ئۆتۆمبێلی کارەبایی چین و زیادکردنی باج لە ئەمریکا و ئەوروپا لەسەری… نووسینی: عامر سابیر

0

لە ساڵی 2021 ەوە چین بۆتە یەکەم وڵاتاتی دنیا لە زۆری دروستکردن و ناردنە دەرەوەی ئۆتۆمبێلدا. بەتایبەت ئۆتۆمبێلی کارەبایی. چین توانییویەتی باشترین کواڵیتی سەیارەی کارەبایی بەنرخی کەمتر بخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە.

لە ئەمریکادا پێشتر باجی سەر سەیارەی وڵاتانی تر 2.5٪ بوو. دۆناڵد ترامپ (سەرۆکی پێشووی ئەمریکا) ئەم باجەی بۆ ئۆتۆمبێلی چینی زیاد کرد بۆ 27.5٪ . ئێستاش جۆ بایدن (سەرۆکی ئێستای ئەمریکا) ئەم باجەی سەر سەیارەی چینی، چوار قات زیاد کرد و کردی بە 100٪.

هەروەها یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری داوە کە لە 4 ی جوڵای 2024 ەوە باجی سەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی کە پێشتر 10٪ بوو، بە بڕی 38.1٪ زیاد بکات و بیکات بە 48.1٪.

واتە پێش زیادکردنی ئەم باجە، لە ئەمریکادا بۆ نموونە ئەگەر نرخی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی ئەمریکی (تێسلەر) بە 40000 (چل هەزار دۆلار بێت)، وە نرخی ئۆتۆمبێلێکی چینی کە کوالێتی بەرزتریشە بە 30000 (سی هەزار دۆلار بوو بێت)، ئێستا لە پاش ئەم باجە، نرخی سەیارە ئەمریکییەکە هەر بە 40000 ماوەتەوە، بەڵام نرخی سەیارە چینییەکە بووە بە 60000 (شەست هەزار دۆلار). واتە هەر کەسێک لە ئەمریکا سەیارەی چینی بکڕێ، 30000 (سی هەزار) ئەدات بە سەیارەکە وە 30000 (سی هەزار) وەک باج ئەبێت بدات بە حکومەتی ئەمریکا. بۆیە ئەگەر لە داهاتودا تێسلەر نرخی سەیارەکانی بکات بە 50000 (پەنجا هەزار دۆلاریش) ئەوا هێشتا هەرزانترە لە سەیارەی چینی بە هۆی ئەو باجەی لەسەری دانراوە.

هەروەها لە ئەوروپاش بۆ نمونە ئەگەر نرخی سەیارەیەکی کارەبایی چینی  بە 26000 (بیست و شەش هەزار یۆرۆ بوو بێت) ئەوا لەپاش زیادکردنی ئەم باجە کە بە ڕێژەی (38.1٪) زیادکراوە و بووە بە (48.1٪)، ئەوا بە بڕی نزیک بە 10000 دە هەزار یۆرۆ) زیاد ئەبێت و ئەبێت بە 36000 ( سی و شەش هەزار یۆرۆ) بۆ هەر سەیارەیەکی چینی.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ناوخۆی چیندا سەیارەی کارەبایی چینی کە کواڵیتی لە تێسڵەر بەرزترە، خەڵکی چین ئەتوانێ بە 12000 دوازدە هەزار دۆلار بیکڕیت. ئەمە لە کاتێکدا کە سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا ئیلۆن ماسک (سەرۆکی کۆمپانیای تێسڵەر) بە بڕی 2000 دوو هەزار دۆلار نرخی سەیارەکانی داشکاند لە ناوخۆی چیندا، بەڵام هێشتا بە 32000 (سی و دوو هەزار دۆلارە).

وەڵامی چینی بۆرژوازی ئەمریکی و چینی بۆرژوازی چینی بە دوو ئاڕاستەی جیاوازن. چین باجی سەر سەیارەی ئەمریکی زیاد نەکردووە لە ناوخۆی چیندا، بەڵکو سەیارەکانی خۆی داشکاندووە تا کڕیاری زۆر بێت.

ئەم دانانی باجە لەسەر ئۆتۆمبیلی چینی لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە، دژی بەندەکانی ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتییە (دەبلیو تی ئۆ) کە خۆیان ئیمزایان کردووە و نیهادێکی نێونەتەوەیی سیستەمەکەیانە.

ئەوەی لەم نێوەدا زەرەرمەندی سەرەکییە، خەڵکی ئاسایی ئەمریکا و ئەوروپایە. وە ئەوەی قازانج ئەکات ئەو کۆمپانیایانەیە کە سەیارەی کارەبایی لە ئەمریکا و ئەوروپا دروست ئەکەن و بەمە سەرمایەی زیاتر کەڵەکە ئەکەن.

سەرمایەداری و لیبرالیزمەکەی، کە هەردەم ستایشی سیستەمەکەیان کردووە بەوەی کە پێشبڕکێی ئازادانە فەراهەم ئەکات و بازاڕی ئازاد نرخەکان دیاری ئەکات، ئەوا ئێستا دەردەکەوێ کە ئەو قسانە تەنها ئەوکاتانە ئەیکەن کە بەکەڵکیان دێت و لە بەرژەوەندی چینی خۆیاندایە. سەرمایەداران و نیۆلیبرالیستەکان ئەو کاتانەی لە بەرژەوەندیانە، ئەڵێن حکومەت ئەبێت تا ئەتواندرێ بچوک بکرێتەوە و دەستوەردانی لە بازاڕدا کەم بکرێتەوە، لەمەدا سەرمایەداران مەبەستیانە بڵێن کە هەموو کەرتی گشتی ئەبێت تایبەتی بکرێتەوە و هەموو خزمەتگوزارییەکان بکرێتە کەرتی تایبەت و خۆیان کۆمەڵگە و چینی کرێکار بدۆشن و سەرمایەی زیاتر لە سەر نەخۆشی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان کەڵەکە بکەن. ئەمە لەکاتێکدا هەرکاتێک لە بەرژەوەندی خۆیاندا بوو، ئەیانەوێت حکومەت بەتەواوی توانایەوە بێتە پشتیان و تەدەخول لە بازاڕدا بکات و لەبەرژەوەندی ئەوان بەرنامە و سیاسەتەکانی داڕێژێت و بیباتە پێشەوە. هەروەک تا ئێستا لە هەموو قەیرانەکانی سیستەمەکەیاندا، حکومەت بەتەواوی توانایەوە لەسەر حیسابی بەشی دانیشتوان کۆمەکی سەرمایەدارانی کردووە و قەرەبووی زیانەکانیانی کردۆتەوە.    

لە کۆمەڵگای چینایەتی ئەمڕۆدا، دەوڵەت و حکومەتەکان نوێنەرایەتی بەرژەوەندی چینی باڵادەست ئەکەن، کە سەرمایەدارانن.

سەرمایەداران و خاوەنکار و چینی بۆرژوازی، بۆ چەواشەکاری و سەرلێشێواندن لە خەڵک، سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی شکڵیان داناوە و ئەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە بە دانیشتوان بڵێن کە حکومەت نوێنەرایەتی هەموو دانیشتوان ئەکات، نەک تەنها ئێمە.

بیانووی ئەمریکا بۆ دانانی ئەم باجە زۆرە لەسەر سەیارەی چینی، ئەوەیە کە گوایە حکومەتی چین یارمەتی کۆمپانیاکانی خۆی ئەدا و بە هەرزان سەیارەی کارەبایی ئەخاتە بازارەوە. ئەمە بیانوویەکی پوچ و نا ئیقناع کەرە. ئایا بەردەوام هەموو حکومەتەکان لە ئەمریکاوە تا ئەوروپا پاڵپشتی سەرمایەداران نەبوونە؟ ئایا ئەوەی چین ئەیکا، بەردەوام ئەمریکا و ئەوروپا نەیکردووە؟ لە ساڵانی حەفتاکاندا کە لە ئەمریکادا باو باوی سەیارەی (پیکاب) بوو (کە لای خۆمان پێی ئەڵێن دەبڵ کابینە) ئەمریکا 25٪ باجی نەخستە سەر سەیارەی پیکابی ئەوروپی تا هەموو کەس سەیارەی کۆمپانیاکانی خۆی بکڕێ.

ئەم شەڕی بازرگانییەی ئەمریکا دەستی داوەتێ و ئەیەوێ وڵاتانی ئەوروپاش بەدوای خۆیدا کیش بکات، خاڵی بەهێزی ئەمریکا و ئابوورییەکەی نییە. ئەمە هێمایەکی تری ڕۆچوونی ئیقتیسادی ئەمریکایە بۆ پلە دوویی.

 

*************

Leave A Reply

Your email address will not be published.