سالار سۆفی: بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە قۆناغە هەرە ناجێگیرەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل هاوڕێ سالار سۆفی نووسەر و وەرگێر و مامۆستای زانکۆ لە فینلاند سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان…

0

 بۆپێشەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای چوار مەرسوم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پینجەم مەرسومی بۆسازدانی هەڵبژاردنی هەرێم لە بەرواری ٢٠/١٠/٢٠٢٤ دەرکرد، سەرەتا چۆن دەڕوانە ئەو هەموو مەرسومانە و دواتر دەپرسین، ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت؟

سالار سۆفی: دەرکردنی ژمارەیەک مەرسوومی یەک لەدوای یەک دەربارەی هەمان بابەت، ژمارەیەک ئاماژەی لێ دەخوێندرێتەوە. لەپێش هەر شتێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە قۆناغە هەرە ناجێگیرەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت. ئاماژەیە بۆ هەوڵی گۆڕانکاریی گرنگ لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی بە ناوەندەوە، لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانەوە، بەتایبەتیش لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، کە  جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی بە دەوڵەتی ناوەندیی عێڕاق سپێردراوە. ئاماژەیە بە ویستی لەمێژینەی هەڵگرانی بیروڕای شۆڤێنیزمی عەرەبی، بۆ لەناوبردنی هەر ئاستەنگێک، لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو بیرە شۆڤێنیستییە و کپکردنەوەی هەر هەوڵێک لە دەرەوەی بەرنامەی خۆیان. ئاماژەیە بە کێشەی قووڵی نێوان هێزە سەرەکییە کوردییەکان و بێمتمانەییان بەرانبەر بە یەکتر. ئاماژەیە بەوەی کە هەرێمی کوردستان، وەک لاشەیەکی بریندار، بەدوای ڕووداوەکاندا ڕادەکێشرێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی، لەسەر ئاراستەی ڕووداوە چارەنووسسازەکانی ناوخۆی خۆیشیدا نەماوە. بەکورتی؛ ئاماژەیە بە لەرزۆکی و بێسەروبەری و قەیرانی قووڵی کۆی سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

تا ئەو کاتەی ئەم هۆکارانەی سەرەوەش مابن، هیچ دڵنیاییەک نییە و نابێت لەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و لە بارودۆخێکی لەم جۆرەدا، هەمیشە ئەگەری سەرهەڵدانی ئاستەنگی تر لە ئارادایە.

بۆپێشەوە: مەرسومی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر و سەردانی بەغداو پاشان ئیران دەکرا، چۆن دەروانە رۆڵی ئیران و وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە؟

سالار سۆفی: بێگومان وڵاتانی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایان لەسەر بارودۆخی عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە. مانەوەی هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکی یاساییدا، لە بەرژەوەندیی  دەسەڵاتی ناوەندیی عێڕاقیش و هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیاشە. دواخستنی چەند جارەی هەڵبژاردنیش، بەشێکە لە فشاری ئەوان بۆ کزکردنی هەرێمی کوردستان و پلانی ڕاستەوخۆی ئەوان بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان لەو بۆشاییە سیاسییەدا. خۆ ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت، هەر یەکێک  لەو وڵاتانە، هەوڵ دەدەن پێشمەرج و ویست و داخوازییەکانی خۆیان بسەپێنن.

ئێستا هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دابەش بووەتە سەر دوو ناوچەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەر یەک لە ئێران و وتورکیا. ئەو ناوچانەی پێشتر پێیان دەوترا ناوچەی زەرد و سەوز، ئێستا بە کردەوە ناوچەی درێژکراوەی دەسەڵاتی تورکیا و ئێرانن و حزبە کوردییەکانیش ڕێخۆشکەر و جێبەجێکەری ویستەکانی ئەوانن. ئەم بارودۆخەش دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە  ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، هەر یەکێک لەو دوو دەوڵەتە هەوڵ دەدەن بە هەر جۆرێک کە پێیان بکرێت، پشتیوانی لە حزبی دڵخوازی خۆیان، کە مەرامەکانیان جێبەجێ دەکات، بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە ئێران لە ڕێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێڕاقیشەوە، کاریگەریی زیاتری لەسەر هەڵبژاردن و وردەکارییەکانی دەبێت. لە هەموو بارێکدا، سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی باسمان کردن و تەنانەت ئەمریکاش، ناهێڵن ئەنجامی هەڵبژاردن لاسەنگ بێت و هیچ حزبێک بە تەنها زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی پێ ببڕێت، بۆ ئەوەی بواری یاریی پەتپەتێنی سیاسیی لە دەست نەدەن و هەمیشە کارتی هەڕەشە لە هەر یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات، لە دەستی خۆیان بهێڵنەوە.

بۆپێشەوە: هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان هەڵبژاردن بە تاکە رێگای چارەسەری کیشەکانی ناوخۆی هەرێم دەزانن، چۆن دەڕواننە ئەو بۆچوونە؟

سالار سۆفی: حزبە کوردییەکان بەگشتی پێویستییان بە شەڕی هەڵبژاردن هەیە. مەبەستی ئەوان لە هەڵبژاردن، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە تامەزرۆییان بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی نییە، هەمووان دەزانن هیچ هەڵبژاردنێک بەبێ فێڵ و گزی نەبووە و هیچ ئەنجامێکیش ئەنجامی ڕاستەقینە نەبووە. تاکە مەبەستی حزبەکان لە هەڵبژاردن، تەنها لەپێناوی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشتریش نییە، بەڵکو هۆکارێکی گرنگی پێویستیی ئەوان بە هەڵبژاردن، پەیوەندیی بە جۆشدان خۆشخەیاڵ کردنی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان و هێنانەسەرخەتی ئەو ئەندامانەیانن کە لە سیاسەتە نادروستەکانیان بێزار بوون و بەدوای دەرچەیەکی تردا دەگەڕێن. حزبەکان پەیمانی تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان دەدەن، بەڵام دەستکەوتەکانیان لە باشترین باردا، گەرمکردنەوەی ئەو دروشم و پەیمانە کۆنە ڕزیو و گەنیوانەیە کە ساڵانێکە دەرخواردی گەلی دەدەن. حزبەکان هەڵبژاردن وەک تاکە ڕێگای چارەسەر دەخەنە ڕوو، چونکە  نایانەوێت خەڵک دوور لە ڕوانگە و چارەسەرە نەزۆکەکانی ئەوان بەدوای چارەسەری بنەڕەتی و سەربەخۆیانەی خۆیاندا بگەڕێن و کۆت و بەندی کۆیلەیی لە دەست و پێی خۆیان بکەنەوە.

بۆپێشەوە: وەکو ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدادا، پاشەکشەی زۆری کردووە تا ئەو رادەیەی سەرانی حزبەکان نایشارنەوە، کە قەوارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیدایە، ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت وەڵامدەرەوە بەو دۆخە بێت، بەر بە مەترسیەکانی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەرێمدا بگرێت؟

سالار سۆفی: هیچ دوودڵییەک لەوەدا نییە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە هەر ئەو حزبانەی ئەو هۆشدارییە دەدەن، خۆیان هۆکاری ئەو مەترسییەن و زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی ئەم هەرێمە و چارەنووسی خەڵکەکەیان بەدەستەوەیە و سیاسەتێکی چەوتی خۆکوژی لە خزمەتی گەشەکردنی ئەو مەترسییە هەمەلایەنییە پەیڕەو دەکەن. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە پێمان وا بێت، دەکرێت بە هەڵبژاردنەوەی هەمان ئەو حزبانە یان بێچوو و لق و پۆپەکانیان، ئەو مەترسییانە بڕەوێنینەوە کە خۆیان هۆکاری یەکەم و بنەڕەتین تێیاندا و دەیان ساڵە بێهودە تاقی دەکرێنەوە.

بۆپێشەوە: لە پینج خولی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا، دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات روینەداوە هەرێم هەر دابەشی دوو زۆنی و دوو دەسەڵاتە” پارتی و یەکێتی” لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئاڵوگۆڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت؟

سالار سۆفی: لەم قۆناغە مێژووییەدا کە سەرچاوەی دارایی لە دەستی چەند حزبێکی کەمدا قەتیس ماوە و هەر ئەو سەرچاوە داراییە هۆکارێکی گرنگی توانا سەربازییەکانیشانە، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا مەحاڵە. ئەگەرێکی زۆر بچووک هەبێت بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دوای هەڵبژاردن، فشاری یەکلاکەرەوەی زلهێزەکانە، کە ناکرێت ئەویش هیوایەکی ئەوتۆی لەسەر هەڵچنرێت و هیچ متمانەیەک هەبێت کە دەسەڵاتی داهاتوو لە خزمەتی گەلدا دەبێت.

هەڵبژاردن هیچ ئاڵوگۆڕ و هیوایەک بەدوای خۆیدا ناهێنێت، هێندە نەبێت کە بە شێوەیەکی ڕووکەشی بۆشاییەکی یاسایی پڕ دەکاتەوە و هەر گۆڕانکارییەکیش لە داهاتوودا، بە ئاراستەی خۆبەدەستەوەدانی زیاتری دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەبێت، بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانی ناوەندیش و هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێرانیش. ئەرکێکی گرنگی دەسەڵاتدارانی خۆماڵی لە داهاتوودا، جێبەجێکردنی وردتری بەرنامەی دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێت و وەک حکوومەتێکی کاربەڕێکەری ئەو دەوڵەتانە کار دەکەن و چارەنووسی هەرێم و خەڵکەکەیشی بەوان دەسپێرن.

بۆپێشەوە: لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا سەرجەم حزب و لایەنە بەشدارەکان، دەیان بەڵین بە خەڵکی کوردستان دەدەن کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان باش دەکەن، کەچی دوای هەموو هەڵبژاردنێک دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەک باش نابێت خراپتر دەبێت، لاتان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت هیچ بار گرانیەک لەسەر شانی هاوڵاتیان لاببات؟

سالار سۆفی: هەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژووی ٣٣ ساڵەی خۆی، لە بازنەیەکی داخراودا سووڕاوەتەوە و هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا دروست نەکردووە. هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داهاتوویش درێژکراوەی هەمان مێژووی داخراو ودووبارە نەبن. تاکە ئەگەرێک کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم خۆیاندا هێشتوویانەتەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر دەسەڵات، خۆبەدەستەوەدانی یەکجارییانە بە دەسەڵاتی ناوەندیی عێڕاق و دەوڵەتانی ناوچەکەش و لەو چوارچێوەیەشدا، ئەگەری چارەسەرکردنی کاتیی کێشەی مووچەی مانگانەی خەڵکە کە مافێکی سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە و پێشتر لە هیچ قۆناغێکی مێژووی کوردستان و عێڕاقیشدا، دەستی بۆ نەبراوە. ئەمەش بەمانای  لەبیربردنەوەی هەموو ئەو ئاوات و ئامانجە بنەڕەتییانەیە کە خەباتیان بۆ کرا و قوربانییان بۆ درا و چارەنووسی خەڵکیش وەک چۆن پێشتر نادیار بووە، لە داهاتوویشدا بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت، بۆیە هەڵبژاردن، بە هیچ شێوەیەک نیگەرانیەکانی خەڵک ناڕەوێنێتەوە.

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە پارتی و یەکێتی، لە هەڵبژاردنەکاندا مل بەدوڕان دەدەن و دەسەڵات رادەستی هێزی براوە دەکەن؟

سالار سۆفی: هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی، توانا و هێزی سەربازیی مەزنیان لەبەر دەستدایە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، هێزی سەربازی، کە پشتبەستووە بە توانای دارایی، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدا. بۆیە مەحاڵە ئەوان دەسەڵات ڕادەستی هیچ هێزێکی تر و تەنانەت لە ناوچەکانی خۆیاندا، ڕادەستی یەکتریش بکەن. بەشێک لە بەرپرسانی ئەو حزبانە، بە ئاشکرا ئەو ڕاستییەشیان لەبەردەم میدیاکاندا خستووەتە ڕوو، بۆیە باشترە خەڵکی کوردستان وەک نەعامە، سەری خۆیان نەخەنە ژێر خۆڵەوە و خەون و خەیاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دوای هەڵبژاردن، لەبیر خۆیان ببەنەوە.

بۆپێشەوە: تا هاتووە بەشداری کردنی هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەکاندا کەم بۆتەوە، هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵک چییە؟ لاتان وایە ئەمجارەش زوربەی زۆری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن؟

سالار سۆفی: ئەزموونی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، خەڵک ناچار دەکات کە هیچ هیوایەکیان بە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت و بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بە کارێکی بێهودە و تەنانەت زیانبەخشیش بزانن. لە دوای هەڵبژاردنی ڕابردوویشدا، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و ماف و ئازادییە کەسی و گشتییەکاندا ڕووی نەداوە، بۆیە ئەنجامگیرییەکی ئاسایی و دوور لە دوودڵییە، ئەگەر بڵێین؛ ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی داهاتوویشدا، کەمتر و ساردوسڕتر دەبێت.

بۆپێشەوە: ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکەن، دەبێ چی بکەن و بەدیلی هەڵبژاردن چییە؟

سالار سۆفی: پرسی جێگرەوەی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە، پرسێکە کە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بەدوایدا گەڕاوین. دامەزراندنی شووراکان، یەکێک لەو ڕێگاچارانە بوو کە ئەو کاتە دەستی بۆ برا و تا ئاستێکی زۆر باشیش گەشەی کرد و سەرنجی خەڵکێکی زۆری بەدوای خۆیدا ڕاکێشا. مخابن لەبەر زۆر هۆکاری ناوەکی و دەرەکی، سەری نەگرتو تووشی شکست هات.

ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و پێویستە دان بەوەدا بنێین، نە هەڵبژاردن کلیلی چارەسەری بارودۆخەکەی پێیە و نە ئاراستەیەکی ڕێکخراوی بەهێز و کاریگەری هەڵقووڵاوی ناو خەڵکیش لە ئارادایە، کە بتوانێت جێگرەوەی هەڵبژاردن بێت و دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

ئەمە بەو مانایە نییە کە یارییەکە کۆتایی پێ هاتووە و هیچ شتێک ناکرێت. کارێکی باشە، ئەگەر لەپێشدا، ئێستا و لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا، بێهودەیی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە شی بکرێتەوە و ئاشکرا بکرێت کە خۆشخەیاڵی بە هەڵبژاردن، درێژەدانە بە هەمان ڕێڕەوی پێشتر و لەدەستدانی زیاتر و زیاتری مافەکان.

ئەوەی لە ئاستی ڕێکخراوەییشدا دەکرێت، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گشتییە دەربارەی مافە کەسی و گشتییەکانی خەڵک و دروستکردنی زەمینەی لەبار و دوور لە هەر جۆرە هەستیارییەک، بۆ گفتوگۆی قووڵی نێوان ئەو کەسایەتی و لایەنانەی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەن، تا گەیشتنیان بە ڕێگاچارەیەکی ڕێکخراوی هاوبەش، بۆ دەربازبوون لەو بازنە داخراوەی کە پێشتر باسمان کرد. لە ئاستی جەماوەریشدا، چارەسەری کۆتایی، دەنگهەڵبڕینی خەڵکە، بەرانبەر بە هەر بێمافی و نادادپەروەرییەک. چارەسەر، کۆڵنەدانە، تا بەدەستهێنانی سەرجەم مافە مرۆییەکان و ناچارکردنی هەر دەسەڵاتێک بە پاشەکشەکردن لە هێڕشەکانیان بۆ سەر ماف و بژێویی خەڵک. چارەسەر، ئاشنابوونە بە ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی سەردەم. چارەسەر، تێکۆشانە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژیانە. چارەسەر، هاوکاری و هاوخەباتییە.

 

***********

Leave A Reply

Your email address will not be published.