سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بکوژەکەی خواناس و چەند سەرنجێک؟ … نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

سەرەنجام پاش ساڵێک دادگای هەرێم بکوژەکەی خواناس وریا گلی سزادا کە لەسەر بیرورای جیاواز ژیانی لەو گەنجە سەندەوە. دیارە کۆمەڵێک کەسی تر لە بانگخوازانی سەلەفی لە پشتی ئەم تاوانەوەن بەهۆی هاندانی گەنجان بۆ تیرۆرکردنی ئەوانەی باوەڕیان بەدینەکەی ئەوان نییە . بەڵام تا ئێستا ئەمانە ئازادن و لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچیان لە بەرانبەردا نەکراوە. من لە پۆستێکی فەیسبوکدا رەخنەم لەم بڕیارە گرت کە زیندانی هەتاهەتاییە. لە بەرانبەردا زۆری ئەوانەی کۆمۆێنتیان نووسی لەدژی من بوون هەندێکیان چەپ وشیوعیش بوون بەشێک لەمانە لەسێدارەدانی ئەم تاوانبارەیان پێ باشتر بوو لە زیندانی هەتاهەتایش لە پێناو چاوترساندنی کۆمەڵگە کە کەس جورئەت نەکا کەسی تر لەبەر بیروڕای جیاواز بکوژێت. سزای سێدارەو سزای هەتاهەتایی دوو سزای دژە ئینسانین دەبێ ئەم سزایانە هەڵوەشێنەوە بۆچی؟ لێ سەندنەوەی ژیان لە ئینسان مافی هیچ کەس نییە، دەبێ ئینسان سزا بدرێ لەبەر تاوان کە ئەنجامی دەدات، بەڵام نابێ ژیانی لێ بسەنرێتەوە، سزای تاوانبار بە چەند ساڵێک دەکرێ واقعی بێت و پاشان بگەڕێتەوە ناو ژیان، بەڵام دەبێ وا لە تاوانبار بکرێ کە پاش گەڕانەوەی بۆ ژیان تاوان ئەنجام نەداتەوە. وەک ئەوەی لە زینداندا قوتابخانەی بۆ بکرێتەوە و پەروەردە بکرێ بە گیانێکی ئینسان دۆستانەوە بێتە دەرەوە. دەبێ ئەوە بزانین سەرچاوە و هۆکاری تاوان کردن هەلومەرجێکە کۆمەڵگەی چینایەتی بەرهەمیهێناوە، دەبێ ئەم هەلومەرجە نەمێنێ، ئەنجا تاوان نامێنێ. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو وڵاتانەی هەلومەرجێکی زۆر خراپتریان هەیە ڕێژەی تاوان تیایاندا زیاترە. ئەگەر سزای سێدارەو زیندانی هەتاهەتایش هەیە وەک عێراق وئێران و ئەفغانستان و زۆرێک لەوڵاتە ئیسلامیەکان و عەربیەکان، بە پێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی هەلومەرجێکی ئینسانی تریان تێدایە و سزای سێدارەو زیندانی هەتاهەیان نییە وەک وڵاتانی ئەوروپا وکەنەدا و غەرب ڕێژەی تاوانیش کەمترە بە بەراوورد بە وڵاتانی یەکەم. ئەو حکومەت و دەسەڵاتانەی سزای سێدارەو زیندانی هەتاهەتایان هەیە زیاتر ئەوانەن کە فاشیست و دیکتاتۆری بۆرژوازی ئاشکران ئەمانە لەجیاتی چاک کردنی ژینگەی تاوان، پەنا دەبەن بۆ ئەم جۆرە سزایە کەبەهۆی ئەمەشەوە کەسانی سیاسی موخالیفیش بەر ئەم سزایانە دەکەون، چونکە موخالف بوون بەدەسەڵات و بە تاوانی ئەزانن وەک سەردەنی بەعس و شاە ئێستای جمهوری ئیسلامی و تورکیا .هتد… کۆمەڵگەی کوردستانیش هەروەک ئەو کۆمەڵگە چینایەتیانە پڕ بووە لە تاوان و تاوانکاری و کوشتن بەهۆی ژینگە و هەلومەرجی ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتیەوە کە هەر ڕۆژە خراپتر دەبێ. یەکێ لەو تاوانانەی ڕوو دەدات تیرۆری ئیسلامییە بۆ کەسانێک کە باوەڕیان بە ئیسلام نییە. دەسەڵاتی کوردایەتی ئەم هەلومەرجەی خوڵقاندوە بەهۆی دزی وگەندەڵیەکانی خۆیان خەڵکیان هەژارو برسی کردووە و ناچاریان کردوون گوێ لەو بانگخوازو ومەلا توندڕەوانە بگرن کە فتوای ئەنجام دانی تاوان دەدەن. تا ئەم دەسەڵاتە لە ناو نەبرێ و خەلک خۆی حوکم نەکات و هەلومەرجی ژینگەی بەرهەمهێنانی تاوان لە ناو نەبات تاوان هەردەمێنێ و زیاتریش دەبێ، بەڵام فشاریش بۆ ئەم دەسەڵاتە دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنی و گۆڕينی هەلومەرج بەقازانجی خەڵک بۆ نموونە سزای تاوانباران بدات و مووچە بدات و ئاو و کارەبا بدات دین لەدەولەت جیا بکاتەوە مافە مەدەنیەکان بدات و سیکۆلاریزم ببێتە پێناسی حکومەتی هەرێم بەبێ فشارو ناڕەزایەتی ئەمانە ناکات، چونکە لە بەرژوەندیاندا نییە. بەدیلێک کە ئەتوانێ کۆمەڵگە لە ڕیشەوە بگۆرێ سۆشیالیزم و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسان و ئارام و ئاسایشە کە هیچ کەس تێدا تاوان ئەنجام نادات و زیندان پێویست نابێ و نە سێدارەو نەزیندانی هەتاهەتایش ئاسەواری نابێت و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان لەم ڕێگایەوە دەتوانن بەر بەکوشتن و تاوان بگرن، نەک بە سەپاندنی سێدارە و زیندانی هەتاهەتایی، مارکس زیاتر لە ١٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئەمەی پێ وتووین کە هیچ کەس مافی سەندنەوەی ژیانی کەسی نییە. سزای هاوشێوەی تاوان تاوانە و دژی ئەو مەقولەیە بوو کە چاو بەرانبەر چاوە و خوێن بەرانبەر خوێنە وە تاوانیش لەناو ناچێت تا هەلومەرجی بەرهەمهێنانی تاوان هەبێ و بە گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سۆشیالیزم تاوانکردنیش لە کۆمەڵگەدا ون دەبێ و نامێنێ. کۆمۆنیزمی کرێکاریش بە گەڕانەوەی بۆ مارکس لە بەرنامەکەیدا ئەوە دیاری کردووە و داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەو و زیندانی هەتاهەتایی دەکات وکۆمەڵگە هان دەدات لەدژی ئەو سزایانە بوەستنەوە.

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.