لە کارڵ مارکسەوە بۆ مەنسور حیکمەت…
وەکو لینین پێمان ئەڵێ، مارکسیزم، لەسەر سێ پایە وەستاوە ئەویش فەلسەفەی ئەڵمانی، سۆشیالیزمی فەرەنسی وە ئابوری سیاسی ئینگلیزی. بە واتایەکی تر مارکسیزم لەسەر بنەمای ڕەخنە لە فیکر و تێڕوانینی فەلسەفی، سیاسی، ئابوری و فەرھەنگی سەردەمی خۆی و لە پرۆسەیەکدا ھاتۆتە دونیاوە. لینینیش مارکسیزمی گواستۆتەوە قۆناغی ئیمپیریالیزم وە ئیمکانبوونی شۆڕشی کرێکاری و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری و سۆشیالیزم لە ڕێگای دروستکردنی حیزبی سیاسی کرێکاری بۆ پێشڕەوی چینی کرێکار بەرەو بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕوسیا. لەگەڵ ئەوەشدا سەلماندی کە چینی کرێکار ئەتوانێ لە ڕێگای شوراوە حوکمی وڵات بکات.
کەواتە ئەبێ ڕۆڵی مەنسور حیکمەتی بلیمەتیش زیندوکردنەوەی ئەو ئاسەوار و فەرھەنگە بێت و ھێنانە دەرەوەی تێڕوانینی مارکسییەت بێت لەژێر خاكوخۆڵ و ئەفکاری بورجوازی و ھەروەھا جیاکردنەوە و پاککردنەوەی ئەم فەرھەنگە لە ئەفکاری پۆپۆلیستی و سۆشیالیستی بۆرجوازی بێت.
لینین بێوچان و بەبەردەوام خەباتی کرد و تێکۆشا بۆ ئەوەی ڕێگە لە تێکەڵاوکردنی مارکسیزم لەگەڵ خەیاڵات و ئەفکاری وردە بۆرجوازی و تەحریفی بگرێ وە هەوەها ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران بپارێزێ. مەنسور حیکمەت ئەم میتۆدەی بۆ نەوەی سەردەم ژییانەوە. جیاوازییەکی زەمەنی درێژ لە نێوان سەردەمی لینین و مارکس نەبو بەڵام مەنسور حیکمەت حەفتا ساڵ دوای شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی دەستیکرد بە زیندوکردنەوەی فەرھەنگی مارکسیزم.
وەکو چۆن مارکسیزم لەلایەک بەروبومی ڕەخنەگرتنە لە بیروبۆچونی سەردەمی خۆی، لەلایەکی تریش بەرهەمی مانگرتن و خۆپیشاندان و شۆڕشەکانی ١٨٣٠، ١٨٤٨ و ١٨٧٠ ئەوروپایە. بەرهەمی خەباتی کرێکارانی بەریتانیا و ئەوروپای ڕۆژئاوایە. لینینزمیش لەلایەک بەرھەمی ڕەخنەگرتنە لە بیروبۆچون و فەرھەنگی سەردەمی خۆی و جیاکردنەوەی سۆشیالیزمی کرێکارییە لە سۆشیالیزمی سازشکارانە و نیشتمانیەوە هەروەها بەرهەمی مانگرتن و خۆپیشاندان و شۆڕشی ١٩٠٥ ڕووسیایە. پێموایە حیکمەتیزمیش لەلایەک بەرهەمی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ئێران و شۆڕشی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ و لەلایەکی تریش بەرھەمی ڕەخنەیە لە فەرھەنگی سەردەمی خۆی. بەرھەمی ڕەخنەیە لە پۆپۆلیزم، ئەفکاری ماو، کۆمۆنیزمی ڕوسی، سۆشیالیزمی ئەلبانی، ڕیفۆرمیزم و چەپی بۆرجوازی..
ئەنجلز ئەڵێ وەک چۆن داروین یاسای گەشەکردنی چەشنی دۆزییەوە مارکسیش یاسای گەشەکردنی کۆمەڵگەی دۆزییەوە و پێموایە لینینیش یاسای گەیشتنی چینی کرێکاری بە دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگای دروستکردنی حیزبی سیاسی و شۆڕشکردنەوە دۆزییەوە.
مەنسور حیکمەت ئەم دوو یاسایەی زیندوکردەوە.
پێموایە مەزنی مەنسور حیکمەت لەوەدایە کە ئەو دوو مێژوەی بەیەکەوە بەستەوە. مێژوی سەردەمی مارکس و لینین لەگەڵ ئەم سەردەمە. مێژوی مانیفێستی کۆمۆنیستی و بەلشەفییەت بە دونیایەکی باشتر. ھەروەھا مەزنی مەنسوری حیکمەت، داھێنەری کۆمۆنیزمی کرێکاری، لەوەشدایە کە مارکسیزمی گرێدایەوە بە خەباتی کرێکاران و سەلماندییەوە کە کرێکاران بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی سیاسی ئەبێ خاوەنی حیزبی خۆیان بن. خاوەنی بەرنامە و تێڕوانینی سەربەخۆی خۆیان بن. لەسەرو ھەموشیانەوە مەزنی مەنسوری حیکمەت لەوەدایە وەڵامی گرێ سیاسییەکانی ئەم سەردەمەی پێیە.
نووسینی: توانا حەمە نوری