پەسەندکردنی خشتەی موچەو رێگاچارەی پرسی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان… عەبدوڵا مەحمود

0

هۆکاری دواکەوتنی موچە و جێ بەجێنەکردنی ڕێکەوتنامەکان، کابوسیکە بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە. پرسی دیاریکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پابەند بوونی دەسەلاتی هەریم بە ناردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان و دابەشکردنی لەرێگای بانقەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم و ناردنی لیستی وردی موچەخۆرانی هەرێم. دەسەڵاتی هەرێم لەگەل ئەوەدا بەڵین دەدات و واژۆی رێکەوتنامەکان دەکات، بەڵام بەکردەوە خۆی لە جێبەجێکردنی ئەوە بەندانە دەدزێتەوە کە دەکەوێتە سەرشانی دەسەڵاتی هەرێم… تا ئیستاو دوای چەندین ریکەوتننامە بەپێی قسەی بەرپرسانی بەغدا هیشتا دەسەڵاتی هەرێم نەک داهاتی نەوتی و نا نەوتی رادەستی بەغدا ناکات، بەڵکو ئاماری دزی و بەقاچاغ فرۆشتنی نەوتی هەرێم رادەگەیەنن و لەوەش زیاتر داهاتی نانەوتی نەک رادەست ناکەن، بەڵکو ئاماری ساختە و دوور لە راستی سەبارەت بەو داهاتە دەخەنە ڕوو.

ئەم شیوە لە مامەڵەی دەسەڵاتی هەریم، وای کردووە خەلکی کوردستان بەگشتی و موچەخۆران باجەکەی بدەن و گیرفان و سفرەکانیان خاڵی بێت. لەوەش زیاتر خەڵکی کوردستان گەواهی ئەوە دەدەن کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بەرپرسی ئەو دۆخەن و سەرچاوەی بە برسی هێشتنەوە و دواکەوتنی موچەکانیانن.

ریشەی ئەو مامەڵەی دەسەلاتی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی فیدرالی بەغدا، لە دۆخی سیاسی دەسەڵاتی هەرێم و ئەو ئەزمەیەیە کە لەهەموو ئاستەکاندا رووبەرووی بۆتەوە، لە پێشیانەوە دەستکۆتاکردنیانە لە بریاری سیاسی و بچوکردنەوەیان و نەمانی هەژموونیانە بەسەر جغرافیای سیاسی هەرێمدا.

پابەند نەبوونی هەرێم بە بریارەکانی دادگای فیدرالی بەتایبەتیش لە پرسی دارایی و موچەدا، دواین هەوڵ و بەرگریی سلبیی دەسەڵاتی بۆرژوای کوردە لەبەرامبەر بە هەژموونی رۆژ لەرۆژ زیاتری بەغدا بەسەر هەرێمدا. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، کە دوای سی دەهه لە دەسەڵاتداێتی رەها لەهەرێمدا نەیتوانی لە هیچ ئاستێکدا ئەزموونێکی جوان نیشانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بدات، بوو بەقوربانی چاوچنۆکی و بێ سەرەوبەرەیی و دزی و تاڵانی. هاوکاتیش لە چاو و دیدی خەڵکی کوردستاندا بووەتە غولێکی بێزراو نەفرەتلێکراو تا ئەو رادەیەی کە چاوی ئومیدیان ببڕنە بەغدا و بۆ چارەسەری کیشەی ژیان و گوزەرانیان پەنا و هاوار بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ و تاوانکاری بەغدا و دادگای فیدرالی ببەن.

خودی ئەم دابرانە لە نێوان جەماوەری کوردستان و دەسەلاتی بۆرژوازی کوردا، تا رادەی رووبەرووبونەوەی ئاشکراو ململانیی هەموو رۆژە لە بەرامبەر بەیەکتریدا، شکستێکە کە زەمینەی شکستی لەبەرامبەر بە بەغدا و باڵەکانی بۆرژوازییدا، ساناتر کرد. هیچ بەشێک لە خەلکی کوردستان نەک ئامادەنین بەرگری لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بکەن، بەڵکو بۆ رزگارییان لە دەسەلاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی ئامادەی دەست دریژ کردنن بۆ هەر هێز و لایەنێک کە زوتر دەسەلاتی هەریمیان لە کۆڵ بکاتەوە.

بۆرژوازی کورد، کە بەداهاتی ناوخۆی نەوتی و نانەوتی دەیتوانی و ئیستاش دەتوانیت، موچەی موچەخۆران بدات و خزمەتگوازرییەکان دابین بکات، خۆی لەو ئەرکە سادەیە دزییەوە، لەپەیوەند بە ریکەوتنەکانی لەگەل بەغداشدا، بەهەمان شێوە دەیەوێت پابەندیەکانی خۆی جیبەجێ نەکات. ئەو سیاسەتە کە بۆرژوازی کورد بەدەستیەوە گرتووە ئەو سەرەکەی دیارە کە شکستە… هەر دەسەلاتیک کەوتە بەرامبەر بە خەلکەکەی خۆی، نەک هیچ شانسی بۆ هیچ سەرکەوتنێک نییە، بەڵکو مانۆرەکانیشی بەجیگایەک ناگەن. 

ئەوەش رۆشنە ئەم ململانێی و هێنان و بردنە لە نیوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقیدا بەتایبەت لەنیوان بۆرژوازی کورد و عەرەبدا، لەسەر پرسی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و … لەیەک وشەدا لەسەر داهات و دەسەڵات، درێژەی دەبێت. بۆرژوزی لە عێراقدا هیشتا لە بەغداوە توانای ئەوەی نییە، بەتەواوەتی ناسیونالیزمی کورد لغاو بکات. دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیش کە تاکو ئیستا قەڵەمرەوی هەرێمی بەدەستەوەیە بە سانایی دوای نەفەسی سیاسی و بریاری ئیدارەدانی کوردستان ناخاتە بەردەم دەسەڵاتی فیدرالی… لەو نێوەدا خەڵکی کوردستان دەبنە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە دەدەن کە لەکۆتاییەکانی خۆی نزیک بۆتەوە.

لەم دۆخەدا و لە نیوان بێنەو بەردەی هات و نەهاتی موچە، ناردنی موچە، ئەژماری من و تەوتین… تاد. رێگای کارساز و کردەنی هەیە کە موچەخۆران بەدەستیەوە بگرن… یەکێک لەو رێگایانە دەستبەسەراگرتنی داهاتی ئەو دائیرەو دامەزراوانەیە کە داهاتیان هەیە… وەکو هاتوچۆ، تاپۆ، کارگەگان، ئاو و کارەبا، خەستەخانە…. وە کۆنترۆڵکردنی خاڵ و بازگە سنوری و گومرگیەکان… داهاتی ئەوانە دەتوانێت پرسی موچە بەزیادەوە چارەسەر بکات… رێگای دووەم ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان مادام متمانەیان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد نەماوەو بۆرژوازی کوردیش بایی سەرە دەرزییەک بە خەمی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە نییە، کاتی ئەوە هاتووە فەرمانبەران و موچەخۆران، چیتر چاوەروانی مانۆری هاتن و چوونی وەفدی حزبەکان نەبن، بەتایبەتی کە دەمێکە ئەوە رۆشن بۆتەوە سەرانی حزبەکان، دوورو نزیک نوێنەرایەتی هیچ خواست و داوایەکی خەڵکی کوردستان لە بەغدا ناکەن و لە هەریمیش کارنامەیان دیارە، لەجێگای ئەوە پیویستە کە نوێنەرانی فەرمانبەران و موچەخۆران لەگەڵ کەسایەتییە دڵسۆزەکانی تر لە ناو کۆمەڵگەدا، شاند دروست بکەن و وەکو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان بچنە بەغدا چ بۆ پرسی موچەو چ بۆ پرسەکانی تر… وە بەغدا ناچار بکەن ئەوان وەکو نوینەری خەڵکی کوردستان قبوڵ بکەن. ئەوە کارێکی کردەنی و ئەزمونیکە کە دەتوانێت کۆتایی بە پرسی هات و نەهاتی موچە و هەم بە نوێنەرایەتی ساختەی حزبەکانی بۆرژوازی کورد بهێنێت. هەنگاوێکی لەو بابەتە نەک پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، بەڵکو دەتوانێت رێرەوێکی تر بخاتە بەردەم ئاییندەی سیاسی کوردستان و دوبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندی هەرێمی کوردستانیش بە بەغداوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.