بۆچی تەنها تورکیا مەحکومە؟… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
هەروەک ئاگادارین تورکیا هێرشی سەربازی بەرفروانی بۆ سەر شاروگوندەکانی هەرێمی کوردستان لە ٢٢/٦ وە دەست پێ کردووە سەلامەتی و ئەمنیەتی ناوچەکەی نەهێشتووە و تا ئێستا ٢٠٩ گوند چۆڵ کراون لە چەندین ناوچە خەڵک بەهۆی بۆمبارانی درۆنەکان و فڕۆکە جەنگیەکان گیانیان لەدەست داوە. تا ئێستا ٢٨٩ بۆمبارانی خەڵکی مەدەنی ناوچەکە و شارو شارۆچکەکانی ترییش بە درۆن و تۆپ وتەیارەو هاون کراوە و سەدان کەس بوونەتە قوربانی. ئەمە شتێکی ئەوتۆی جیاواز تر نییە لەرەفتاری فاشیزمی بەعس لەساڵەکانی هەشتاکاندا کە هێرشی کردە سەرگوندو شاروشارۆچکەکانی کوردستان و دەستی دایە ڕاگواستن و ئەنفال وکیمیابارانکردنی خەڵکی سیڤیل. دیارە حکومەتی بەعس بە بیانووی بوونی پێشەمەرگە ئەم رەفتارانەی ئەنجام دەدا هەروەک ئێستایش تورکیا بە بیانووی پ ک ک ئەم کارە دەکات. لێڕەدا تورکیا هەمان کاری بەعس ئەنجام دەدات بۆیە دەبێ بەدەوڵەتێکی فاشیست ناوی ببرێ ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی تورکیا ئیدانە یامەحکوم بکرێ، نەک پ ک ک. حیزب و لایەنەکانی کوردستان جگە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری یا راستەوخۆ بەشدارن لەم کردەوەی تورکیادا یا بێ دەنگیان هەڵبژاردوە و نەیانتوانیوە ئەم هێڕشە سەربازیە مەحکوم بکەن. هەرچەندە حیزبی شوعی کوردستان خۆپیشاندانێکی لەهەولێر ئەنجام دا دژی ئەم هێرشە کە کارێکی ئیجابی وباش بوو، بەڵام بە فەرمی و بەشێوەکی ڕیشەیی ڕەخنەیان لە تورکیا نەبووە و بەکردەیەکی فاشیستانە ناویان نەبردووە . ئێمە وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاري رەخنەی ریشەییمان لەم هێرشەی تورکیا هەبووە و بەهێرشی دەوڵەتێکی فاشیست ناومان بردووە . ئێمە تەنها تورکیا بە تاوانبار دەزانین، نەک لەبەرئەوەی بەرگری لە پ ک ک دەکەین هەروەک چۆن ئێستا ئیسرائیل بە تاوانبار دەزانین، نەک لە بەرئەوەی بەرگری لەحەماس وئیسلامی سیاسی وجمهوری ئیسلامی ئێران دەکەین هەروەک چۆن لە هێرشی جمهوری ئیسلامی بۆ سەردیموکرات و کۆمەڵە وئۆپزسیۆنی ئێرانی تەنها جمهوری ئیسلامی بە تاوانبار ئەزانین بە مانای بەرگری نییە لەدیموکرات و کۆمەڵە هەروەک چۆن لەشەڕی کەنداودا ئێمە ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان مەحکوم کرد بە مانای بەرگری نەبوو لەحکومەتی بەعس. کاتێک کەسێک دەچێتە سەر ماڵی کەسێکی تر ژن و منداڵی ماڵەکە دەکوژێت لە یاسادا ئەو کەسە تاوانبارە . ئێمەیش پێمان وایە ئەو دەوڵەت وزلهێزانە تاوانبارن کە بوونەتە هۆی کوشتن و بریندار کردن و ئاوارە بوونی خەلکی سیڤیل و مالوێرانی کردوون. لە ئێستادا تورکیا تاوانبارە و پ ک ک تەنها بیانووە. ئەگەر حکومەتەکەی ئۆردوغان بە بیانووی لە ناوبردنی پ ک ک ئەم ئۆپەراسیۆنە دەکات تەواو چەواشەکاریەو هەرکەس بڕوای بەمە هەبێت بێ ئاگایە لە سیاسەت و مێژووی تورکیا. تورکیا ئامانجی داگیرکاریەو بە دوای ئامانجی ئابوریەوە یە دەیەوێ دەست بەسەر وڵاتاندا بگرێ بۆ دۆزینەوەی بازارو دزینی سامانی ئەو وڵاتانە . هەرلەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیەوە ئەم هێرش وپەلامارانەی هەبووە تا ناوجەرگەی ئەوروپاو بەشێکی ئاسیاو ئەفریقای کۆنترۆل کردوە. حکومەتی نوێی تورکیا هێرش و پەلاماری بۆ سەر قوبرسی یۆنان و ئەرمینیا ولیبیا وسوریاش هەبووە بێ ئەوەی پ ک ک لەو وڵاتانەشدا هەبن هەر بۆیە تورکیا تاوانباری سەرەکیە ودەبێ بەرهەلستی بکرێت . ئەگەر تورکیا دەیەوێ پ ک ک وەک ئەو هێزە چەکدارە نەمێنێ دەتوانێ ئەو زەمینەیە نەهێڵێت کە پ ک ک ی دروست کردووە و ئەوکاتە پ ک ک ش نامێنێ تۆ هیچ مافێک بۆ خەڵکی کوردستان بەرەسمی ناناسیت وئەوکات پ ک ک وحیزب ولایەنی تر دروست دەبێ دژی تۆ رادەوەستێ . هەندێ لایەنی سیاسی وکەسایەتی بەرچاو تەنگ و ئایدیۆلۆژی گەرا لەوانەیە پێ یان وابێت ئێمە لەسەنگەری پ ک ک وە ئەم هەڵوێستەمان هەیە هەروەک چۆن پێشتر هەمان هەڵوێستمان گرت دژی هێرشی ئیسرئیل بۆ سەرغەزە پێیان ئەوتین ئێوە لەسەنگەری حەماس وجمهوری ئیسلامیدان، بەڵام ئەمانە قسەی پووچن و درۆی شاخدارن. بۆ ئێمە مرۆڤ ئەسڵە کێ دژایەتی مروڤ بکات و منداڵ وژن و گەنج وپیاوی بەتەمەن بکوژی وبرسی بکات وئاوارەودەربەدەری بکات لە ماڵ و حاڵي خۆی دەرئ بکات ئەوە تاوانبارە لە قسەی ئەو بەرچاوتەنگ وئایدیۆلۆژی پەرستانەش ناترسین
*****