شارو گەلەرییەکەی جەلال عازەبانی… نووسینی: ڕیبوار حەمە شەریف

0

هەڵەبجە:

شارێک، جيهان گەلەکۆمەکەی لێکرد، تا کرديانە ئامانج، پاشان وێرانەيەک! بەڵام…

ئەوەی چاوێک بەمێژووی ئەم شارەدا بخشێنێت ئەوسا تێدەگات فەرهەنگ و ئەدەب و جۆرەکانی کلتور و پێکەوەبەستن و ژيان دۆستی نێوان مرۆڤەکان” چۆن چۆنی پێکەوە ئەتوانن بژين، ئەوەی بیەوێ لە هەقيقەتی سەرهەڵدانی بزافی نەتەوەیی و خەباتە يەک لە دوايەکەکانی  شارو شارچێتی و نەتەوەیی تێبگات با هيچ نەبێت گەشتێک يان چەند پەڕەی مێژوویەک، لە هەڵەبجەی شاری شاعيران و ڕەوتی ئەم  شارەهەڵداتەوە، بەڵام جێگەی هەميشە داخیگرانە، کە دەسەڵاتداران و ئەوانە کە هەرگيز نەيان ويستووە هەڵەبجە ئەو سيماو سمبولە بێت کە مێژووی گەلێک شانازی پێوەبکات، تەنها هەر کات ويستیان بووبێت بۆ بەرژەوەندی و شەڕی ئايدياو فکری چەوت و لاڕێدا ئەم شارو خەڵکەی کراوەتە قوربانی و خاکيان بە تورەکە بێژاوەتەوە.

نامەوێ .. ميژووتان بۆ بگێڕمەوە تەنها هەقيقەتێک کە هەيە لە ئێستادا ئەويش دوای وێرانەکردنی شار و دەربەدەرکردنی خەڵکی بێچارە بۆ هەزاران ئوردوگای زورەملێ و پەرشو بڵاوبوونەوەی خەڵکەکەی بە هەزاران شاردا ، کەچی .. شارو خەڵک و کەسانێکی خاوەن لە بنەڕەدا شار خۆشەويست و ئەدەب دۆست و خاک دۆست و مرۆڤ دۆست، لە وێرانەوە شاريان بنيادنايەوە، بە هەستی نەتەوەی ئەحمەد موختارو ناتق و نالی و شاهۆ و گۆران و مەولەوێ و تا دێ…

تا بۆئەوەی.. مێژوو بە زيندوی بمێنێتەوە، نەتەوەيەک فەرهەنگەکەی زيندە بەچاڵ نەکرێت، هەر کات دەسەڵاتدارو زلهێزەکان ئامانجی ئەوەيان هەبووبێت نەتەوەيەک بمرێنن ئەوا لە فەرهەنگ و زمانەوە سەرەتا دەستيان بە کاولکردنکردووە، بەڵام گەر تەنها کەسێک بە پێوە مەردانە مابوبێت ئەوا سەر لەنوێ ژيانی بە بەرداکردۆتەوە، هەر بۆيە لەوێ …. لە هەڵەبجەدا، خەمخۆرێک خاوەن ئيردایەکی پۆڵاين و کوڕی شارێک و لە خێزانێک تەژی لە پەروەردەی ئەدەب و شيعر، بە تەنياو بەدوو دەست و بە شانوباڵی کرێکاری و ئەو موچەی کە شەش مانگ جارێ  هی مامۆستاییەکەی کە وەریدەگرێت، ئەو توانی بەتەنها، شار ئاوەدان بکات نەخشەی شار سەر لە نوێ داڕژێتەوە، نە بە پارەو و خانوو و قات لەسەرقات دانان و کۆشکی فيرعەونی و گوڵی فەرەنسی هاوردە بۆ ناو باخی مەست کارەکان، نا نا …ئەو مێژووی بە وێنەکان و چيرۆکەکان هێنايەوە باوەشی شار و وتی.

فەرموون… بيست و ئەوەندە ساڵە لە کۆششدام، بيشت و ئەوەندە ساڵە نەخەوتووم، بيست و ئەوەندە ساڵە تافی لاويمم خستە ئەولاوە تەنها، بۆ ئەوەی شارێک کە کرايە ئامانج و خنکێرا .. شارو و مێژووی ئەنفال و زيندە بە چاڵکران ، ئەوەتانی…

شاعیریک ناوی (جەلال عازەبانی) بوو… ئەو شەهيد بوو، من وەک (ئارام)، خوشکەزای ئەو کە بەزيندوویی مامەوە، ئەوەتانێ لە ئێستادا چەند ساڵانێکە پۆل پۆل کەسانێک دێن بۆسەردانی ئەم شارە هەواڵ لە مۆنۆمێنی شار جارێ ناپرسن تا لەڕێی گەلەريەکەی شارەوە بە مێژووی شاردا نەچنەوە و وێنە وێنە نيگاو چرکانی چەند وێنە بۆ ناو يادو مێژوو لەگەڵ خۆيان نەبەنەوە .

 

لێرەدا:

بێ ئەوەی من يەک وشەی لاوە جوان خاس و کوڕە شاری و نووسەری بەتواناو خاوەن چەند کتێب و دەها وەرگێڕی کتێب و هەروەها وەک ڕۆژنامەنووسێکی بە توانا با خۆی بە زمانیکی سادەو ساکار بۆ هەموومان بدوێت .

نووسين :

ئارام شەمێرانی خاوەن گەلەری جەلال عازەبانی لە (هەڵەبجە) دا. منيش وەک کەسێک لە نزيکەوە ئاگاداری هەوڵ و ماندو بوونەکانم .

 

ڕێبوار حەمەشەريف/

 

هەڵەبجە/کۆپنهاگن

لەناو ئەم گەلەریەدا نزیکەی پێنج سەد وێنە نمایش کراون تا ئێستا، کۆمەڵێک تابلۆو پەیکەرو کتێبخانەیەکیشی تێدابوو کە لایبردوون، چونکە شوێنەکە بچووکە، گرنگی ئەم ناوەندە ڕۆشنبیریە لەوەدایە کاتێک میوانان لە هەر وڵاتێکەوە دێنە هەڵەبجە سەردانی دەکەن و ئاشنا دەبن بەڕابردووی شارەکەو قۆناغەکانی شارستانیەت تیایدا، لەوانە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، کونسوڵی گشتی وڵاتی چین بەوەکالەت لە عێراق، کونسوڵی ئەڵمانیا، دەرهێنەری سینەمایی، گەشتیاری بیانی، هەمووان سەردانی دەکەن، خاوەنەکەی هەموو چالاکیەکان بەوێنەو ڤیدیۆو نوسین ئەرشیف دەکات…

خاوەنی ئەم گەلەرییە دەڵێت؛ هەڵەبجە دایکە، مرۆڤیش هەرچی بکات بۆ دایکی هێشتا کورتی هێناوە، بۆیە منیش وەکو بەرپرسیارێتیەکی ڕەوشتی لە هەوڵی ئەوەدام بەفرۆشتنی خانووەکەم و ئەگەر گورچیلەیەکیشم فرۆشتووە مۆزەخانەیەک بکەمەوە شیاوی گەورەیی مێژووی هەڵەبجە بێت، وە ئەرکی هەموو کەسێکە خۆی بە هەڵەبجەیی بزانێت و لە توانایدا هەبێت هاوکاریم بکات تا ئەو پرۆژە لەمە زیاتر دوانەکەوێت، ئەمە بۆ خزمەتی هەڵەبجەیەو بۆ هیچ کەسێک نییەو هەموومان جێیدەهێڵین و بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە، شار بە بیناو ئۆتۆمبێل نابێتە خاوەن مێژوو، بەڵکو بە سیماکانی شارستانیەت و پێشکەوتن و برەودان بەلایەنە هونەری و ئەدەبی و وەرزشی و ڕۆشنبیریەکان دەگاتە ئەو ئاستە، هەڵەبجە لە ڕابردوودا لانکەی پێشکەوتن و سەرزەمینی شارستانیەت و بەرهەمهێنانی مرۆڤی مەزن بووە، بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە نەفەوتێن پێویستە بپارێزرێن و نمایش بکرێن، ئەمە پردی گەیشتنە بە شارستانیەتی گەلانی تر تا بزانن ئێمەش بەشێکین لە شارستانیەتی ئەم جیهانەو لەبیرکراوین…

Leave A Reply

Your email address will not be published.