هۆنراوەی بەندی عەلی…
دەست و پەنجە لەگەڵ هەموو
دوژمنێکدا، تێکەڵ دەکەن ..
لەگەڵ گورگ و
سـن و کولـلەو
مـڵـەو گـەنـەو ژەنگی گەنـم،
(چنگی برسێتی لە ملی قیژە گیرە)
دەست و پەنجە لەگەڵ هەموو
دوژمنێکدا، تێکەڵ دەکەن ..
لەگەڵ کۆت و
گوریس و کەلەبچەو پێ بەند،
(گوژمی هەنگاو لەجێی خۆیدا
گۆج و ئیفلیج و یەخسیرە)
دەست و پەنجە لەگەڵ هەموو
دوژمنێکدا، تێکەڵ دەکەن ..
لەگەڵ کێردو
تەورو چەقۆو کۆتەو قولاپ،
(گەل لە خەیاڵی مێگەلا، گۆشەگیرە)
دەست و پەنجە لەگەڵ هەموو
دوژمنێکدا، تێکەڵ دەکەن ..
*******