵ گەرم و لە پێگەی موچەی چەند ملیۆن دیناری پەرلەمانتاری و پۆستی حکومی یان خانەنشینی ئەو پۆستانە، دۆسیەی دزی و گەندەڵی بەرپرسانی حزبی و حکومی دەخەنەروو، ئاماری دزییەکان بە بەڵگە بڵاودەکەنەوە…

ئەوە لە کاتێکدایە کە خستنەرووی دزی و تاڵانی و کردەوەی سەرکوتگەری یان خۆشخزمەتی ئەو حزب و لایەنانە، هیچ کۆمەك بە راستیە سەلماوە ناکات، کە تێکرای خەڵکی کوردستان دەزانن ئەم دەسەڵاتەو بەرپرسەکانی دزی و گەندەڵ و خۆشخزمەتن… هیچ ئامارێک پێویست نییە… دەزانن زوربەی زۆری ئەوانەی ئێستا لەدەسەڵاتن پێشووتر خاوەنی هیچ نەبوون و ئێستا ملیۆنیر و ملیاردێرن، ئەوەش دەزانن وەچەکانیان بەر لە چاو هەڵینانیان سەرمایەی خەیاڵی و سەرەوت و سامانی مۆڵیان بۆ ئامادەیەو دەسەڵاتیش لە باوکەوە بۆ کوڕانیان بە میرات بۆ دەمێنێتەوەو تەنانەت ئەگەر بەهۆی شۆرش یان ئاشبەتاڵیانەوە دەسەڵاتیان لەدەست بچێت، دوبارە سەرمایەی دزی مۆڵکراویان بەشی ژیانی شاهانەی چەندین دەهەیان دەکات و بەخستنە گەری سەرمایەکەیان دەتوانن دوبارەو سەرەوت کەڵەکە بکەن.

عەلی حەمە ساڵح کاتێک خۆی و بزوتنەوەی گۆڕانی “عەزیز” ی، چوە ناو حکومەتی دز و گەندەڵ و تاڵانچی پارتی و یەکێتیەوە، هەر ئەوکاتە پەنجەمۆری ئەو دزی و تاڵانیەیان کردو بوونە بەش لەو تاڵانییە، هەر ئەو کاتەش وەچە پاکەتیەکانی بنەماڵەکانیانیان دەبینی…

بۆ هەر کەس و کۆمەڵ و لایەنێک کە بەراستی دژی گەندەڵی و دزی و تاڵانی وەچەو سەرۆکە پاکەتیەکانی بنەماڵەکانی حزبەکانی کوردستانە، پێش مەرج نەک تەنها خۆ جیاکردنەوە لە حزب و لایەنە سیاسیانە، بەڵکو رووبەرووبونەوی خەباتکارانەو شۆرشگێرانەیە، بەدژی سەراپای ئەو دەسەڵاتەی منداڵدانی دزی و تاڵانی و کارگەی ئەفراندنی سەرۆک و رابەرە پاکەتیەکانی بۆ چەندین دەیەی زنجیرەیی…تاد.

ناکرێت خۆت لە پێگەی ئەندام پەرلەمانی و پۆستی حکومی باڵاو خانەنشینی لە دزی و تاڵانی ئەو دەسەڵاتە بیت و بتەوێت بە خستنە رووی ئاماری دزی و تاڵانی دەسەڵات و نەوەکانیان، شانی خۆت لەو راستییە سەلماوە بدزیتەوە کە خۆت بەرهەمی ئەو سیستەم و بزوتنەوەی گۆڕانی باوکی هەژاران!! بیت کە بە ملیۆنیری مرد و سەرمایەی ملییۆنیەکەشی بەخشیە وەچەکانی…

ناکرێت خۆت مانگانە موچەی ٢٠-٣٠ قات زیاتر لە کریکار و کارمەندێک لە حکومەت!! و لەراستیدا لە حزب و دەسەڵاتی بنەماڵەکان وەربگرێت و شانازی بە خستنە رووی ئاماری دزییەکانی دەسەڵات بکەیت. ناکرێت خۆت لیست بۆ بەشداری لەو دەسەڵاتە دزو گەندەڵ و وەچە ئامادەکردنەی دەسەڵات، ئامادە بکەیت و لەو لاشەوە فرمێسک بۆ بەتاڵانبردنی داهاتی خەڵکی کوردستان هەڵبرێژی. خودی پەرلەمان… بەو پوچی و کارتۆنی بوونەی وەکو رێگای بەرەنگار بوونەوە و سەکۆیەک بۆ گۆرانکاری و وەلانانی دەسەڵات بخەیتە ڕوو. ئەوەیان کە لات وایە پەرلەمان و خەباتی!! پەرلەمانی لەدۆخی ئیستای کوردستاندا رێگایەکە بۆ ئاڵوگۆر و کۆتایییهیان بەدزی و گەندەڵی و ریگەگرتن لەدزی نەوەکان و دەسەڵاتیانە، تەواو کەری هەمان ئەو ڕیچکەیە کە حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی دەیکەن و کردویانە و هیچی لەو دزی و تاڵانی و نادادیە کەمتر نییە کە دەسەڵات دەیکات… لەوەش زیاتر خۆڵکردنە چاوی خەڵکە… ئەوەش بێڕیزییەکی ئاشکرایە بە ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان.

   

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.