دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەرپرسیاری سەرەکی قوربانیانی دەریاکان و سنورە مەترسیدارەکانن!
رێک دوو رۆژ دوای رۆژی جیهانی پەنابەران، بەرواری ٢٢ی ئەم مانگە دوو بەلەم لە دوو روداوی جیاوازی یەک بەدوای یەکدا، لە ئاوەکانی دەریای ناوەراستدا نقوم بوون. ئەم دوو بەلەمە کە سەرنشینەکانی ئیرانی و کورد و سوری بوون، لە ئاکامی ئەم نقوم بوونە نزیکەی ٧٠ کەس کە ژمارەیەکی زۆریان مناڵن، گیانیان لەدەستدا. دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە یەخت و بەلەم و کەشیتیەکان، لە ئاوەکانی دەریای ناوەراست و ئیجە و… دەکەونە بەردەم شەپۆلە سەرکێش و ترسناکەکانی دەریا و ژێر ئاو دەکەون و هەر جارەش دەیان و سەدان کەس دەبنە قوربانی و خۆراکی دەریا و بەپێی چەند ئامارێک کە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ وە، نزیکەی ٢٥ هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
هۆکاری سەرەکی راکردن و جێ هێشتنی هاوڵاتیان لە شوێنی ژیانیان، بە پلەی یەکەم ئەو دۆخە سەختەی ژیان و گوزەران و بێکاری و بێ ئاییندەیی و هەلومەرجی نائەمنی و جەنگە…
لەناو ئەو لەشکرەدا کە رۆژانە دەبنە قوربانی خەڵکی کوردستانی عێراقن و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا ژیانیان لێ کراوەتە دۆزەخ، بەتایبەتیش لاوانن کە هیچ دەرەتانێکی شیاو بۆژیانیان نییە، بیکاری و بی ئاییندەیی بۆتە مۆتەکەی سەر ژیانیان، بۆیە ناچارن و بەهەر نرخێک بووە دەیانەوێت شوێنێکی شیاو بۆژیانیان بدۆزنەوە و کوردستان جێ بهێڵن… بەواتایەکی تر ئەوە دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردە کە پۆل پۆل هاوڵاتیان ناچار بەوە دەکەن، ئەو رێگا پر مەترسی و مەرک چینە هەڵبژێرن و کەبەداخەوە بەهۆیەوە هەر جارەی پۆلێک لە هاوڵاتیان دەبنە قوربانی و خەونی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، لە رێگادا جێ دەهڵن.
هاوکات وڵاتانی ئەوروپایی کە دەرگیری ئەزمەیەکی قوڵی ئابورین و خەریکی بێکارکردنی کرێکاران و سەندنەوەی مافەکانیانن، هەموو دەروازەکانیان بەرووی پەنابەران و کۆچکردواندا نەک هەر داخستووە، بەڵکو بەشیوەیەکی زۆر وەحشیانە ریگاکانیان پر مەترسی کردووە و سنورەکانیان بە پۆلیس و تەلی درکاوی و کامیرای چاودێری تەنییوە و لەناو وڵاتەکانی خۆشیاندا پەنابەرانیان رووبەرووی هەلومەرجی سەخت و هەڵاواردن کردۆتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە زوربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، لەسەر دەستی پەنابەران بەڕیوەدەچن.
ریكخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان کە بانگەشەی پاراستنی مافی پەنابەری دەکەن و شانازی بە دڵئاوەلایی و پاراستنی مافەکانی ئینسانەوە دەکەن، بەو پەری خەم ساردییەوە دەروانە مەرگی بەردەوامی هاوڵاتیان. ئەوە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری دۆخی نەخوازراو و نائەمنی بەشیكی زۆری وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاکامی سیاسەتی دەستیوەردان و جەنگەکانیانە.
خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لاوان، لە کاتێکدا دەبێ دەسەڵاتی سیاسی بە بەرپرسی ئەو هەموو مەرگ و ئاوارەیی و کۆچە ناوەخت و گرتنە بەری ژیانی پەنابەری بزانن و یەخەیان بگرن لەسەر ئەو دۆخە دۆزەخیەی خوڵقاندویانە، هاوکات پیویستە قوڵی خەباتکارانە بە مەبەستی گۆرێنی ئەو دۆخە لێ هەڵبماڵن و کە بتوانن بەدەستی خۆیان ژیانێکی تر و ئایندەیەکی تر دروست بکەن.