دونیایەکی باشتر مانیفێستی کۆمۆنیستەکانی ئەم سەردەمەیە؟!
پاش نووسینی مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست لە لایەن مارکس و ئەنگلسەوە لە ساڵی ١٨٤٨ و پاش بەرنامەکەی حیزبی بەلشەفیک، دونیایەکی باشتر دێت کە لە لایەن مەنسور حیکمەت و ڕابەرانی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە نوسراوە. ئەگەر سەرنج بدرێ ئەم سێ بەرنامەیە لێکچوونی زۆریان هەیە، جیاوازیەکانیان تەنها ئەوەیە بۆ سێ سەردەم و سێ هەلومەرجی جیاواز نوسراون. هەرسێ بەرنامەکە تەواوی خواست و ئامانجەکانی پرولیتاریا لە خۆدەگرن کە سەرەکی ترینیان بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی و ئازادو یەکسانە. بەرنامەی دونیایەکی باشتر بەرنامەی ڕەوتێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێرە بە پەیڕەوکردنی و لە ڕێگای حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری و کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی ڕوو دەدات لە کۆمەڵگەدا و ڕزگاربوونی نەک تەنها چینی کرێکار، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە لە مەینەتیەکانی وەک هەژاری و برسیەتی و نەداری و کوێرەوەری و ئاوارەیی و ستەمی سەر ژنان و منداڵان و لاوان و ستەمی قەومی و ئایینی و ڕەگەزی بە یەک ڕستە ئەوەی ڕوودەدات نەمانی ستەمی مرۆڤ لەسەر مرۆڤە. دونیایەکی باشتر بەرنامەی ڕەوتێکی ڕیفۆرمیستی نییە کە چارەسەری کێشەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی حکومەتی سەرمایەداری و پەرلەمانتاریدا ببینێتەوە وە قۆناغ بەندی کردبێ وەک سۆشیالیستە بۆرژواکان بە ناوی قۆناغی دیموکراتی و ڕزگاری نیشتمانی دەیکەن، هەرچەندە خواستە ڕیفۆرمیەکانی چینی کرێکارو زەحمەکێشان و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی لە خۆی گرتبێ، بەلکو ئەم خواستانە پێداویستی هەنووکەین دەبێ بەسەر بۆرژوازیدا بسەپێنرێن تا لەم ڕێگەیەوە چینی پرولیتاریا هەنگاو بنێ بەرەو دیکتاتۆری خۆی و نەمانی بۆرژوازی. دونیایەکی باشتر بەرنامەیەک نییە دوا ئامانجی دەوڵەتی عەلمانی یا سیکیۆلار بێت، بەڵکو خواستە سکیولارەکان کە پێداویستی ڕۆژانەن، لە خۆ دەگرێت. جیابوونەوەی دەوڵەت لەدین و پرۆسەی خوێندن کە ئێستا کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێ پێویستیەکی حەتمیە، هەروەک کۆمۆنارەکانی پاریس لەسەردەمی مارکس دا ئەنجامیان دا. ئەمە خواستێکە ئەرکی کۆمۆنیستەکانە بۆ بەدیهێنانی تێ بکۆشن. بەرنامەی لانی کەمی دونیایەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەیەکە کە چەندین ستەمی تێدایە بۆرژوازی چارەسەری نەکردوون بووەتە ئەرکی خەباتی پرۆلیتاریای ئەم کۆمەڵگەیانە وەک مەسەلەی قەومی و مەسەلەی ژن و جیایی دەوڵەت و دین لە کاتێکا بۆرژوازی لە هەندێ لە کۆمەڵگەکاندا ئەمانەی چارەسەر کردووە . بەرنامەی لانی زۆر دەکرێ بۆ سەرجەم کۆمەڵگەی سەرمایەداری چاوی لێ بکرێ کەسەبارەت بە شۆڕشی سۆشیالیستیە وبەدیهێنانی دونیایەکی جیاوازتر لەوەی ئەمڕۆیە. دونیایەک کە هیچ جۆرە ستەمێکی تیا نەبێ .و پێچەوانە نەبێ و ئیرادەی ئینسان بۆ خۆی بگەڕێتەوە لەڕێگای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی پرۆلیتاریاوە بە بەکارهێنانی ئامرازی چینایەتی خۆی کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە.
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە