لەپێشوازی ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا…

0

٢٠ ئەم مانگە رۆژی جیهانی پەنابەرانە، کە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم رۆژەی بۆ بەرگری لەمافەکانی پەنابەران دیاری کردووە.

ئەمساڵ لە کاتێکدا رووبەرووین لەگەڵ لەرۆژی بەرگری لەمافی پەنابەراندا، کە سێڵاوی پەنابەران و ژیانی پەنابەری هێشتا یەکێک لە دیاردە بەرجەستەکانی دنیای ئەمڕۆیە… ئەمە نەک تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەڵکو بەشێکی ئەوروپاشی گرتۆتەوە و تادێتیش سایەی نەنگینتری هەرەشە لە… ملیۆنەها ئینسان دەکات. راکردن لە دەستی جەنگ و نائەمنی، بێمافی و برسێتی و وشکەساڵی، لافاو روداوە سروشتییەکان، بی ئاییندەیی و هەرەشەی مەرگی سیستەمە دیکتاتۆرەکان لە ئینسان، سەربەزرکردنەوەی راسیزم و جیاکاری، شۆڤینیزم و نەتەوەپەرستی، دین و کۆنەپەرستی ئیسلامی….تاد بە ملیۆنەها ئینسانی ناچار بەوە کردووە، شوێنی هەرە ئازیزو لێوان لێو لە یادەوەری خۆیان بەجێ بهێڵن و لە جێگایەکی تر ژیان بدۆزنەوە، کە زیندومانەوەو ژیانکردنیان زامن بکات.

هەموو ئەو ئینسانانە کە ناچار کراون شوینی خۆیان جێ بهێڵن و جیگاو جغرافیایەکی تر بکەنە پەنا و نوایەکی ئارام، ناویان نراوە پەنابەر، بەو هۆیەوە ناچار بە پەنابردن بۆ جێگای تر کراون. ئەمانە ئینسان گەلێکی ملیۆنین، لەگەڵ هەر جەنگێک و هەر دەسەڵاتێکی ستەم گەردا، لەگەڵ هەر تسۆنامی و روداوێکی سروشتیدا… زیاد دەکەن ئاماری پەنابەرانیش بەخێرایی هەڵدەکشێ. رێکخراوە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەران لە بنەڕەتەوە بۆ بەرگری لەمافی پەنابەران و بۆ هاوکاری و بە تەنگەوە چوون و گرتنەبەری ڕیگاو ریکاری ئینسانییە بۆ هاوکاری ئەو ئینسانانەو دانی مافی پەنابەرێتی بۆیان، کەچی بەداخەوە بەهەر ئەندازە ئاماری پەنابەران هەڵدەکشێت و قوربانیانی زۆتر دەبن، لە بەرامبەردا و بەکردەوە رۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەی پەنابەرانی سەر بەو رێکخراوەیە، بێدەربەستر و نا مرۆیی تر مامەڵەی ئەو ملیۆنەها ئینسان پەنابەرە دەکەن، کە بەشێکی هەرەزۆریان قوربانی دەستی هەمان رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانن، کە لەڕیگای دەستێوەردان و سەپاندنی ئابلۆقەو بریاری سیاسی دڵرەقانەو سود پەرستی، بەشیکی زۆری وڵاتانی دەرگیر لە پشیوی سیاسی و جەنگیان گۆریوە بە سەرزەمینێک کە ژیان و مانەوە تیایدا سەخت و ئارامی تیایدا ون، ئیرادەی ئینسان تیایدا وردکراوە.

رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە جێگای ئەوەی ڕیکاری دەربازکردنی ئینسانی دەرگیر لە جەنگ و برسێتی و نائەمنی و نائارامی بێ گوێدانە جغرافیا و حەوزە جیاوازەکان و رەنگی پێست، مامەڵە بکات و ئەرکی دەربازکردن و جیگیرکردنیان لە وڵاتانی تر و زەمانەتی ژیان کردن و تیکەڵاوکردنیان زامن بکات، خۆی بۆتە حەربەیەک بۆ جیاکاری و دابەشکاری و ناوەندێک بۆ زۆربوونی قوربانیەکانی. جیا لەوانەش لەناوەندی وڵاتە بەناو دیموکراسی و سەردەمیەکاندا، نەک مامەڵەی کەسانی بێچارە و دانی مافی پەنابەرێتی تا بڵیی سەخت و قورس کراوە، بەڵکو بەپاساوی جۆراوجۆر سەدان هەزار ئینسان کە دەیان ساڵە مافی پەنابەرێتیان وەرگرتووەو لەگەڵ ئەو وڵاتانە تیکەڵاو بوون، هەرەشەی دوبارە گێرانەوەو دەرکردنیان لەسەرە. تەنانەت لە بەندو بەستی سیاسیدا، پەنابەران مامەڵەیان پێوە دەکرێت و کەسایەتی سیاسی رادەستی رژیمە دڕندەکانی دژ بە ئازادی و ئازادیخوازی دەکرێنەوە.

ئەو وڵاتانەی هەمیشە بانگەشەکانی مافی مرۆڤ… بەرز دەکەنەوە بە دنەدانی راسیزم و جیاکاری و دۆخێکیان خوڵقاندووە، کە بەکردەوە بەهای مافی مرۆڤیان، پێچاوەتە بەرژەوەندییەو سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسیەکانیان و هەموو رۆژێک قوربانیانی ئەم هەلومەرجە دەبینرێت.

رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە ئێستادا نەک پابەندی سەرەتاییترین بەڵینەکانی نابێت کە بۆی پێکهاتووە، بەڵکو چاو لە راستییە رۆشن و بینراوەکانی دۆخی پەنابەران دادەخات و مافە سەرەتاییەکانی پەنابەران، وەکو وەسیلەیەکی سیاسی و بۆ مامەڵەی تایبەت بەدەستەوە دەگرێت.

جێگای خۆیەتی رێکخراوە پەنابەرە ئینسانی و پێشکەوتنخوازەکانی، دەرەوەی ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، هێندەی بۆیان دەکرێت هاوئاهەنگانە، مامەڵەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئیدانە بکەن و بەڵگەنامەی رەفتارەکانیان بخەنەڕوو، وە گوشار بهینن یان ئەوەی پابەندی بەڵینەکانی بێت، یان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بەدیلی ئەو لە ئاستی دنیادا دروستبکرێت، کە بەرگری لەمافی پەنابەران بە پێودانگێکی  ئینسانی بەرابەر بەدەستەوە بگرێت و بەکردەوە ببێتە پشت و پەنای پەنابەران و قوربانیانی کەم بکاتەوە.

 

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.