گۆڕان و کۆمەڵ بۆ لە حکومەت کشانەوە!!

0

گۆڕان و کۆمەڵ بۆ لە حکومەت کشانەوە!!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەناوجەرگەی تورەیی و نەفرەتی جەماوەری و خۆپیشاندانەکاندا بە دژی دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، حزبی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی پشت بەستو بە سەوابیتی ئیسلامی و بەراستی لێکهاتوو گونجاو لەگەڵ یەکتری، کشانەوەی خۆیان لە حکومەت راگەیاند.

ئەم دوو حزبە کە کاراکتەرە سەرەکیەکانیان، بەشێکن لە میژووی رەشی دەسەڵاتی خوێن مژ و خوێن رێژ و تاڵانچی و میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئێستا دەیانەوێت دوای ئەوەی خەڵکی کوردستان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەو دەسەڵات و ئەو ئەزموون و ئەم مافیایانە برۆن و دەسەڵات جێ بهێڵن… ئەوان بریاری کشانەوە لە حکومەت دەدەن. لە حکومەتێک کە لە بنەرەتدا هیچ کات و بۆ یەک سەعاتیش بوونی نەبووە دەزگای قورمیشکراوی حزبۆکراتی میلیشیا بووە.

ئەو دوو هێزە کۆنەپەرستە، کە بەشێکن لە خانەوادەی بۆرژوازی کورد، دەیانەوێت بەو هەنگاوەیان، و بە کشانەوەیان لەحکومەت، شانی خۆیان لە کارنامەی چارەکە سەدەی رابردوویان خاڵی بکەنەوەو خۆیان لە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری وەدەنگ هاتوو، بپارێزن.

ئەو دوو رەوتە قەومی و ئیسلامییە بێ ئاسۆ و کۆنەپەرستە، دەیانەوێت بە کشانەوەیان لە حکومەت ریگای خۆ خزاندنە ناو خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە، بۆخۆیان بکەنەوەو سواری شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری ببن بۆ ئامانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان و بیکەنە کەرەستەی” هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و دروستکردنی حکومەتی ئینقازی نیشتیمان”یان. ئەو حکومەتەی کە دەیانەوێت دای مەزرێنن دەکەنە چەکێک بۆ خاڵیکردنەوەی شەقام لە تورەیی و ناردنەوەی خۆپێشاندەران بۆ ماڵەوەو رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەدەست راپەرین و شۆرشی داهاتووی بێبەشان.

دیارە بانگەشەی دروستکردنی حکومەتی ئینقازی نیشتیمانیان، لە کاتێکدا چەند مانگێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنی تر، باش دەزانن ئەگەر ئیستاش بریاری دروستکردنی حکومەتی ئینقازی نیشتیمانی بدرێت، بەو چەند مانگەو لە کەشی دابڕ دابڕ بوون و لێک دورکەوتنەوەی حزبەکان لە یەکتریدا تا هەڵبژاردنی داهاتوو ناتوانن هیچ حکومەتێک دروست بکەن. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کە پارتی و یەکێتی لە حکومەتدا جێ پێلێژ بکەن، لە وەهمیش وەهمترە… هیچ حزبێک ناتوانێت لەزۆنی سەوزدا دەسەڵات لە یەکیتی نیشتیمانی و لە زۆنی زەردیشدا لە پارتی لەرێگای حکومەتی دیکەو تەنانەت لە رێگای هەڵبژاردنەکانیشەوە، لە پارتی و یەکێتی بسەنێت. خۆ ئەگەر یەکیتی و پارتی لە هەڵبژاردنەکانیشدا نەتوانن هیچ کورسیەک بەدەست بهێنن، دیسان هیچ هێزێک کە زوربەی کورسیەکانی بەدەست هێناوە، توانای دەرهینانی دەسەڵاتی لەو رێگایەوە لە پارتی و یەکێتی نابێت. بە لۆجیکی کورسی و زۆرینەو کەمینەی دەنگی دەنگدەران دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی وەرناگیرێت، ئەوە بۆچوون و حەماقەتی سیاسی هیزی وەکو گۆران و کۆمەڵ و هاوشێوەکانیانە.

بۆیە ئەو بانگەشەیەی کە گوایە کشانەوەیان بۆ دامەزراندنی حکومەتی ئینقازی نیشتیمانییە، درۆیەکەو لە راستیدا بانگەشەیەکی بەر لە هەڵبژاردنەکانە…

ئەوەی زۆرتر ئەو درۆو دوو روویەی ئەم دوو هێزە کۆنەپەرست و هەلپەرستە، دەخاتە روو ئەوەیە… لە کاتێکدا دوو ساڵە بێدەنگن لە بێ موچەیی و ئەو بێ دادیەی بەخەڵکی کوردستان دەکرا، وە لە حکومەتی نەبوودا، پاشەکشەیان کردووە، بەڵام لەو شوێنانەی دەسەڵاتیان بەدەستە لە ئاستی خۆجییدا، ماونەتەوە. هەر ئێستا دەسەڵاتی ئیداری پاریزگای سلێمانی کە بەرپرسی ئەمنی پاریزگاشە، لەدەستی هەڤال ئەبوبەکری گۆراندایە. کە هەفتەیەکە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم تەکنۆکراتە ئیسلامییەی گۆراندا، خۆپێشاندران دەدرێنە بەر دەسترێژی گوللە و چەند کەس گیانیان بەخت کردووە، بەسەدان کەس بریندارن، بە سەدان کەس لە هەلسوراوانی سیاسی و خۆپیشاندر و نەیاری دەسەڵات، رفێنراون و دەست بەسەرکراون و خراونەتە کونجی زیندانەکان. چەند کەناڵی میدیایی داخراون، چەندین رۆژنامەنووس سوکایەتیان پێکراوە، زوربەی شارو شارۆچکەکان، کراونەتە سەربازگەی و میلیتاریزە کراون، بکوژی خۆپیشاندەران ئازادن.

 خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان، نابێ هیچ خۆشخەیاڵیەکیان بەو دوو هێزە هەبێت… ئەوان بۆیە لە حکومەت کشاونەتەوە، دەزانن حکومەتێک بوونی نەبووە و ئامانجیشیان خۆ خزاندانە ناو جەماوەری تورەیە بۆ بەلارێدابردنی و کردنی بەدەستمایەی سات و سەودای سبەی و دەسگیربوونیان لەدەسەڵاتی زۆرتری داهاتووی بزوتنەوەی میلیشیایی بزوتنەوەی کوردایەتی، هاوکات بانگەشەیەکی پێش وەختە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، وە سەرئەنجامیش هەوڵیکە بۆ رزگارکردنی دەسەڵات لەدەست تورەیی جەماوەری، بەڵام جەماوەر دەستیان بە راسان کردووە، دژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و کۆمەڵ و گۆرانیش، ناتوانن خۆیان لە تورەیی جەماوەری دوربخەنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.