چەند شیعرێکی/خالید بایەزیدی(دلێر) پێشکەش بە پەنابەرانێک کە هەرگیز لە دەریاکاندا نەگەڕانەوە و بون بە خۆراکی ماسی..

0

۱-

چاوەکانمان

گریانی ئەو ڕوژانەن

کە ئیتر هیچ کات ناگرێنەوە

خوزگایە کاتژمێرم بگەڕانایەوە سفر و…

ژیانم لە مەرگ جیاکردبایەوە

۲-

خۆشەویستەکەم

چراکان

بکوژێنەوەو بڕۆ…

ئەو ماڵە تاریکەی من

بە هیچ چرایەک

روناک نابێتەوە

۳-

هیچ گریانێکم

لە بیر نەماوە

جگە لەو گریانەی کە

من و تۆی

لە خورئاوای ئێوارەیەک

لێک جیاکردەوە

۴-

دەمەویست

بیرلە ژیان بکەمەوە

بەڵام!

کۆچی هەموو ڕوژەم

هیچ نەیدەهێشت

۵-

ماسییەکانی دەریا

پرسەیان گرت

کاتێک کە دیتیان

ماسییە بچکولەیەک

خوی بەداوی ڕاوچیەک

هەڵواسی و

کۆتا نیگاکانی لە چاوەشینەکانی دەریادا

بزر کرد

٦-

دەست بڵاوە

ڕۆژەکانی هەفتە

جگە لە حەسرت و ئاە

وە تەمەنی بە «با»چوو

شتێک لەو دەخیلە

شکاوەدا نەماوە

۷-

ماسییەکان

بە دوای ماسییە بچکولەکەیان

شەپول بە شەپۆل دەگەڕێن

کە لە ئیوارەیەکی خەماویدا

لە چاوە شینەکانی دەریادا

وەک ماسییە بچکولەکەی

«سەمەدی بیهرەنگ»

نغرۆ بوو بوون

۸-

یادی پەنابەران

هەتا هەتایە

لە دڵی دەریا دایە

هەر وەکوو:

یادی شەم

لە شەوانی ماتەم و خەم

لەدڵی پەپوولە دایە

۹-

دەریا ئەگریا

شەپۆلەکان

کراسی خویان

دادەدڕی

ئەو کاتەی کە پەنابەران

لە چاوە شینەکانی دا

ئەخنکان

۱۰-

ئیتر بۆ هەمیشە

قینم لە دەریا دەبێتەوە

کە چاوە جوانەکانی توی

خستە ناو قولایی خۆیەوە

۱۱-

کاتێک کە پەنابەران

لە چاوە شینەکانی دەریادا

نغرو ببوون

دەریاش…

 شەپۆلەکانی خۆی ناو لێنا

پە‌ری دەریاکان

۱۲-

دیسان بەهار هات

بەڵام من

لە خەونی خەیاڵی گوڵەکاندا

خەوم لێ کەوت

۱۳-

دوێنی

ئاوێنەم هیچ نەناسییەوە

لە دوریت…

تەواوی قژەکانی

سپی کردبوو

۱۴-

کراسی ژیان

تەنیا و تەنیا

بۆ بەری من

بچووک بوو

١٥-

کاتێک کە  تۆ ڕویشتی

وەک باڵندەیەکی

لەناو قەفەس

بە پەلە بووم

بۆ هەڵفرین

١٦-

خوزگە!

دەیان توانی

خەمەکانیشم

وێنا کردبان

Leave A Reply

Your email address will not be published.