دوو هۆنراوە بۆ بەکر عەلی… نووسینی: خاڵە حەمە
١/
ئێمەش هەموان دەبین بەتۆ
هێشتا مابوت چەند درەختێ
لەزەرگەتەو
لەماڵی هاوسیەکانتا بنێژی
چەند مۆمێکیتر
لە ژورسەری هەژارەکانی هاوڕێتا
داگیرسێنی
چەند وانەیەک بە قوتابیان بڵێیتەوە
لەسێبەریا
چرا یاتوکەکان داگیرسێنن
گوڵ بڕوێنن..
هێشتا زووبوو
سەرەتای ئەو رێگە سەختەیە
بو بە مێژوو ..
تۆ پەیمانت دابوو لەگەڵ جوتیاراندا
بەرهەمی ماندوبونیان کۆکەیتەوە
گەنم و جۆی بەرهەتاوی ئەمساڵەیان
لەشارەزوری بێ هەناوا دروێنەکەی
لەکوردستان
پاچەکۆڵەی گیاکەڵەکەی !
ئای کە ئێمەی بێکەس چەند بێکەسین
کێ دەبێتە نوور بۆ چاومان
لەناوختا جێماندێڵێ
کێ دەبێتە هێزی ئەژنۆو بیری گەشمان
لەزیندانا
کۆت و زنجیر لەپێی و دەستی دەئاڵێنێ ..
قەدەر وابۆ جێمانبێڵیت
ئێمەش هەموان دەبین بەتۆ
نەک وەکوو مۆم
وەکوو گڕکان، وەکو ئاگر، وەک پشکۆ..
خاڵەحەمە/ دانمارک
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٢/
بەکر عەلی
وەکو (وەلی دێوانە) بوو
لەخانەقای عێشقی خۆیا
هەژارێکی گڕلەمشتی
بێ لانەبو
ئەو دەنگێ بو
پڕ بە گەرووی هەژارەکان
لەڕوی ستەما ئەی نەڕان
ئەو هێزێ بو جەللادەکان
لێیدەترسان
بەکر عەلی بو بە مێژوو
بۆیە کوشتیان…