هەڕەشەو گوشار بۆسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پێشێلکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازییەکە!
لە بەردەوامی گوشارو هەڕەشەکانی جمهوری ئیسلامی بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و سهردانی سهرپهرشتیاری وهزارهتی دهرهوهی ئێران، عهلی باقری بۆ عێراق و ههرێمی كوردستان، گوشارهكان لهسهر حزب و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێی ههرێمی كوردستان توندكراوەتەوە. دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا گوشاریان خستۆتە سەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی تا بنکەو بارەگاکانیان بگوازنەوە بۆ ئەو کەمپانەی کەبۆیان دیاریکراوەو دیاری دەکرێت. دیارە ئەو گوشارانەی سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ڕێکەوتنی ئیران لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراقدا کراوە، کەوەک لقێکی خۆیان لە عێراقدا مەئموریەتی جمهوری ئیسلامی جێ بەجێ دەکەن.
ئەو هەوڵ و گوشارانەی دەوڵەتی ئیران و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بۆسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسییۆنی ئیرانی، هەوڵیک نییە تەنها بۆ دوورخستنەوەی بنکەو بارەگاکانی هێزەکانیان بۆ ناو قوڵایی زیاتری عیراق یان دورخستنەوەیان لە سنورەکان، بەلکو هەوڵ و گوشارێکی بە نەخشەیە تا حزب و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لە حزب و رێکخراوەی سیاسیەوە بگۆڕن بە ژمارەیەک لە خەڵکی پەنابەری کۆنترۆڵکرا و کەمپ نشین. ئەم سیاسەتەش پێچەوانەی هەموو مامەڵەیەکی دەوڵەتی و نێودەوڵەتییە سەبارەت بە هەڵسوڕانی سیاسی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و مافەکانیان.
جمهوری ئیسلامی کە لەژێر گورزی بزوتنەوە” ژن، ژیان، ئازادیی” دا، پەل و پۆ دەکوتێت و توانای پشت راستکردنەوەی نییە، لەلایەکەوە لەناوخۆی ئیراندا بەردەوامە لە سەرکوت و هەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی هەیمەنەی تێک روخاوی لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری و راسانی ژنان و لاواندا و لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت بە گوشار هێنان بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، گورزی سیاسی لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجی لە کوردستانی عێراق بدات و لە هێزی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنەوە بیانکات، بەئاوارەی کەمپ نشینی ژێر سایەی یوئین و رێکخراوە ئینسانیەکان و جیگای بەزەیی پیداهاتنەوە و لێقەوماوی ئاوارە.
چ هەوڵی جمهوری ئیسلامی و چ گوشارەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی، هەوڵ و گوشاری سیاسی و دژە ئینسانین. نەک تەنها رووبەرووی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەلکو هیرشە بۆسەر ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانی عێراق و هەموو ئازادیخوازییەک.
خەڵکی کوردستانی عیراق و هەموو هیز و حزبە سیاسی و جدییەکانی کە بروایان بە ئازادی هەلسورانی سیاسی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکانی ناوچەکە و بەرگری لە هەڵسورانی سیاسیان هەیە، لە هەرێمدا، پێویستە رووبەرووی هەوڵە دژە ئینسانی و سەرکوتگەرەکانی جمهوری ئیسلامی و گوشارەکانی دەسەڵاتی هەرێم بن بۆسەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیران و مەرجە قابیلی جێبەجێ نەکراوەکانیان.
خەڵکی کوردستانی عێراق، کە چاوی ئومیدیان لە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران و بزوتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” یە، ئەرکیانە بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و هەڵسورانی سیاسی و مافەکانیان بکەن و بەدژی گوشارەکانی سەریاندا بوەستنەوە و بەکردەوەش بۆ هەموو هاوکارییەک و بەرگری لێکردنیان ئامادەبن.
جێگای باسە لەچوارچێوەی نارەزایەتی بە هەرەشەکانی جمهوری ئیسلامی و گوشارەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا بۆسەر هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و هەڵسورانی سیاسیان دەیان و سەدان چالاکوان و کەسایەتی سیاسی، نووسەر و رۆژنامەنووس، ئەدیب و هونەرمەند و خەلکی ئازادیخواز…. لە رێگای راگەیاندنێکەوە دوای راگرتنی گوشارەکان بۆسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی دەکەن…
بۆپێشەوە