عەزیز شەریف: ڕۆشنە کە ئەوە هێزە دەرکیەکانن لەسەر هەرشتێک لەم هەرێمەدا مەترەح بێت بڕیار دەدەن… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل هاوڕێ و هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست عەزیز شەریف سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای چوار مەرسوم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پینجەم مەرسومی بۆسازدانی هەڵبژاردنی هەرێم دەرکرد و بەرواری ٢٠/١٠/٢٠٢٤ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، سەرەتا دەپرسین، ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت؟ 

عەزیز شەریف: سەرەتا بە سڵاو بۆ خوێنەرانی بۆپێشەوە دەستپێدەکەم. سەبارەت بەپرسیارەکەتان ئەم هەرێمە هیچ زەمانەتێکی نییە ئەوەی هەیە مەیدانێکە بەرژەوەندی هێزە دەرەکیەکان لەم مەیدانەدا یەکلای دەکاتەوە .

بۆپێشەوە: مەرسومی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر و سەردانی بەغداو پاشان ئیران دەکرا، چۆن دەروانە رۆڵی ئیران و وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە؟

عەزیز شەریف: ئەگەر سەرنجی وەڵامی پرسیاری یەکەم بدەن بەجۆرێک  وەڵامی ئەم پرسیارەشی تێدایە. بەڵێ ئێران یەکێ لەو دەوڵەتانەیە کە زۆرترین دەوری لە ساحەی سیاسی نەک کوردستان، بەڵکو ئێراق و ناوچەکەدا هەیە. هەربۆیە لەدوای بێنەوبەردەیەکی زۆر و سەردانی سەرۆکی هەرێم و دەرکردنی مەرسوم بۆ هەڵبژاردن ئێستا ئیتر وەڵامی پرسیارەکە ڕۆشنە کە ئەوە هێزە دەرکیەکانن لەسەر هەرشتێک لەم هەرێمەدا مەترەح بێت بڕیار دەدەن.

بۆپێشەوە: هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان هەڵبژاردن بە تاکە رێگای چارەسەری کیشەکانی ناوخۆی هەرێم دەزانن، چۆن دەروانە ئەو بۆچوونە؟

عەزیز شەریف: ئەگەر چاوێک بەمێژووی سی ساڵی ڕابردوی ئەم هەرێمەدا بگێڕینەوە ئەوا دەبینین کە هەمیشە و دائیم ئەم هەرێمە دەرگیری کێشە بووە. هەموو ئەو کێشانەش کێشەی دابەشکردنی بەشە کێک بووە و بە هەڵبژاردنەوە گرێیان داوە و لەدوای هەڵبژاردنیش دیسانەوە نەک کێشەکان چارەسەر نەبوون، بەڵکو قوڵتر بونەتەوە.

بۆپێشەوە: وەکو ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا، پاشەکشەی زۆری کردووە تا ئەو رادەیەی سەرانی حزبەکان نایشارنەوە، کە قەوارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت وەڵامدەرەوە بەو دۆخە بێت، بەر بە مەترسیەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا بگرێت؟

عەزیز شەریف: واقیعەت ئەمەیە کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەگەورە و بچوکیانەوە نایشارنەوە کە پاشەکشی زۆریان لەبەرانبەر دەسەڵاتی ناوەنددا کردوە  و ئەم هەڵبژاردنەش ناتوانێت بەر بەدەسەڵاتی ناوەند بە سەر هەرێمی کوردساناندا بگرێت. بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا زیاتر دەبێت و ئێستاش بۆ ئەوەی خەڵک بەرنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەشێک لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان باس لەمەترسی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا دەکەن و بەشێکیشیان لەژێر ناوی یەکسان کردنی موچەی خەڵکی هەرێم لەگەڵ خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ناوەند بانگەواز بۆ ئەم گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندە دەکەن بەسەر هەرێمی کوردستاندا. 

بۆپێشەوە: لە پێنج خولی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا، دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات روینەداوە هەرێم هەر دابەشی دوو زۆنی و دوو دەسەڵاتە” پارتی و یەکێتی” لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت؟ 

عەزیز شەریف: بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە بە چاو لەهەڵبژاردنەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بکەین!  لەوێ هەموو چوار ساڵ جارێک دەسەڵات لەنێوان دوو حیزبی گەورەدا بەم شێوەیە دابەش دەبێت یان لایەک لەلایەکان یان بەشەراکەت دەسەڵاتداری دەکەن. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایا هەڵبژاردن چی گۆڕیوە؟ چی بەقازانجی خەڵک بەرهەم هێناوە؟ دەکرێت لەوڵاتێک لەو وڵاتانەی دنیا ڕیفۆرمێکی بچوک (کە لەڕێی میدیاوە کراوەتە گرفتی گەورەی ژیان) لەژیانی خەڵک کرابێت و ئاڵوگوڕی دەسەڵاتیش ڕویدابێت. بەڵام کێشە گەورەکانی ژیانی خەڵک لەشوێنی خۆیان بوون، هەربۆیە (هیوادارم کەس بە لایەنگری دەسەڵاتداری ئەم دەسەڵاتە  لێکدانەوە بۆ ئەم قسانەم نەکات) دەسەڵات ڕادەستکردنی ئەم حیزب بەو حیزبی تر نەک کێشەکانی ژیانی خەڵک چارەسەر ناکات، بەڵکو خراپ و خراپترییشی دەکات. من حەزدەکەم  نمونەی دەستاو دەستکردنی حزیبەکانی ئەڵمانیای. بیست ساڵی ڕابردووتان بۆ دێنمەوە. حیزبی سوسیال دیموکراتەکان و سەوزەکان لە بیست ساڵ بەر لەئێستا دەسەڵاتیان لە حیزبی سوسیال مەسیحیەکان وەرگرت، یاسای سۆسیال و کاروباری کۆمەڵایەتیان سەرتاپا گۆڕی و ئەم گۆڕانکاریەش ئەوەندە بەقازانجی دەوڵەت و کۆمپانیاکان بوو لەدوای کەمترلە سێ ساڵ لەدەسەڵاتدارییان ناچار بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی بوونەوە و حیزبی سۆسیال دیموکراتەکان دەسەڵاتیان وەرگرتەوە، ئەم وەرگرتنەوەی دەسەڵاتە نەک ئاڵوگۆڕی لەو یاسایانەدا نەکرد کە سۆسیال دیموکراتەکان  کردیان، بەڵکو شانزە ساڵ سۆسیال مەسیحیەکانی لەدەسەڵات هێشتەوە و درێژەیان پێدا! ئەوا بۆ دوو ساڵ زیاترە جارێکیتر سۆسیال دیموکراتەکان دەسەڵاتیان بەشەراکەت لەگەڵ چەند حیزبێکیتر لە سۆسیال مەسیحیەکان وەرگرتۆتەوە، بەڵام نەک هەر هیچ گۆڕانکاریەکی ئیجابی ڕوی نەداوە، بەڵکو ژیانی خەڵک لەدەورەی پێشو قورستر بۆتەوە! هەربۆیە من هیچ ئومێدێک لەسەر ئاڵوگوڕ کردنی دەسەڵات هەڵناچنم.

بۆپێشەوە: لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرجەم حزب و لایەنە بەشدارەکان، دەیان بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەن کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان باش دەکەن، کەچی دوای هەموو هەڵبژاردنێک دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەک باش نابێت خراپتر دەبێت، لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت هیچ بار گرانیەک لەسەر شانی هاوڵاتیان لاببات؟

عەزیز شەریف: بەجۆرێکی تر وەڵامی ئەم پرسیارەشم لەپرسیاری سەرەوەدا باس کردوە، بەڵام باوردتر لەبارەیەوە وەڵام بدەمەوە. وەکو لەسەرەوە باسم لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لەنێوان حیزبەکانی ئەڵمانیا کردوە نەک ژیانی خەڵک باشتر نەبوە، بەڵکو خراپتریش بووە، هەر ئاواش لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی باشتر بوونی ژیانی خەڵک ناکەم!

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە پارتی و یەکێتی، لە هەڵبژاردنەکاندا مل بەدوڕان دەدەن و دەسەڵات رادەستی هێزی براوە دەکەن؟

عەزیز شەریف: ئەوە کە هیچ ئەوان خۆیان بە ئاشکرا وتوویانە ئەگەر یەک کورسیش بێنین دەسەڵات تەسلیم ناکەین! ئیتر چاوەڕوانیەک بۆ دۆڕانیان لەهەڵبژاردن و دەسەڵات تەسلیمکردن خۆش خەیاڵییەک زیاتر نەبێت هیچی تر نییە.

بۆپێشەوە: تا هاتووە بەشداری کردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا کەم بۆتەوە، هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵک چییە؟ لاتان وایە ئەمجارەش زوربەی زۆری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن؟

عەزیز شەریف: قسەیەک هەیە دەڵێت ئەگەر هەڵبژاردن شتێکی بگۆڕیایە ئەوا لەمێژ بوو قەدەغەیان کردبوو! دیارە کە بۆ من هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت، بەڵام ئەوان بەدەزگای ئیعلامی گەورەوە هەموو ڕۆژێک خەڵک هان دەدەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەم وەزعە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەتایبەتیش لەم دەورەیەدا لایەک لەلایەکانی هەڵبژاردنەکان بانگەواز و ئیدیعای ئەوەدەکەن ئەگەر دەنگیان پێبدەن مووچەی بەردەوامی مانگانە دەبێت و مووچە وەکو خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ناوەند لێ دەکەن ڕەنگە بەشێک لەخەڵک بەرێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام هەرگیز ڕێژەی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردندا وەکو سی ساڵ بەر لەئێستا نابێت.

بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دەبێ چی بکەن و بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟

عەزیز شەریف: ئەمە کێشەی هەموو خەڵکی دنیایە! چۆن؟ بەدرێژایی مێژووی هەڵبژاردن کە چەند سەدە زیاترە بوونی هەیە کراوەتە تاکە ڕێگەی ژیانی کۆمەڵگەکان! لەوەتەی سیستەمی هەڵبژاردن لەدنیادا بوونی هەیە چەندین ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، بۆنمونە سەردەمانێک تەنها خاوەن موڵکەکان بۆیان هەبوو خۆیان هەڵبژێرن، یان تەنها پیاوان بۆیان هەبوو خۆیان هەڵبژێرن، دواتر ئاڵوگۆڕەکانی تریشی بەدوادا هات و تا گەیشتوە بەوەی ئەمڕۆ هەمووان دەیناسان. بەڵام با چاوێک لەم سیستەمە بکەین و بپرسین ئایا بەتەنها ئەم جۆرە دەسەڵاتدارێتیە دەناسن بۆ ڕێکخستنی ژیان؟ ئایان ناکرێت بیر لە جۆرێک دەسەڵاتدارێتی تر بکرێتەوە؟ هەڵبەتە هەم لە مێژوودا شێوە دەسەڵاتدارێتی تر بوونی هەبووە هەم دەکرێت شێوە دەسەڵاتدارێتی تر دابهێنین. بەڵام ئەمە تەنها بە کوردستانەوە پەیوەندی نییە و بەڵکو ئاڵوگۆڕێکە کە دەبێت لەشوێن و ناوەندی ترەوە بەرەو ئێرە پەل بهاوێت، دەکرێت پێچەوانەکەشی ڕاست بێت. بەڵام لە ئێستادا مرۆڤایەتی نەگەیشتوە بەمەی دەست بەرێت بۆ ئەڵتەرناتیڤی لەم جۆرە و ئەم ئاڵوگۆڕەی سیستەمی ژیان لە پەرلەمانیەوە بەرێت بۆ شێوازێکیتر لە خۆبەڕێوەبردن. بەڵام بەدڵنیایەوە ڕۆژێک دێت ئینسانەکان بە ناچاری دەستی بۆدەبەن و تەنها درەنگ و زوویی کەوتوە….

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.