هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چییە؟… عەبدوڵا مەحمود

0

 دوای چەندین جار دیاریکردنی رۆژی هەلبژاردن لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی!! کوردستانەوە، کەچی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، نەیانتوانی لەسەر هیچ کام لە وادەکان ڕی بکەون. ئیستاش کە وا نیشان دەدرێت وادەیەکی تر بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکرێت و ئەمجارە هەموو لایەنەکان ئامادەی بەشداری کردنن و ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بەڵام دوبارە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نادیار و پڕ گرێ و کێشەیە.

کیشەی سەرەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەجیا لە کیشەو گرفتەکانی خولەکانی پێشووی، ریشەی لە هەلومەرجی نوێی سیاسی کورستان و ئەو ئاڵوگۆرانەدایە کە بەسەر دۆخی عێراق و بەدیاریکراوی بەسەر هەرێمدا هاتووە.

پیگەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هێندە لاواز بووە، هیچ هەڵبژاردنێک ناتوانێت، هاوسەنگی هێزی بۆ بگێرێتەوە یان رێگا لە رەوەندی داکشانی رۆژ بەرۆژ زیاتری بگرێت. رەوەندێک کە بەرلەوەی ئاکامی هێرش و گوشارەکانی بەغدا بێت، ریشەی لە بن بەستی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد دایە.

هیچ هەڵبژاردنێک لە خولەکانی پێشووی هەرێمدا، نەک نەیتوانیووە دیزانی سیاسی و هەرێم و پێگەی هێزەکان بگۆرێت، بەڵکو جگە لەخۆ دوبارەکردنەوەیەکی دی، چی تری بەدواوە نەبووە، جیا لەوەش هیچ کام لە هەڵبژاردنەکان، نەک نەیتوانیووە ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەرەو باشتر ببات، بەڵکو تا هاتووە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و ماف و خزمەتگوزارییەکانیان بەرەو خراپتر و ویران بوونی زیاتر بردووە.

هەردوو فاکتی دارمانی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و پێکهاتەی حزبۆکراتی پشت بەستوو بە هێزی چەکدار دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هۆکاری سەرەکی شکستی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و مەبنای دوور کەوتنەوەیەتی لە ئەنجامدانی هەر هەلبژاردنێکی باوی دنیا و پیکهێنانی هەر جۆرە پەرلەمان و حکومەتیکی ئاسایی دنیای ئەمڕۆ.

دیارە نەبوونی قەوارەیەکی دەولەتیش دەتوانێت هۆکارێک بێت، کە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەت و پەرلەمان نەتوانن ئەو ڕۆڵە بگێرن، کە لە وڵات و لەچوارچیوەی قەوارەیەکی دەوڵەتیدا هەیە، بەڵام ئەمە بەهیچ جۆرێک ڕیگری لەوە ناکات کە دەستاو دەست کردنی دەسەلات، هەڵبژاردنی دوور لە هیزی چەکدار، و قبولکردنی ئاکامەکانی هەلبژاردنی تیا، ئەنجام بدرێت.

هەموو دەسەڵاتێک خاوەنی قەوارەی دەوڵەتی بێت یان نا، لە ژێر سایەی دەسەلاتەکەیدا دەتوانیت هەلبژاردن بکات و دەسەڵاتی خۆی چ بە شێوە بۆرژوازییەکەی “نوینەرایەتی و پەرلەمانی” یانیش “راستەوخۆ و ئازادانەی لە خوارەوە” جیگیر بکات.

دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، پابەندی هیچ کام لەو جۆرە هەڵبژاردنانە نەبووە و نابێت. نە دەیەوێت هەلبژاردنێک بکات کە هەژموونی چەک و پارە و دەستێوەردانی دەرەکی تیایدا بڕیاردەرو یەکلاکەرەوە نەبیت و نە دەست دەبات بۆ هەلبژاردنێکیش کە لەخوارەوە بەشێوەی راستەخۆ و تا رادەیەک ئازادانە بەرێوە بچیت و ئاڵوگۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

پارتی و یەکێتی و سەرجەم هێزەکانی تری فەلەکی ئەم دوو هێزە لە ئۆپۆزیسیۆندا، تا دەگاتە رەوتە ئیسلامیەکان…ئامادە نین دەست بەرداری دەسەلاتی حزبی و حزبۆکراتی بن و مل کەچی حکومەت و پەرلەمان ببن. بۆیە هەرگیز ناتوانن حکومەت وپەرلەمانێک پێک بهێنن، کە خۆیان بروایان پێی هەبێت و ملکەچی بن… واتە ناتوانن ملکەچی دامەزراوە شەرعییەکانی خودی بۆرژوازی!! ببن.

پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان، حکومەت و پەرلەمانێکی کارتۆنی و بۆشیان دەوێت، کە رەوایەتی دەسەڵاتی حزبی و میلیشییان مۆر لێبدات و رەوایەتی بە فەرمانڕەوایەتیان بدات، بێ ئەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان بخاتە بەردەم مەترسی لەناو چوونەوە.

ئیستا دوای زیاتر لە ٣ دەهە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد” پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانی” لەبەرامبەر بە هەژموونی بەغدا لاواز بووە و وەکو خۆیان دەڵێن” قەوارەی هەرێمی کوردستان” لە بەردەم مەترسیدایە، رووبەڕوون لەگەڵ زۆر کیشەی تازە. هاوکات بەرین بوونەوەی کەلێنی نیوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستان بەجێگایەک گەیشتووە، کە لە ململانێی دەسەڵاتی هەرێم و بەغدادا، خەڵکی کوردستان هیچ بەرگرییەیەک یان رەوایەتییەک بە دەسەڵاتی هەرێم نادەن، تەنانەت بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان، بەهۆی کارنامەیەک کە دەسەڵات لە هەرێم هەیەتی و نیشانیداوە، پشتیوانی لە دەسەڵاتی ناوەندی دەکەن و گوێ بەناوەرۆک و پەیامی هیزەکانی بۆرژوازی عێراقی نادەن و وەکو فریاد رەسێک لێی دەروانن!!.

لەم هەلومەرجەدا، کە لەلایەکەوە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە ژێر گوشاری بەردەوامی بەغدا و لەلایەکی ترەوە لە گوشاری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لەوەش زیاتر بە توندی لەبەردەم هوشیاریەکانی رێکخراوە نەتەوەیەکگرتوەکاندایە بۆ یەکخستنی “هیزی پێشمەرگە”، کەوتۆتە نیوان چەندین بەرداشەوە بێ ئەوەی لە بەرامبەریاندا، کارتێکی بەدەستەوە بێت و ڕیگایەکی دەرباز بوونی هەبێت… ئەوە سەرجەم بۆرژوازی کوردی لەگەڵ ئەزمەیەکی خنکێنەر رووبەڕووکردۆتەوە، ئەزمەیەک کە بەخۆ هاوێشتنە ناو باوەشی بەغدا و مل دان بە جێ بەجێکردنی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی فیدراڵییش، ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات…

ئەگەر تا پێش کارابوونی بریارەکانی دادگای فیدرالی، پارتی و یەکێتی بەبێ هەڵبژاردنیش هیزی بێ رکەبەر لەئاستی عێراق و هەرێمدا بوون و ئامادەنەبوون گوێ بە هەڵبژاردن و ئاکامەکانی بدەن و سەراپای سیناریۆکە بەدەستی خۆیان بوو، ئیتر ئەوە گۆرانی بەسەردا هاتووە و سیناریۆی هەڵبژاردن، چۆنیەتی بەرێوەبردن و چاودیری کردن و ئاکامەکانی لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی ناوەندی و دادگای فیدرالی و چاودیری و کاردانەوەی ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. ئەم ئاڵوگۆرە، دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی خستۆتە بەردەم ئالوگۆرێکی حەتمی بێ گەرانەوە. ئاڵوگۆرێک کە بەجیا لەوەی هەژموون و بریاری سیاسی زۆری لەدەست دەرهێناون، خەریکە رەوایەتی دەسەلاتی بەزۆر داسەپاوی حزبیان دەخاتە بەردەم لیپرسینەوەو زۆری چەک و دەسەڵاتی حزبۆکراتیان دەخاتە بەردەم چەکی یاسایی!! هەڵبژاردنەکان و بەو جۆرەی پیشوو ناتوانن مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی بکەن… بۆیە ئەگەر دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پیشوو، دریژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بە پلەی یەکەم ریشەی لە ململانیی ناوخۆیی نیوان پارتی و یەکێتیدا بوو، ئێستا دواخستنی هەڵبژاردنەکان و ریشەی لە ئاڵوگۆری بناغەیی لەسەر ئاستی عیراق دایە.

ترس لە هەڵبژاردن، بۆ پارتی و یەکێتی تەنها ترس نییە، لە کەم و زۆرکردنی دەنگەکان و گۆرانی باڵانسی نێوانیان، بەڵکو ترسی بنەرەتی ئەوەیە کە دەسەڵاتی حزبۆکراتیان لاواز و دەخاتە خزمەت بە دەسەڵاتی یاسایییەوە!! و سەرەتای چەکککردن و داماڵینی حزبە لە چەک و هیزی چەکداری حزبی و تواندنەوەیەتی لە چوارچیوەی سوپا و هیزی بەرگری عێراقیدا، لە ژێر چاودێری دەسەڵاتی ناوەندیدا، بەهەمان شیوە سەرەتای تیکەڵکردنی دەزگا ئەمنی و ئاژانستی ئاسایشی هەرێمە، لە چوارچیوەی ئاسایشی سەراسەری عیراقدا… هەموو ئەمانە بە مانای چەکککردن و داماڵینی پارتی و یەکێتییە، لەو هیزەی مەبنای مانەوە و دەسەڵاتیان بووە چ بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ناوەند و چ بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

پڕۆسەی بچووککردنەوە و داماڵینی هێواش هێواشی حزب لە هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و کۆماندۆ… بەمانای وشەکە پرسی هەڵبژاردنەکان دەگورێت… ئەو رەوەندەی ئیستا بەرێگاوەیەو هەڵبژاردنەکان گۆشەیەک لە مەیدانی یاسایی و حقوقیەکەیەتی، تەواوکاری رەوەندی چرکردنەوەی دەسەڵات لەناوەند و لاوازکردن و تواندنەوەی دەسەڵاتی لۆکاڵی و فیدرالی هەریمە، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فیدرالی سەراسەریدا.

دواکەوتنی پرسی هەڵبژاردنەکان و چەندجارە دیاریکردنی کات و بەجێگایەک نەگەیشتنی، تائیستا بەمانای بەرەنگاری و وەستانەوەی دەسەڵاتی هەرێمە بەرووی ئەو رەوەندەدا، کە لە عێراقدا دەچیتە پیشەوە و هەرێم لەچوارچێوەکەیدایە… پارتی وەکو هیزی باڵادەستی هەرێم و چنگ گیربوو لەهەموو جومگەکانی ئابوری و بریاری سیاسی و حکومەتداری!! لە هەرێمدا، ناچارە سەرسەختی بەرامبەر بە بەغدا بکات و دەستی نارەزایەتی بەرامبەر بە خیرایی و بێ ڕەحمی بۆرژوازی عێراقی بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا یەکێتی ئەو سەرسەختیەی نییەو خوازیارە، بەدڵئاواڵایی بەرامبەر بە بەغدا، هەم سەنگی پارتی لاوازتر و هەمیش خۆی زوتر لەگەڵ عێراقی نوێ بگونجێنێت. 

ئەم رەوەندە هێشتا پیویستی بەکاتی ترە، بەتایبەتی پارتی پێویستی بەخۆ راوەشاندنە، تا ئەو سڕ بوونە بەری بدات کە بەبریارەکانی بەغدا، جەستەی شەکەت و شلوێ کردووە. دوای ئەوەش ناچارە لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا، مل بە بەغدا و سیاسەتەکانی بدات، لە بەرامبەر بە ئیمتیازێکدا کە بەغدا لەبەرێوەبردنی هەرێمدا بە پارتی دەدات و بەم شیوەیەش پرسی هەڵبژاردنەکان، ئیتر لە دۆخێکی نوێ و لەهاوسەنگیەکی تازەدا دەچێتە  پیشەوەو بەڕێوەدەچێت کە تەواو جیاوازە لەو هەڵبژاردنانەی لە خولەکانی پێشوودا، لە هەرێم ئەنجامدراون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.