پەرەسەندنی ڕاسیزم لەئەوروپا بۆچی؟…نووسینی: عەزیز شەریف
سیاسەتمەدارانی ئەورپایی و ئامریکایی بەدرێژایی زیاتر لەسەدەیەک لەسەرجەم ئەوروپاوە تادەگاتە ئاسیا و ئافریقای دوور، لەلایەک لەسەر بازاڕ، و لەلایەکیتر لەسەر کێشەکانی گەشەی سەرمایە و دابەشکردنەوەی دنیا بەدەستی براوەکان دوو جەنگی جیهانیان بەرپاکرد، و سەرتاپای ئەو دوو کیشوەرەیان ژێرەوژوور کرد. لە دوای ئەو دوو جەنگە جیهانیەش دیسانەوە هەر لەپێناو بەرژەوەندیەکانی سەرمایەدا هەرڕۆژێک ویستبێتیان لەهەر گۆشە و کەنارێکیتر جەنگیان بەرپاکردۆتەوە. بەنموونە جەنگی ئێراق، لیبیا، میسر، سۆدان، ئەفغانستان، فەلەستین، لوبنان، وسوریا هتد… ئاکامە گشتیەکانی جەنگەکان هەرچیەک بووبێت مەبەستی ئەم نوسینەی من نییە و تەنها مەبەستمە بڵێم یەکێک لەئاکامەکانی ئاوارە بوونی خەڵکی ئەو وڵاتانەیە کە جەنگی تیا بەرپاکراوە! لەچاوگێڕانێکی خێرا بەسەر دواجەنگی جیهانیدا دەبینین یەکەمین کرێکارانی کۆچبەری ئیتالیایی دەبنە میوانی خۆشەویستی یەکێک لە دۆڕاوەکانی جەنگەکە (ئەڵمانیا) و لەئاوەدانکردنەوەی وێرانەی وڵاتێکی لەسەدا پەنجا بەرەوژووردا هێزی کارێکی هەرزان و گونجاون بۆ سەرمایەداری! بەدوای ئەواندا کرێکارانی تورکیا دێن و بە موسیقا و چەپڵەڕێزانەوە لە وێستگەی شەمەندەفەرەکاندا پێشوازییان لێدەکرێت! ئەمانیش لە بەشی زۆری کارگاکان و کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل سازیدا هێزێکی هەرزان و گونجاون! جەنگی کەنداویش شەپۆلێکیتر لەکرێکارانی کورد و عەرەب دێنێتە ئەم وڵاتانە، و دیسانەوە لە بەشەکانی ڕیستۆرانت و خزمەتگوزاری و پاککردنەوەدا دەبنە هێزی کاری هەرزان بۆ سەرمایەداران! جەنگی سوریاش دیسانەوە بەملیۆنان ئاوارەی جەنگ (لەژێر ناوی پاراستنی خەڵکی هەڵهاتوو لەژێر ڕەحمەتی جەنگ) دەڕژێنێتە بازاڕەکانی کارەوە !
ئێستا لەپاش ئەو هەموو ساڵە بەملیۆنان ئینسانی کۆچکردو لەئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورپایی لە هەموو بازاڕەکانی کار و سەرمایەدا لەخزمەت بە سەرمایەداریدان. هەرئەم کرێکارە کۆچکردوانە، هەر چوارساڵ جارێک سەرچاوەی بەدستهێنانی دەنگن بۆ ئەو حزبانەی بەناوی سۆسیال دیموکرات و ژینگەپارێز و تەنانەت ڕاسیست و دژە پەنابەرەوە دروست بوون !
ئێستاش ئەم دەورەیە لەهەڵبژاردنەکانی وڵاتانی ئەڵمانیا، پۆڵۆنیا، سوئید، فینلاند، ئیتالیا، و دوێنێش فەڕەنسا وڵاتانی تری ئەوروپایی حیزبە ڕاسیست و ڕاستڕەوەکان ئەگەر یەکەمی هەڵبژاردنەکان نەبووبن ئەوا دووهەمی هەڵبژاردنەکان بوون ! ئێستا کاتی ئەوەیە لەخەڵکی ئەوروپایی بپرسین ئەگەر ئێمە هەموو کرێکارە کۆچبەرەکان کە بەدرێژایی زیاترلەحەفتا ساڵە لەم وڵاتانەی ئێوە نیشتەجێین بڕۆینە دەرەوە کێ دەمێنێتەوە لە وڵاتەکانتان؟ ڕەنگە بڵێن خۆمان! ئاخر کامە خۆتان؟ بۆ ئەوەی بزانن کە خۆتان نەک زۆرینەی وڵاتەکانی خۆتان نین، بەڵکو کەمینەشن! بڕۆن سەیری ناوی سەرزەنگی هەر ئاپارتماندێک کەهەیە بکەن بزانن ناوەکان ناوی خەڵکی وڵاتی خۆتانە یان بێگانە؟ بڕۆن سەیری هەموو کارگا و ڕیستۆرانت و بەشەکانی خزمەتگوزاری بکەن بزانن زۆرینە خەڵکی خۆتانە یان بێگانەکان؟ بڕۆن سەیری بەشی گواستنەوە شەمەندەفەرەکان، پاسەکان، تاکسیەکان، خۆڵ و خاشاک ڕێژیەکان بکەن بزان بەشی زۆرینە خۆتانن یان بێگانەکان؟ ئێستا کەسەیرتان کرد و بینیتان زۆرینە بێگانەکانن کەئەو هەموو کارە دەکات بۆ ئێوەنا، بەڵکو بۆ کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی ئەوروپایی! ئەگەر ئەوان بڕۆنە دەرەوە کێ دەمێنێتەوە ئەو هەموو کارە بکات؟ کێ دەمێنێتەوە باج و خەرج بدات بە دەوڵەتەکانتان کەلەسەر باج و خەراج دەتوانێت حوکمڕانی بکات. هەر بەڕاستی حیزبە ڕاسیست و ڕاستڕەوەکانیشتان لەسەر بوونی کۆچبەرەکان دەتوانن بوونیان هەبێت! ئیتر ڕاسیزم و ڕاستڕەوی ئێوە لەپای چی؟ تاکەی ناتوانن بیربکەنەوە و بزانن سەرچاوەی بەدبەختیەکانتان و بەدبەخیتیەکانمان بوونی بێگانەکان نییە، بەڵکو ئاوەکە لەسەرچاوەکەوە لێڵە و دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە بەدبەختیەکانمان و بەدبەختیەکانتان بیربکەینەوە و بە قسەی سیاسیەکان و ڕاستڕەوەکان فریو نەخۆین! ئەگەر ئێوەو بەقەولی خۆتان بێگانەکانیش بیر نەکەینەوە و بەسازی ناسازی ئەو سیاسیانەی ئێمەیان کردۆتە ئامانج و سەرچاوەی بەدبەختیەکانی هەموومان ئەوا دنیای هەموومان لەوە خۆڵەمێشیتر دەنوێنێت کە هەیە.