ئیسماعیل هەنییە وەکو قوربانی بەرژەوەندییە گەورەترەکانی ناوچەکە!!… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
كاتژمێر 2 ی بەرەبەیانی چوارشەممە 31 ی تەمووزی 2024، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران لەگەڵ یەكێك لە پاسەوانە تایبەتەكانی بە مووشەك كرایە ئامانج و كوژران.
کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، لەناو باوەشی جمهوری ئیسلامی و لە پایتەخی ئیراندا، دەشێت زۆر خویندنەوەی بۆ بکرێت. بەتایبەت کە لە یەکەم رۆژی دەست بەکاربوون و رێ و رەسمی مەسعود پزیشکیان دا، ئەنجام درا.
کوشتنی هەنیە لە تارانی پایتەختی ئیراندا و لەیەکەم رۆژی دەست بەکاربوونی مەسعود پزیشکیاندا، لەگەڵ ئەوەدا لە ئاستی رای گشتیدا، ئێران و دەزگا ئەمنیەکانی دەخاتە ژێر پرسیار. خودی پزیشکیان دەخاتە ژێر گوشارەوە. جیا لەوانە هاوکاری ئاشکرای باندی ناوخۆیی ئیران لەگەڵ ئیسرائیل و لەو کردەوە تیرۆریستیەدا، دەخاتە روو. هاوکات لەگەڵ ئەوانە ئیسرائیل دەست بۆ کردەوەیەکی ئاوا بەبێ ئاگاداری ئەمریکا دەست بۆ نابات. ئەمانە دیوی دەرەوەی سیناریۆی کوشتنی ئیسماعیل هەنیەیە. بەڵام دیوی دووەمی ئەم کردەوەی ئیسرائیل، گەورەتر لە چالاکیەک و کوشتنی ئیسماعیل هەنیەیە، ئەویش نیگەرانی دەوڵەتی ئیسرائیلە لە رەوتی هێوربوونەوەی پەیوەندی ئیران و ئەمریکا و رەوەندی زاڵی روداوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، کە سەرجەم لایەنە دەرگیرەکانی ناوچەکەو جەمسەرە سەرەکیەکانی، دەیانەوێت ناوچەکە بە ئاقاری ئارامیەکی ریژەییدا ببەن.
جەنگی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینەیەکان لەدوای کردەوەی حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووە، تا دەگاتە هیرشی هیزە نیابەتیەکانی سەر بە ئیران بۆسەر بنکەو سەربازگەکانی ئەمریکا و کاردانەوەی لێرەو لەوێی ئەمریکا بۆسەر گروپەکانی سەر بەئیران لە عێراق و سوریا و ناوچەکە… تا دەگاتە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە…تاد هیچ کام لەوانە ئاماژە بۆ تیکچوونی زیاتری رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە و بەرین بوونەوەی جەنگ لەناوچەکە نییە، بە پیچەوانەوە هەموو ئەوانە لە چوارچیوەی نەخشەو دیزانێکی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەچنە پێشەوە و کە لایەنی سەرەکی تیایدا لەلایەکەوە ئەمریکا و لەلایەکی ترەوە جەمسەری ئیرانە.
دیارە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە گوزێکی گەورەیە لە حەماسی ئیسلامی و لەوانەشە بەوێنەی کاردانەوەیەکی پاراستنی ئابروی سیاسی، حەماس و هیزە نیابەتیەکانی ئیران، چالاکی و کردەوەی لیرەو لەوێ بۆسەر هیزەکانی ئەمریکا و یان ئیسرائیل ئەنجام بدەن، بەڵام نە ئیران و نە ئەمریکا رەوتی روو لەپیشی پەیوەندییەکانیان ناکەنە قوربانی ئەم بەیەکدادانە لاوەکیانەی وەکو نوقڵانەی رێکەوتنیێکی گەورەتر هەیانەو لە بەردەمیاندایە… مەسعود پزیشکیان چ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و چ لەکاتی خستنە رووی کارنامەکەی چوار ساڵەی داهاتووی باشترکردنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی وەکو یەکێک لە کارەکانی کابینەکەی خستە روو، ئەم پەیامە هێندەی روو لە ئەمریکا و غەرب، بوو لە دۆخی تازەدا، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە پەرەدان بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو دۆست و هێز و وڵاتانە نییە کە خۆی تیایدا کاراکتەرێکی کاراو خاوەن بڕیارە… ئایندەی ئیران و مانەوەی باڵادەستیەکەی لە ئاستی ناوچەکەو کارایەکەی وەکو جەمسەرێکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەندە بە ئاساییکردنەوە یان خاوکردنەوەی گرژیەکانی لەگەڵ ئەمریکاو غەرب و لەبەرامبەردا بەرەسمی ناسینی پیگەکەیەتی لەلایەن ئەمریکا و غەربەوە لە واقعیەتی دنیا ئیستادا.
بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل کوشتنی هەنییە و سەرکردەکانی حەماس و حزب اللە سەرکەوتنێکە، لە ناو شکستێکی بەردەوامدا بەرامبەر بە کیشەی فەلەستین و تەنانەت ئیسلامی سیاسی و حەماسدا. بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل لەدژی فەلەستینیەکان و حەماسدا، لەلایەکەوە کیشەی فەلەستن و چارەسەری سیاسی کیشەکەی هیناوەتە سەر مێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە ئاستی رای گشتیشدا پشتیوانی جیهانی زیاتری لە خەڵکی فەلەستین کردۆتە راستیەکی حاشاهەڵنەگر، هاوکات ئیسرائیلی لە ئاستی دنیا تەریک و پێگەی لاواز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و گوزی وەشاندۆتە سەر بەژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو لەهەموو ئەوانەش زیاتر بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی ئەمریکا و غەربی کردۆتە کاریکاتۆرێک..
ئەمریکا و غەرب و ئێران بەگشتی کۆکن لەسەر ئەوەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، سنوردار و مەوداکەی فراوان نەبێت، دەوڵەتی ئیسرائیلیش شکستی خواردووە لەوەی کە بتوانێت لایەنی تری ناوچەیی لە جەنگەکە بگلێنێت، و خۆشی بە بەبێ پشتیوانی ئەمریکا و غەرب، توانای جەنگێکی فراوانی لەناوچەکەدا نییە، بۆیە چڕ کردنەوەی هەوڵەکانی بۆ کردەوەی ئاماجدارانەی سنوردار و تیرۆری سەرکردەکانی حەماس و حزب و اللە، بە رێگایەک بۆ سەرکەوتن نیشاندانی خۆی لەناو شکستێکی فراوانتری لە ئاستی جیهانی ناوچەیی دەزانێت. کوشتنی ئیسماعیل هەنیەشە لە تاران، ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی کاریگەری لەسەر رەوەندی زاڵی روداوەکان بێت کە گرنگترینیان، رەوەتی خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیرانە لەگەڵ ئەمریکا و غەرب و لەویشەوە گێرانەوەی رادەیەکی زۆرتر لە سەقامگیرییە بۆ تەواوی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراست، کە بۆرژوازی و جەمسەرە سەرەکیەکانی بەدوایەوەن لە ناوچەکەدا.
٣١/٧/٢٠٢٤