ئاسایش و هێزە چەکدارەکانی حزبەکانی دەسەڵات، ئاسایشی هاوڵاتیانیان خستۆتە مەترسیەوە!

0

کوشتنی لاوێکی تر لە ڕاپەرینی شاری سلێمانی” ئاری ڕزگار” بەدەستی چەکدارێکی کۆماندۆ، جارێکی دی پرسی ئاسایشی هاوڵاتیان و شاری وروژاند. ئەوە یەکەم جار نییە هاوڵاتیان لە ژێر دەسەڵاتی پشت ئەستور بە چەک و زۆری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، گیانیان لێ دەسەنرێتەوە، بەڵکو زوو زوو هەواڵی کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن کەسانی سەر بە ئاسایش، کۆماندۆ، دژە تیرۆر، زێرفانی، کوڕی بەرپرس… گۆمی هەمیشە جوڵاوی کۆمەڵگە، دەخەنەوە لرفە. کۆمەڵگە و هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی دەیان هیزی چەکداری حزبی لەژێر دەیان ناوی جیاوازدا، کە هەر یەکەیان مۆرکی دەسەڵاتی زۆنەکانی هەڵگرتووە، لەپاڵ هێزی چەکدار و پاسەوانی بەرپرسەکانیان و پاسەوانی ماڵ و بارەگاکانیان و پاسەوانی کەژاوەی بەرپرسە حزبی و بنەماڵەیەکان و ماشینە جام رەشەکان و… سیمای کۆمەڵگەیان شێواندووە ئارامیان لە هاوڵاتیان، سەندۆتەوە. چەک و هیزی بەناو ئاسایش بەکردەوە بونەتە هەرەشەیەکی هەمیشە ئامادە بەسەر سەری کۆمەڵگەوە. پیشکەوتنی سەیارەی بەرپرس و سەیارەی هێزێکی پاسەوانی پیاوانی حزب… یاساغە و توندوتیژی و تەنانەت دەکرێت کوشتن سزاکەی بێت. فول لایت و هەڵەی هاوڵاتیەکی شوڤێر، لەلایەن بەرپرسێکی حزبییەوە، دەشێت مەرگ سزاکەی بێت. چ رێگاکان و چ شارەکان و تەنانەت چەندین ناوچە کە کراونەتە پاوانی حزب و بنەماڵەکان و مەزارگەی سەرانیان، چەک بەدەستەکانی حزب ئیمتیازیان هەیەو بە موڵکی تاپۆکراوی خۆیانی دەزانن و لەوەش زیاتر هاوڵاتیان پلە لەخوارترن… تەنانەت لەزوربەی شارەکانی کوردستاندا، ناوچەی گرنگ یان گەشتیاری وەکو سەری رەش، دەباشان، دوکان، گردی زەرگەتە… لەلایەن حزب و سەرانیانەوە لە جغرافیای هەرێم و هاوڵاتیان دابڕینراون و کراونەتە موڵکی حزب و بنەماڵە دەسترۆشتوەکانی و پیرۆزکراون و بۆ هاوڵاتیان بوونەتە ناوچەی یاساغکراو و محەرەمە!!… چەک و چەک بەدەست بوون بۆتە ئیمتیاز و کەسانی بێ چەک و هاوڵاتی، لەلایەن پیاوانی چەکدار و حزبییەوە پێگەیان لەخوار تر تەماشا دەکرێت…

ئەو چەکدارەی کەسەر بەدەزگای ئاسایش کۆماندۆ و زێرەڤانی و دژە تیرۆرە، بەرهەم و پەروەردەکراوی ئەو دەزگایانەیە و هەموو ئەو دەزگاو دامەزراوانەش، سەر بەحزب و بۆ حزب و سەر بە بنەماڵەی حزب و باڵەکانیانن. بەکورتی زوربەی هەرە زۆریان لە بنەرەتدا لە جێگای ئەوەی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و ئارامیان و بۆ بەرگری لە هیرش و دەستریژی دەرەکی و “دوژمنان”… سازدرابن، بۆ پاراستنی حزب و سەران و بنەماڵەکانیان و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان رێکخراون.

هەر ئەوەی کە ئەو دەزگاو رێکخراوە چەکدار و ئەمنییە رەنگاو رەنگانە، سەرجەمیان سەر بەحزب و سەرانی ئەحزابی دەسەڵات بەدەستن، یەک دەزگای ئەمنی و چەکداری سەربەخۆ و بێ لایەن لە حزب و سەرانیان بوونی نییە. بۆیە هیچ هەوڵێک ناتوانێت یەکیان بخات و بێ لایەنیان بکات، چونکە ریشەی لەوەدایە کە هەرکام لە دەسەڵاتی زۆنەکان مانەوەیان بەندە بەو هێزە چەکدارەوە. 

ئەوەی هێزی بۆ پاراستنی خۆی و ئاسایشی ژیانی نییە، هێزی بە بەرگری لە مافەکانی نییە، هاوڵاتیانن. هەرەشەی سەر هاوڵاتیانیش… هێزی دەرەکی نییە، دوژمنانی!! کورد و ئەزموونی پیرۆزی!! هەرێم نین، بەڵكو دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاو میلیشیایی حزبەکانن. هەر ئەوەشە هۆکاری کوشتنی ئاشکرای هاوڵاتیان و نائارامی و پشیوی شارەکان و سەرانە سەندن و قاچاخچیتی و لەپاڵیدا نەبوونی یاسا و لێپرسینەوەی یاسایی…تاد.

مەرجی لانی کەمی ئارامی هاوڵاتیان و شارەکان، بەر لەهەر شتێک داماڵینی حزبە لە چەک و میلیشایی چەکداری و هەڵپێچانی سەربازگەو بنکەو بارەگا و چەکداری حزبی و گیڕانەوەی دەیان هەزار دۆنم زەوی داگیرکراوە لەلایەن حزبەکانەوە بۆ هاوڵاتیان و لەجێگایدا پیکهێنانی هێزگەلی چەکداری یاسایی و سەراسەری پەروەردەکراوی سەردەمی و بوونی دەسەڵاتی دادوەری و یاسا بۆ هەمووانە… پێشمەرجی ئەو کارەش لە گرەوی لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیدایە، کۆسپی سەرەکیش دەسەڵاتی حزبی و میلیشیاییە. ئاسایشی هاولاتیان و هەرێمی کوردستان، بەر لەهەموو شت، قوربانی دەسەڵاتی میلیشیایی و هێزە بەناو ئاسایشەکانە، کە هاوڵاتیان و کۆمەڵگەیان لەبەردەم مەترسی هەمیشەییدا، راگرتووە.

 

*******

Leave A Reply

Your email address will not be published.