بەردەوامی هێرشەکان و دۆڕانی ئیسرائیل!!… عەبدوڵا مەحمود

0

جەنگ و داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل لەم خولەییدا، کە بەدوای کردەوەی حەماسی ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل دەستی پێکرد، حەوت مانگی تێپەڕاند.. لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا دەوڵەتی ئیسرائیل لە ژێر ناوی لە بەینبردنی حەماسی ئیسلامیدا، بەکردەوە کۆمەڵکوژییەکی بێ وێنەی لە میژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا تۆمار کرد. کۆمەڵکوژییەک کە لە بنەرەتدا بە رەچەتەو  پسولەی ڕێپیدان و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب، دەستی بۆ برا. ئەو پسوڵەی ڕێپێدانە بە دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ هیرش و کۆمەڵکوژی، مۆری دیموکراسی رۆژئاوا بوو بۆ دەستئاوەڵاکردنی حکومەتی راسرەوی نەتانیاهۆ تا دەست پارێزی نەکات و تەڕو وشک بەیەکەوە ئاگر بدات. لەو چوارچێوە مۆڵەتپێدراوەدا، سوپای ئیسرائیل تا ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار هاولاتی کوشتووەو بە دەیان هەزاریشی بریندار و کەم ئەندام و شوێنەواری شارو شارنشینیشی لە غەززەدا، سڕیوەتەوە. نیوەی ئەو کوژراو بریندار و کەم ئەندامانە، ژن و مناڵن. لەناو ئەو کۆمەلکوژییەدا بەدەیان کارمەندی یوئین، رۆژنامەنووس… هەن. خەستەخانەو قوتابخانە، کەمپی ئاوارەیی، ریزی برسییەکان لەسەرەی خۆراکدا، کاروانی هاوکاری ئینسانی… کراونەتە نیشانە و بەوپەڕی دڵرەقیەوە لە خوێن هەڵکێشراون.

دوای حەوت مانگ لەم بەربەریەتەی دیموکراسی و دەوڵەتی ئیسرائیل… ئیسرائیل نەک هیچ دەستکەوتێکی وەدی نەهێناوە و لە پێشیانەوە حەماس ماوەوە بەرگری دەکات، بەڵكو نەک تەنها دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکو ئەمریکاو غەرب و دیموکراسی!! وەکو دزێوترین دیمەنی بەربەریەت، لەچاوی رای گشتی دنیاوە، دەخوێنرێنەوە. دنیای ئازادیخواز و دژە جەنگ، نەک فریوی درۆو فریوکارییەکانی میدیای هەزار سەری بۆرژوازی و سەرانی وردو درشتی بۆرژوازی نەخوارد، بەڵکو بووە هۆکاری راسانی ملیۆنی لە ئاستی دنیادا، بەدژی داگیرکاری و هاوکارانی ئەو داگیرکاری و کۆمەڵکوژییە.

لەوەش زیاتر پرسی سیاسی کەنارکەوتووی فەلەستین، پرسی سەدان بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، فەرامۆشکراو… جارێکی تر هاتنەوە سەر میزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئینسانیەتی ئەم سەردەمە. هاوکات جارێکی تر گاڵتەجاری دیموکراسی بۆرژوازی لە پەیوەند بە مافی مرۆڤەوە لە هەموو ئاستێکدا خۆی نیشاندا. هەیبەتی!! فوتێکراوی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا شکا. نەتانیاهۆی سەرۆکی پارتی لیکۆد کە دەیویست لە رێگای ئەم جەنگەوە پێگەی بەر نەفرەتگرتووی لە ئیسرائیلدا، بە‌هێز بکاتەوە، بەتەواوەتی شکستی خوارد و وەکو تاوانباری جەنگ خرایە لیستی تۆمەتبارانی تاوانی جەنگ ئەنجامدەرەوە، چەندین وڵاتی تر دانییان نا بە دەوڵەتی فەلەستینیدا. حەماسی کۆنەپەرستی ئیسلامی و مۆتەکەی سەر دڵی خەڵکی غەززە و  بازرگانی کار بە کێشەی سیاسی فەلەستینەوە، بووە قارەمانی!!  رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و  بەرگریکار لە کێشەی فەلەستین!!.

بزوتنەوەی دژە شەر لەئاستی دنیادا، رۆژ بەرۆژ پەرە دەسەنێت. دەیان و سەدان رێکخراوە و سەندیکاو یەکێتی کرێکاریی خاوەن سەدان هەزار ئەندامی، بەرێگای جۆراوجۆر هاتنە مەیدان و مانگرتنیان راگەیاند، رێگای بارکردنی چەكیان گرت… هاواری راگرتنی جەنگیان بەرزکردەوە… لە ئاستی شەقامدا بە ملیۆنەها ئینسان دەنگی نارەزایەتی بەدژی جەنگ و هاوکاری ئەمریکاو غەربدا دەردەبڕن… سەدان زانکۆ لە ئەمریکاو ئەوروپادا لەلایەن خوێندکارانەوە دەستیان بەسەردا گیرا و چادریان لەمەیدان زانکۆکاندا هەڵدا و بوونە شوێنی کۆبونەوەی نارەزایەتی. نەک تەنها خەلکی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و دنیای عەرەب، بەلکو هاولاتیانی ئیسرائیلی لە ناو ئەمریکاو ئیسرائیلدا، لە دژی ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب، بە دروشمی “ژیان پیرۆزە، ئاشتی پیرۆزە، جەنگ راگرن”… لە مەیداندان.

ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە جیهانییە، هاوکیشەکەی ئاوەژوو کردۆتەوە. بەشێکی زۆر لەو دەوڵەت و وڵاتانەی لە ژێر ناوی لەبەین بردنی تیرۆریزم و وەستانەوە بەرووی حەماسدا، کەوتنە پشتیوانی داگیرکاری ئیسرائیل، ئێستا کە دەبینن تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسرائیل، سنور نەناس و بێ ئەوپەڕە و جینۆسایدیكی ئاشکرا ئەنجام دەدات، راستەخۆ و یان شەرمنۆکانە، دوا لە ئیسرائیلی هاوپەیمانیان!! دەکەن، دەست پارێزی بکات.. هەندێکیان هەرەشە و ئیدانەی دەکەن. ئەمە شکستێکی ئاشکرایە، لە بەرامبەر بە بزوتنەوەی نارەزایەتی ملیۆنی جەماوەری لە ئاستی دنیادا.

شکستی دەوڵەتی ئیسرائیل دوای حەوت مانگ لە جەنگ و جینۆساید و شکستی ئابڕوبەرانەی ئەمریکاو غەرب لە پشتیوانی ئەم کۆمەڵکۆژییە لەلایەن بەرەی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی جیهانییەوە، سەرەتایەکی ئومید بەخش و نیشانەیەک لە بێداربوونەوەی ئینسانی ئەم سەردەمەیە، لە بەرامبەر بە نیزامی سەرمایەداری و دیموکراسییە، ئابڕوبەرەکەیان.

سوربوونی ئێستای دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر درێژە کیشانی جەنگ و هیرشی درندانەی بۆسەر رەفەح و ئۆردوگای ئاوارەکان و لەخوێن هەڵکێشانیان، ئەگەر لەدریژەی جەنگی راگەیەندراوی پێشووشدا بێت، بەڵام ئامانجەکی جیاوازە. ئەگەر پێشووتر جەنگ بۆ سەرکەوتن و لەبەین بردنی حەماس بوو، لە ئیستادا، جەنگ لەدریژەی ناکامی و شکستدا دەچیتە پێشەوە.

ئیسرائیل شکستی خوارد لەوەی جەنگ لە ئاستی ناوچەکەدا فراوان بکاتەوە لایەنی تر ناچار بکات، پەلکێشی ناو جەنگەکە ببن، ئەوە یەکێکی تر لە شکستەکانی بوو… ئەوە بەجیا لەوەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئیستادا ئەو توانایەشی لەدەستداوە بتوانێت، بە بەرینکردنەوەی بەرەکانی جەنگ، شانسێک بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی بەدەست بهێنێت.

بەهەموو مانایەک دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتی راسترەوی نەتانیاهۆ، رووبەرووی شکستێکی زۆر گەورەیە، شکستێک بەجیا لەوەی لە مەیدانی سەربازییدا بەجێگایەک نەگەیشتووەو ناچارە لەجیگایدا تۆڵە لە خەڵکی بێ چەک و مەدەنی بکاتەوە و شایی لەسەر لاشەی ژن و مناڵ بگێرێت، هاوکات لە مەیدانی سیاسی و نیودەوڵەتیدا شکستەکەی گەورەترە. پرسی فەلەستین هێندە بۆتەوە پرسی رۆژ، کە نەک ئینکارکردن، بەڵکو دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینیەکان و بۆتە مەسەلەی رۆژ. ئیسرائیل لە ئاستی دنیادا بەرەو تەریک کەوتنەوە دەچێت. سەرانی لەبەردەم داواکاری دادگادان. دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئاستی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، پێگەی جارانی نییە و بۆتە مایەی پاشەکشەو جیگاو رێگای ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیشی. لەهەموو ئەوانەش گرنگتر بزوتنەوەی دژە جەنگ و دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانانی… بەجیگایەک گەیشتتووە، کە بەکردەوە بۆتە بەرەیەک و هیزێکی کاریگەری وەها، کە ئینکارکردنی جگە لە شکست هیچی تری بەدوادا نایەت.

وە هێشتا ئەوەی مایەی تروسکایی و جێگای ئومێدێکی زۆرە تەنها بزوتنەوەی ئینساندۆستی و ئازادیخوازی دژە جەنگ و داگیرکارییە، ئەم بزوتنەوەیە تادێت خاراوتر دەبێت، ئەزموونی زیاتر دەبێت، داهێنانی زۆرتر دەکات، لە ئاستی فراوانی کۆمەڵایەتیدا، پشتیوانی بەدەست دەهێنێت… ئەمانە نەک بۆ رووبەرووبوونەوەی جەنگی ئێستا و داگیرکاری ئیسرائیل، بەڵکو مایەی مایە لەسەر دانانە بۆ نەبەرەکانی داهاتوو لەدژی نیزامی هاری سەرمایەداری و ئومێد گیرانەوە بۆ ئینسانی ئەم سەردەمە و بڕوا بە توانایەکانی خۆی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.