جینۆسایدی ئیسرائیل درۆکانی ڕۆژئاوا ئاشکرا دەکات…

0

ڕۆژئاوا وەک داکۆکیکارێکی یاسای نێودەوڵەتی و دیموکراسی و دادپەروەری خۆی نیشان دەدات. بەڵام پشتگیریکردنی لە کۆمەڵکوژی ئیسرائیل ئەمە وەک درۆیەکی گەورە ئاشکرا دەکات.

دادگای نێودەوڵەتی هەفتەی ڕابردوو بڕیاریدا کە داگیرکردنی خاکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە “نایاساییە”، پێشێلکردنی یاساکانی “ئاپارتاید” و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا لە پشتگیریکردن- و چەکدارکردنی- ڕژێمی جینۆساید و ئاپارتایدی ئیسرائیل نەوەستاون، ئەمەش دووڕوویییەکی قووڵ نیشان دەدەن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆرجار خۆیان وەک قەڵایەکی گەورەی ئازادی نیشان دەدەن و گوایە لەسەر ئاستی جیهان شەڕ بۆ بەرزڕاگرتنی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە یاسا دەکەن.

بۆ نموونە، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە لوتکەی نێودەوڵەتی ساڵی ڕابردوودا وتی کە شانازی دەکات “بە بەرگریکردن لەو بەها بنەڕەتیانەی کە هەموومان هاوبەشین- دادپەروەری، سەروەری یاسا، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی ئایین”.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هەروەها بنچینەی باوەڕمان پاراستنی مافەکانی مرۆڤە بۆ هەموو تاکێکی جیهان. ئەی مافی فەلەستینیەکان؟ کاتێک ئیسرائیل فەلەستینییەکان دەکوژێت و برسی دەکات، ئەم باوەڕە بنچینەیییە لە کوێیە؟

ڕۆژئاوا نەک تەنها پشتگیری مەعنەوی لە ئیسرائیل دەکات، بەڵکو بە ناردنی بڕێکی زۆر چەک و پارە یارمەتی دەدات. “باوەڕی بنچینەیی” بایدن بەتەواوی پوچ دەردەچێ.

هەموو ئەو باسانەی ڕۆژئاوا سەبارەت بە “بەرگریکردن لە دیموکراسی”  قسەیەکی پوچە کە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی بەکاردەهێنرێن.

ڕۆژئاوا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لەبەرئەوەی ئیسرائیل بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا دەکات و پەرەی پێدەدات.

ئەو دووڕووییە کاتێک دەردەکەوێت کە ئەمریکا و ئەوروپا لە کاتێکدا بێدەنگن بەرامبەر بە تاوانەکانی ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسرائیل، هێرش دەکەنە سەر ڕووسیا بەهۆی ئەوەی دیکتاتۆرییە یان چین بە تاکڕەو ناودەبەن.

کاتێک ڕۆژئاوای دیموکراسی داخڵی شەڕ دەبن، گوایە ئەمە کارێکی خۆبەخشانە بۆ چاودێریکردنی یاسای نێودەوڵەتیە.

یاسای نێودەوڵەتی تا ڕادەیەکی زۆر داهێنانێکی ڕۆژئاواییە لە خزمەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدایە و وەک ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردەوەکانیان کاردەکات.

ئەم بڕیارەی دادگای نێودەوڵەتی شکستێکی مەعنەوی و ئایدیۆلۆژییە بۆ ئیسرائیل و پشتیوانە ڕۆژئاواییەکانی.

پێویستە لە شەڕی ناچارکردنی حکومەتی پارتی کرێکاران بۆ ڕاگرتنی هەموو چەکێک بۆ ئیسرائیل بەکاری بهێنین. وە پێویستە چالاکوانان ئەو حوکمە بەکاربهێنن بۆ ئاشکراکردنی دووڕوویی ڕۆژئاوا و بەرزکردنەوەی خەبات بۆ ڕزگاری فەلەستین.

 

نووسینی: توانا حەمە نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.