چەند کورتە شیعری: خالید بایەزیدی (دلیر)
1
جیهان
وەک ئەو ئۆتۆبیلە وایە
کە شۆفێرێکی ناشارەزا
دەی ئاژوێت
نازانێت
سەرنشینەکانی
بۆ کوێ بەرێت
۲–
ئاژەلەکانیش
مێینەکان ناکوژن
نازانم:
کۆمەڵگەی پیاو سالار
بۆ ئەوەندە دڕندەیە
کە ژنەکان دەکوژن
۳–
ژن کوژان!
دەتوانن
ماریاکان بکوژن
بەڵام بێگومان
هەرگیز ناتوانن
خۆشەویستی لەناو بەرن
۴–
ژن کوژان
ڕوخساری قەلەڕەشەیان
سپی کردووە
وە ڕوخساری خۆیانیش ڕەش
۵–
شەو لە نیگاکانی ژن دا
ئەخەویت و
کازیوەی بەری بەیانیش
سەر هەڵ ئەدا
٦–
کومەڵگەی پیاو سالار
پێی شەرمە
ناوی ژن بهێنی
هەر بۆیە پێی
ئەڵێ:
زەعیفە!؟